فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند، "عێراقییەکان دەیانەوێت ئێمە لەگەڵیاندا بین".
رۆژی سێشەممە جەنەراڵ فرانک ماکێنزی، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. ماکێنزی دەڵێ "ئێستا لە عێراق خواستێکی بەپەلە بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانمان نییە، من دڵنیاشم کە ئەوان مانەوەی ئێمەیان دەوێت".
لە ساڵی 2008ـەوە رێککەوتنێکی ئەمنیی ستراتیژی لەنێوان ئەمریکا و عێراق هەیە کە بە رێککەوتنی سۆفا ناسراوە، لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە جێگیربوونی هێزە سەربازییە ئەمریکییەکان لەسەر خاکی عێراق رێکخراوە، بەڵام رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2020 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی شیعە بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی دا، ئەمەش وایکردووە کە پێویست بکات واشنتن و بەغدا بە پەیوەندییەکانیاندا بچنەوە و گفتوگۆی ستراتیژییان دەستپێکردووە، کە لە 11ی مانگی رابردوو گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان کرا و چاوەڕواندەکرێت لەم مانگەدا گەڕی دووەمیش بکرێت.
لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە و لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بە بۆردوومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان بەشێک لە پارت و لایەنە سیاسییە شیعەکانی عێراق و ئەمریکا سەریهەڵدا، کە دواتر بوونە هۆی ئەنجامدانی چەند هێرشێکی مووشەکی بۆسەر چەند بنکەیەکی ئەمریکی لە عێراق و داواکاریی زیاتر بۆ دەرکردنیان.
پێشتریش فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان وڵاتەکەی و عێراق بەو جۆرە دەبێت، کە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لە عێراق دەمێننەوەو گوتی "تەنیا ژمارەیەک لە سیاسەتڤانانی عێراقی نزیک لە ئێران دەیانەوێت سوپای ئەمریکا وڵاتەکەیان جێبهێڵێت".
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت: "داعش هێشتا هەڕەشەیە و بەم نزیکانەش ئەو هەڕەشەیە کۆتایی نایەت، هەربۆیە ئەمریکا دەیەوێت لەگەڵ حکومەتی عێراق کاربکات بۆ لەناوبردنی یەکجاریی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە".
هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2003ـەوە لەسەردەمی جۆرج بووشی کوڕدا لە پرۆسەی رزگارکردنی عێراق هاتوونەتە ئەو وڵاتە و لە کۆتایی ساڵی 2011دا لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما کشانەوە. تەنیا هێزێکی کەم نەبێت لە ئەفسەران و راوێژکارانی سەربازی مانەوە. پاشان لە 2014دا و لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سووریا، ئەمریکا بەشێک لە هێزەکانی گەڕاندەوە بۆ عێراق و ئێستا بە نزیکەی پێنج هەزار و 200 سەرباز مەزەندە دەکرێن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق