ئەگەر سەرۆک ببینم

ليست هناك تعليقات

د.بهات حسیب قەرەداخی
-
لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم به‌گیری هێنابووم و زۆر سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بزانێ ئاخۆ ئه‌گه‌ر من سه‌رۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت ببینم چییان پێ ده‌ڵێم؟ منیش لەپاش تێڕامانێکی کورت بەڵام قووڵ، وتم ڕەنگە زۆرم لەسەر بکەوێت بەڵام هەر دەیڵێم:

جەنابی سه‌رۆک سڵاو...

من، نه‌ سیاسه‌تمه‌دارم، نه‌ چاودێری سیاسی و نه‌ کادێری حیزبیم، ئه‌ندامی هیچ سه‌ندیکاو رێکخراوێکی مه‌ده‌نی و نامه‌ده‌نیی ئه‌م دنیایه‌ش نیم..! من ته‌نیا کوردێکم و خه‌ڵک و خاک و خوداو خێزانه‌که‌م و خۆمم خۆشده‌وێ و ئه‌وپه‌ڕی ئاواتیشم ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵەو نه‌وه‌کانمان ئه‌و چه‌رمه‌سه‌ری و مه‌ینه‌تیانه‌ نەچێژن که‌ ئێمەمانان و باوو باپیرانمان چەشتوومانە. خەون وخەیاڵ وخۆزگەیشم هەر ئه‌مه‌یه‌ زوو یان درەنگ له‌ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆو ئازادو پڕ که‌رامه‌ت و دادپه‌روه‌ریدا ژیانیان به‌سه‌ر به‌رن.

جه‌نابی سه‌رۆک.. ئه‌م ڕازونیازەی بەندە هەڵقوڵاوی دڵێکی کوردانەیە، دوورە له‌ هه‌ر مەرایی و مەرامێکی سیاسی و حیزبی و شه‌خسی. تکایە جەنابیشت هه‌روەکوو خۆی، بێ ڕتووش، به‌ دڵ لێمی وه‌ربگرە....

پێشنیازتان بۆ ده‌که‌م، پاش ڕزگاربوونمان لە بەڵاو پەتای کۆرۆنا :

1 - هه‌فته‌ی جارێک به‌بێ ئاگادارکردنه‌وه‌ی پێشوه‌ختەو بێ کاروانی ماتۆڕو ئۆتۆمبێل، کتوپڕ سه‌ردانی یه‌کێ لە دەزگا خه‌ده‌مییەکانی پایته‌خت و پارێزگاکان بکه‌ن‌، بۆ نموونە: نەخۆشخانەکان‌، فەرمانگەکانی هاتوچۆ، تاپۆ، ره‌گه‌زنامه‌ و شارەوانی، دەروازە نێودەوڵەتی و مەرزەکان، چاکسازیی گەورەساڵان و مێردمناڵان و هتد... تا ڕاسته‌وخۆو لەنزیکەوە زیاتر له ‌ڕه‌وش و ئاستی کارو خزمه‌تگوزاریه‌کانیان ئاگاداربن.

2 - تائەو ڕۆژەی (هەرێم) دەبێتە خاوەنی کەناڵی نیشتمانیی خۆی، مانگیی جارێک بۆ یه‌ک کاتژمێر، له‌ پەخشێکی ڕاسته‌وخۆدا، کە لینکەکەی بدرێتە گشت کەناڵە هەواڵییەکانی هەرێم، ده‌ربکه‌ون و به‌ زمانێکی سادەو خاکی، وه‌ڵامی چەند پرس و سکاڵاو داواکارییەکی هاووڵاتیان بده‌نه‌‌وه‌.

3 - مانگیی جارێک، هه‌رجاره‌ی له‌ پارێزگایه‌کی هه‌رێم، لەیەکێ لە شارەکان، بۆ دوو رۆژ بمێننه‌وه‌‌و لەنزیکەوە پرۆژه‌کان و داووده‌زگاکانی حکومه‌ت بەسەربکەنەوە . سەردانی ناوبازاڕه‌ میلییه‌کان، گۆڕستانی شه‌هیدان، مزگه‌وت و که‌نیسه‌و پەرستگا، شانۆو کتێبخانه‌و یاریگه‌، پێشانگه‌و کۆنسێرت، پارک و سه‌یرانگه‌کان بەسەربکەنەوە ‌و زیاتر لەنزیکەوە تێکەڵ بە ژیانی ڕۆژانەی میللەت بن.

4 - سێ مانگ جارێک، بۆ یه‌ک ڕۆژی ته‌واو وه‌ک پێشمه‌رگه‌ ساده‌که‌ی ناو شۆڕش، به‌بێ ئه‌وه‌ی چوار ده‌ورتان به‌ به‌رپرسی حیزبی و حکومی بته‌نرێ، ببنه‌ میوانی یه‌کێ له‌و ئۆردوگاو شارۆچکانه‌ی‌ که‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانیان که‌سوکاری ئه‌نفالکراوو شه‌هیدانی شۆرشی ڕزگاریخوازیی کوردستانن . له‌ ماڵی یه‌کێ له‌و خه‌ڵکه‌ ساده‌و هەژارە لابده‌ن و نان و ماستێکیان له‌گه‌ڵ بخۆن. ئه‌و رۆژه‌‌ لەنزیکەوە گوێبگرن لە نزاو سکاڵاو ترپه‌ی دڵی ڕزگاربووانی ئەنفال. ئه‌و داپیرەو دایک وخوشکە ڕه‌شپۆشه‌ ده‌روون سپییانه‌. ئه‌و منداڵه‌ ڕه‌ش و ڕووت و پێخاوسانه‌.

5 - مانگیی جارێک، هەرجارەی نیوه‌ڕۆ خوانێکی پێشمه‌رگانه‌ی ساده‌ ڕێکبخەن بۆ : ده‌سته‌یه‌ک له‌ پێشمه‌رگەی دێرین و تێکۆشه‌ری سادەی بێ پلەوپایە، خه‌ڵکی ناسراوی بێ لایه‌ن، به‌ساڵاچوان، که‌مئه‌ندامان و منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشتی خانه‌کانی نه‌وجه‌وانان، راسته‌وخۆو به‌بێ فلته‌ر گوێ له‌ هه‌ست و نه‌ستیان بگرن. دیداری لەم جۆرە ساردیی نێوان خەلک و حکومەت ناهێڵێ و تاووتینێک دەدات بە گیانی تەبایی و ڕۆحێکیش دەکاتەوە بەبەری کوردایەتیدا، کە ئێستا لەهەمووکات زیاتر پێویستمانە.

6 - هەرسێ مانگ جارێک، له‌سه‌ر خواستی خۆتان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان میوان بن و ڕوانگه‌ و تیگه‌یشتنی خۆتان بۆ ره‌وشی گشتیی هه‌رێم و ده‌وروبه‌ر رابگه‌ێنن، وه‌ڵامی پرس و سه‌رنجی نوینەرانی گەلیش بده‌نه‌وه‌ .

7 - مانگیی جارێک، هەرجارەی سه‌ردانی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێ له‌ حیزبه‌ کوردستانییه‌کان بکەن (به‌حوکمڕان و ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ .. به‌ گه‌وره‌ و گچکه‌وه‌ )، پاشان له‌ پرێس کۆنفرانسێکدا خه‌ڵکیش به‌ باس و خواسه‌کانتان ئاشنابکه‌ن .

8 - سێ مانگ جارێک، دیدارێکی دوو سه‌عاتی هه‌ر جاره‌ی بۆ ده‌سته‌بژێرێک له‌ مامۆستاو ئەکادیمییان و خه‌ڵکی پسپۆرو شارەزای ئابوری، کارگێڕی، یاسایی و دیپلۆماسی، ته‌رخانبکه‌ن تا له‌نزیکه‌وه‌و دوور لە ڕۆتین، بێ فلته‌ری بیرۆکراسی، سه‌رنج و بیروڕا له‌ باره‌ی ڕه‌وشی ئیداری و ئابووریی هه‌رێم، پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاوه‌ ئاڵوگۆڕ بکه‌ن. 

9 - سێ مانگ جارێک، دیدارێکی دوو سه‌عاتی هه‌رجاره‌ی بۆ ده‌سته‌یه‌ک له‌ چالاکانی ئافرەتان و ژنان، وەرزشوانان، میدیاکاران و رۆژنامه‌نووسان، هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران، سازبکه‌ن‌، تا دوور لە سانسۆرو ئازادانه‌ بیروڕاو ره‌خه‌نه‌و سه‌رنجه‌کانی هه‌موو لایه‌کی تێدا بخرێته‌ ڕوو .

10 - سێ مانگ جارێک، دیدارێکی دوو سه‌عاتی هه‌رجاره‌ی بۆ ده‌سته‌یه‌ک له‌ : نوێنه‌رانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی هەرێم، تورکمان .. کلدان .. ئاشوری .. ئه‌رمه‌ن .. عه‌ره‌به‌کانی نیشته‌جێی هه‌رێم، کرستیان، ئێزدی و کاکەی، ته‌رخان بکه‌ن و له‌نزیکه‌وه‌ بیروڕا و سه‌رنجه‌کانتان ئاڵوگۆڕبکه‌ن.

دەزانم هه‌ر ئێستا که‌سانێک هەن دەڵێن : کاکه‌ تۆ باسی چی ده‌که‌ی ؟ دیارە زۆر بێ ئاگاو بێ ئیشی؟ سەرۆکی هەرێم و سه‌رۆکی حکومەت، سه‌رۆکایه‌تیی باڵاترین جومگه‌ی نه‌خشه‌دانان و بڕیاری سیاسی و ئیداریی ئه‌م هه‌رێمه‌ دەکەن، لەکوێ و کەی کاتیان بۆ ئه‌م قسە سەیرو سەمەرانەی تۆ هه‌یه‌ ؟

له‌ وه‌ڵامدا پێیان ده‌ڵێم : بەڕێزان، سه‌رۆک هه‌ر به‌ڕێزێک بێت، به‌رله‌وه‌ی سه‌رۆکی ده‌زگاو هۆڵی کۆبوونه‌وه‌و پلان و بڕیارو پێشوازی و پرۆتۆکۆڵ و ته‌شریفات بێ، سه‌رۆکی ئەو خه‌ڵکە سادەو ڕەنجدەرەیە کە هیوایان پێیه‌تی و له‌هه‌ر ته‌نگانه‌و ناخۆشییه‌کیشدا، هه‌ر ئه‌وانن بە‌ده‌ورییەوە ده‌مێنن! میللەتان ئەگەر سەرۆکیان نەبێ دەتوانن سەرۆک بۆخۆیان دروستبکەن، بەڵام ئەگەر سەرۆک میللەتی نەبوو، ناتوانێ میللەت بۆخۆی دروست بکات.

سه‌رچاوه‌ی له‌بن نه‌هاتووی هێزو ئیرادەی بڕیاری چارەنووسسازی هەر سه‌رۆکێکیش ته‌نیاو ته‌نیا خۆشه‌ویستی و متمانه‌و نزیکییەتی لە میللەتەکەیەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif