متمانەی هاووڵاتیانی بە حکومەتەکان کەمکردووەتەوە

ليست هناك تعليقات

ئەنجامی راپرسییەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە دەریدەخات، متمانەی هاووڵاتیان بە حکومەتەکان کەمبووەتەوە، بەڵام لە فەرەنسا بارودۆخەکە جیاوازە و ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیان پێیانوایە، ئەو ئامارەی حکومەت لەبارەی ڤایرۆسەکە بڵاوی دەکاتەوە راستە و رێکارەکانیش بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا گونجاون.

راپرسیەکە لە لایەن کۆمپانیای راوێژکاریی کێکست سی ئێن سییەوە لە 6 وڵات ئەنجامدراوە و دەریدەخات، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیان متمانەیان بە ئامارەکانی تایبەت بە کۆرۆنای حکومەتەکانیان و رێکارەکانی تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نییە. 

کۆرۆنا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەمریکا بەجێهێشتووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 4 ملیۆن تووشبوو بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراون و زیاتر لە 148 هەزار کەسیشیان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. 

بەگوێرەی راپرسییەکە، 44٪ی هاووڵاتیانی ئەمریکا متمانەیان بە ئامارەکانی حکومەت و هەنگاوەکانی بەرپرسان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نییە و ئەم ئامارەش بەراورد بە یەک مانگ پێش ئێستا 3٪ زیادیکردووە. 

تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا لە بەریتانیاش بەرزە، بەجۆرێک تاوەکو ئێستا نزیکەی 300 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکراون و زیاتر لە 45 هەزار کەسیش لەوان گیانیان لەدەستداوە.

راپۆرتی کۆمپانیاکە دەریدەخات، تەنیا نزیکەی یەک لە سەر سێی بەشداربووانی راپرسیەکە لە بەریتانیا متمانەیان بە هەنگاوەکانی حکومەت لەبواری رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هەیە و ئەوەش بەراورد بە یەک مانگ پێش ئێستا 3٪ زیادیکردووە. 

راپرسیەکە لە فەرەنسا، سوێد، ژاپۆن و ئەڵمانیاش ئەنجامدراوە، بەڵام ئەنجامەکەی لە فەرەنسا جیاوازە. 

لە رووی تووشبوونەوە بە کۆرۆنا، فەرەنسا لە ریزبەندی 19یەمین وڵاتی جیهاندایە بە تۆمارکردنی 180 هەزار تووشبوو، زیاتر لە 30 هەزار تووشبووش گیانیان لەدەستداوە. 

چەند هەفتەیەک پێش ئێستا فەرەنسا رێکارەکانی تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای شلکردەوە، بەڵام تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆر تووشبوون بە کۆرۆنا لە رۆژانی رابردوودا وایکرد حکومەتی وڵات بڕیاربدات بەکارهێنانی ماسک بکاتە ناچاری. 

راپرسیەکە دەریدەخات، هەڵوێستی ئەرێنی خەڵکی فەرەنسا بەرامبەر بە رێکارەکانی حکومەت 6٪ زیادیکردووە و ئێستا تەنیا 41٪ تێڕوانینێکی نەرێنیان بەرامبەر هەنگاوەکانی حکومەت بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هەیە. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif