مەسروور بارزانی و وەزیری ناوخۆی عێراق پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراقیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، هەولێر بۆ چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکان لەگەڵ بەغدا ئامادەیە؛ وەزیری ناوخۆی عێراقیش گوتی، مستەفا کازمی دەیەوێت کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەربکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-7-2020 مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەیاندا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرا، بەتایبەتی پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان.
مەسروور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووردا دەربڕی، بەجۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراوبن و چارەسەرەکەش لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.
وەزیری ناوخۆی عێراقیش ئاماژەی بەو دۆخە سەختە کرد کە عێراق و هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕدەبن، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی، کە هاوئاهەنگی و هاوکاریی هەردوولای پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گوتیشی، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق