ئەمریکا بەفەرمی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کشایەوە

ليست هناك تعليقات

ئیدارەی ترەمپ کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەمریکا بەفەرمی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کشاوەتەوە. بڕیاری کشانەوەکەش لە 6ـی تەممووزی 2021 جێبەجێدەکرێت. 

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، بڕیاری کشانەوەکە بەفەرمی رەوانەی نووسینگەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە. سەرچاوەیەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە سی ئێن ئێنی ئەمریکی راگەیاندووە، "نامەی کشانەوەی ئەمریکا لە تەندروستیی جیهانی زۆر کورتە و نزیکەی سێ دێڕە". 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ ویستی خۆی بۆ کشانەوە لە رێکخراوەکە ئاشکراکرد و لەو کاتەیشەوە بەردەوام رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە هاوکاریکردنی چین لە شاردنەوەی چۆنیەتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە تۆمەتباردەکات. 

کشانەوەی ئەمریکا لەو رێکخراوە لەکاتێکدایە لە هەفتەی رابردوو ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە. تاوەکو ئێستا لە پلەی یەکەمی وڵاتانی جیهانە لەڕووی ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا. ئێستا سێ ملیۆن و 69 هەزار و 179 تووشبووی کۆرۆنا لە ئەمریکا تۆمارکراون کە 133 هەزار و 536 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

لە کۆتایی مانگی ئایار، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی ساڵانە 450 ملیۆن دۆلار دەداتە تەندروستیی جیهانی و چین تەنیا 40 ملیۆن دەدات، کەچی دەستی بەسەر رێکخراوەکەدا گرتووە.

ترەمپ هێرشی کردە سەر چین، بە شاردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمەتباری کرد و رایگەیاند: هەموو جیهان چاوەڕێی وەڵامی چینە لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بەرپرسە چینییەکان پابەندبوونەکانیان لە ئاست رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نەبردەسەر کە دەبوایە بە راپۆرت رێکخراوەکەیان سەبارەت بە ڤایرۆسەکە ئاگاداربکردایەتەوە، بەڵکو ئەوان لە سەرەتای دۆزینەوەی ڤایرۆسەکە لە چین، گوشاریان خستەسەر رێکخراوی تەندروستیی جیهانی تاوەکو جیهان بەلاڕێدا ببەن.

سیناتۆر بۆب مێنیندێز، سیناتۆری دیموکراتەکان لەبارەی بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپەوە دەڵێت "ئەمە ژیانی ئەمریکییەکان ناپارێزێت، بەڵکو ئەمریکا بەتەنیا دەهێڵێتەوە".








ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif