وەك خۆیان دەمێننەوە و ناگۆرێن

ليست هناك تعليقات

هەندێ کەس هەن، وەک خۆیان دەمێننەوە، ڕەنگ نایانگۆڕێ، مەینەتی و سەرئێشە و نەبوونی نایانگۆڕێ، لۆچ ئەکەوێتە ناوچاوانیان، دەستەکانیان قڵیش دەبەن، قژیان هەڵدەوەرێ، قرخە و مشەیان زۆر دەبێ، بەڵام هەر ناگۆڕێن.

لەو داپیرە هەوری لەسەر و چەتفە لەشانە دەچن، هەمیشە هەر خوڵکی گەرمە وەک دڵی، لەو دوکاندارە ئەچن، ئەچووین بۆ لای و هەرشتێکمان لادەکڕی نوقڵێکی زیادەی دەداینێ دەیگوت با بە دەمی شیرینەوە بچنەوە ماڵەوە، لە بابا عەلی ئەچن، پێش هەمووان سەڵاتی مزگەوت بەرپا دەکەن و هەمیشەش خەندە لەسەر لێویانە. 

هەندێ کەس هەن دەستیان کراوە و روویان هەمیشە گەش و دڵیان پڕە لە هیوا، کەسانێکن تۆ هەرچەندە بێتاقەت بی، هەرچەندە دڵتەنگ بی، هەرچەندە دنیا رووخابێ بەسەرتا، دیدارێکی کورت، دوو قسەی خۆش و پێکەنینێکی جوانیان، ئارامیت پێدەبەخشێ.

ساڵانی زوو کە ماڵمان لە گوند بوو، خۆم و دایکم بە تەنیا، هەمیشە ئەمخواست خوایە خاڵم زووتر سەرێ بدا، ئاخر کە دەهات دایکم تاسەی ئەشکا و چرچەکانی دەموچاوی ئەکرانەوە، خاڵم وەک ئەو کەسە دڵگەرمە ڕووشیرینانە دەهات.

ڕۆژگارێکی تاڵە، ئەها خەریکین تاڵ تاڵ خۆشییەکانی ژیان هەڵئەکەنین، ئەها چیمان لێ دەکەن، تاڵ تاڵ پەڕچینی نیشتیمان و نەتەوەمان تێکدەدەن، تاڵ تاڵ شیرازەی خێزانەکانمان هەڵدەکێشن، ڕۆژگارێکی ناسازە.

ئێمە لەم ڕۆژگارە تاڵانەیا، چاومان بە ستۆرییەک ئەکرێتەوە کە گۆرانییەکی حەزینی لەسەرە و ڕێگای گوندێ تەی ئەکا، دڵمان بە پارچەڤیدیۆیەکی کورت گەش گەش دەچێتەوە کە دوودێڕ شیعری ناسک، دوو کەلیمە گۆرانی تا دڵ، دوو ئایەت قورئان تا ڕۆح، دوو نرکەی موزیک تا هەست، ئێمە لەم ڕۆژانەیا مەستی نەوایەک و حاڵێکی دەروێشانە ئەمانگرێ.

ئەم ڕۆژانە هەمووشتێ ئێکسپایەرە، هەموو خواردنەکان تامیان گەنە، بۆن ساردە، هەواش لێڵە، ئاسمان تەمە، شتێ کە هێشتا بەشی دڵخۆشی دەکا، ئەو کەسانەن، تۆش تاسەیان دەکەی، ئەوان بۆ خۆیان موزیک و نەوان وسیحری دڵتەنگییەکان بەتاڵ ئەکەنەوە، ئەگەر لای تۆش هێشتا لەو کەسانە ماون، هانام بە دەمت، تۆزێ زیاتر دڵخۆشییان لێ وەرگرن، سا بەڵکو ئەم وێرانەیە ئاوەدانییەکی وێ کەوێ، سا بەڵکو ئەم خەرابستانە ئاوڕشێنێکی بەرکەوێ!

"موئمین زەڵمی"

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif