نەمانی شکۆی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان..

ليست هناك تعليقات

دێرین عیزەدین

‏شكۆی مرۆڤ پەیوەندی بە پۆست و پارەوە نییە بەڵكو شكۆی مرۆڤ هەڵوێست و راستگۆیی و دڵسۆزیی و پابەندبوونە بە بەهای بەرزی مرۆڤایەتی و ئایینەکان.
بە درێژایی مێژوو خودای گەورە هەرگیز لەبەر نەبوونی ئایین و زانست و تەکنۆلۆژیا و کۆشک و تەلار و باڵەخانە و ئەهرامات، مرۆڤی لەناو نەبردوە، بەڵام لەبەر شکاندنی شکۆی مرۆڤ و ستەم و ستەمکاریی و داڕمان لە ڕەوشتی جوان، ژیان و شارستانیەتی ڕووخاندوە و کۆشک و تەلار و باڵاخانەکانی لە رێی دەسەڵاتەکانی خۆیەوە تێک و پێک داوە.
تێکدان و لەناوبردنی گەردوون لای خودای گەورە ئاسانترە لە شکاندنی شکۆی مرۆڤ زانستیش هیچ نرخێکی نیە ئەگەر مرۆڤ تێیدا شکۆدارنەبێ .
ئەبێ مرۆڤ باڵاتر بێ لە تەکنەلۆژیا، باڵاتر بێ لە زانست، باڵاتر بێ لەشارستانیەت، باڵاتر بێت لەسیاسەت دەبێ زانست و تەکنەڵۆژیا و شارستانیەت و سیاسەت بۆ خزمەتی مرۆڤ بن، نەک مرۆڤ بکرێتە قوربانی دەستی ئەوانە.
لە کوردستان بەهۆی دەستبەرداگرتنی شکۆی مرۆڤ و بێنرخ بوونی مرۆڤ و سەرگێژکردنی مرۆڤ بە کۆمەڵێک شتی بێ کەڵک و بێماناوە، زۆرجار تاکی کورد نازانێت بۆ دەنگ هەڵدەبڕێت یا ئەو کاتانەشی دەنگ هەڵەبرێت زۆر جار ئامانجەکە ناپێکێت.
تاکی کورد لە ناخییەوە هەست دەکات بابەتێک پرۆژەیەکی هەیە، بەڵام بەهۆی سەرگێژبوونی بە کۆمەڵێک شتی ترەوە، وەک پێناسی مرۆڤ و ماف و ژیان، نازانێت قەزییەو بابەتەکەی چییە و دەبێت بۆچی تێبکۆشێت.
هۆکاری ئەم دۆخەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەرداشە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە زەمەنێکە لەم کۆمەڵگەیەدا هەڵدەسوڕێن، بۆ بێنرخ کردنی مرۆڤ و هەر رۆژە و بەجۆرێک بیر لە دیلکردنی مرۆڤ و لە ژێرپێنانی کەرامەتی مروۆڤ و مرۆڤایەتی دەکرێتەوە، ئەمانەش پێکەوە بونەتە هۆکار بۆ ونبوونی ئەو کێشە سەرەکییەی کە دەروونی مرۆڤەکانی داغان کردووە و هەڵتەکاندووە.
گەلی کورد و کۆمەڵگەکەی زۆری چەشتووە لەدەست حکومەتەکان هەر لە پێش راپەڕین و دووای راپەڕین و ئەو  ٢٩ ساڵەی حوکمرانی کوردییش وای لە کورد و تاکەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی بە تایبەتی باشوری کوردستان کردوە کە متمانەیان بە حکومەت و دەسەڵاتی کوردی نەمینێت و ئاواتەخوازی ئەوە بن بێگانەکان حکومداریان بکەن لەبری ئەم دەسەڵاتدارانە لایان ئاسایی بێت.
حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان و حیزبەکان لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا دەیان دروشمی زۆر بریقەدارو بەڵێنی زۆریان بە خەلک داوە لەپاشان هیچیان جێبەجێ نەکردوە یاخود بۆی نەکراوە جێبەجێی بکا، لە باشکردنی بژێوی ژیان ودابینکردنی پێداویستەکانیان لە خزمەتگوزاری تەندروستی و چاککردنی ڕێگاوبان، دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و باشکردنی سیستمی خوێندن و دامەزراندنی دەرچوان و زیادکردنی هەلی کار.

لەو چەند ساڵانەی رابردووشدا کێشەی ئازادی رادەربڕین و گرفتی موچە بەزەقی رەنگیدایەو و زیاتر لە متمانەی هاوڵاتی کەمکردۆتەوە بەرامبەر بە حکومەت و دامو دەزگاکانی.

هاوڵاتی بە چاوێکی زۆر خراپ و گوماناوییەوە سەیری هەمو کارێک و هەنگاوێکی حکومەت دەکا تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندی هاوڵاتیش بێت، ئەمەش وایکردوە داواکاریەکانی هاوڵاتی سەرەتایی بن و  بۆ تێرکردنی سک و دابینکردنی پێداویستەکانی هەنوکویی بێت و بیر لە پڕۆژەی درێژخایەن نەکەنەوە .

کوردستان لەبارودۆخێکی لەم شێوەیەی ئێستادا کە  بەدەست دەیان قەیرانی ناوخۆی و ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەناڵێنێت هەموو حزبەکانی کوردستان کەم تا زۆر پشکیان هەیە لە دروستبوونی ئەم قەیرانانە

حکومەت و دەسەڵات سەرەتایی ترین مافەکان بۆهاووڵاتیان دابین ناکات تەنانەت موچەکانیشیان نادەنێ کە لە بەغدادەوە دێت بۆ فەرمانبەران.

 ئەوەی جێگەی داخە لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک و کرداریمان نیە پشتیوانی لەمافخوراوان بکات.

حکومەت خەمى خەڵک و نەخۆشى کۆرۆناى نییە ، لەبیرى ئەوەدایە چۆن بە کۆرۆنا خەڵک لەبابەتى موچە بێدەنگ بکات چەندە کەرەنتینەکردن و قەدەغەی هاتوچۆ پیویستە دووئەوەندە موچە و ژیانی خەڵک پێویستترە .

سیاسەت لەم هەرێمەدا وایلێهاتوە مانای ڕاستەقینەی لەدەست داوە، دادپەروەریی سەرەو ژێر کراوە، شکۆی مرۆڤ وەک سەنتەر بوون لەکەدار کراوە گرنگە تاک بەتاکی کورد ئەم ڕاستیە بزانێت شکۆی مرۆڤایەتی ناگۆردرێتەوە، ژێر دەستەیی هەرچرکەیەکی مردنێکە.

ھەموو مرۆڤێک  شایەنی بایەخ و ڕێزلیێنانە سەرەڕای ئەوەی مافی ھەیە کە چۆن ژیان بەسەر بەرێ ئەوەش لە ئادەمیزادبونیەوە سەرچاوە دەگرێت، بە پێی ئەو باوەڕەی ھەیەتی کە دەوترێ ھەندێ شتی دیاری کراو ھەن کە مرۆڤێک لەگەڵ مرۆڤێکی تر دا بەشداری تیا دەکەن بەتایبەت مافە سروشتیەکان .

جیاوازی ئاینی یان جێندەری یا نەتەوەیی نابنە بنەمایەک بۆ ڕێزگرتنی مرۆڤ ھەر کەسەو وەک مرۆڤ مافی خۆیەتی ئەو ژیانە ھەڵبژێریت کەخۆی مەبەستیەتی بەمەرجێک مافەکانی خەڵکی دیکە پێشێل نەکات بەڵام ئەوەی دروست نەبوو ئەمانە کردیان لە بەرامبەر شکاندنی شکۆی مرۆڤایەتی.

بەشێوەیەکی گشتیی هەموو ئەو هۆکارانەی کە باسمانکردن ئەوە دەردەخەن  شکۆی مرۆڤ و بەهای مرۆڤبوون پێشێلکراوەو دەکرێت وە بە بیانووی جیاواز و هەندێکجار لەبەر نەزانیی و ناهۆشیاریی و شڵەژاویی دۆخەکە، ڕەچاویی شکۆ و بەهای مرۆڤ ناکرێت.

ئیتر کاتی ئەوە ھاتوە کۆتایی بە شکاندنی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ و دزین و قەیران و خوێن مژیە بھێنرێت و تاک و هاوڵاتی کوردیش خۆی دەتوانێت شکۆ بۆ خۆی بگێڕێتەوە..


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif