لە مەكتەبی سیاسیەوە بۆ فەیسبوك

ليست هناك تعليقات

ئاكۆ محمد
-
لە كۆی 7 ملیار و 800 مرۆڤی سەر رووی زەوی، ئەمڕۆ 2 ملیار و 200 ملیۆن كەس فەیسبووك بەكاردێنن. فەیسبووك شێوازی ئاراستەكارییانەی دەزگا میدیاییەكانی گۆڕی و دەزگای میدیایی تایبەتی بەخۆڕایی بەخشییە تاكە كەسەكان، بەوشێوەیەش دەسەڵاتی تاكەكەسی لە جیهاندا زۆركرد. سەرئەنجام بەشداری خەڵك لە هەموو بوارەكانی ژیاندا بەهێزبوو. ئەو كارەی لەساڵی 2004 مارك زوكربێرگ و چوار خوێندكارە گەنجە هاوڕێیەكەی دەستیانپێكرد، ئاراستەی جیهانی گۆڕی و، ئەو گۆڕانە بەردەوامە.

تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و دوای ئەویش تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە، دەستەوژاە و چەمكی " رۆژنامەڤانی هاووڵاتی"یان لەگەڵ خۆیاندا هێنا و "رۆژنامەڤانیی ئەلیكترۆنی" بەشێوەیەك كاریگەر و بەربڵاوكرد، كە رۆژنامەی كاخەزی بەرەو نەمان پاڵپێوەناوە(كۆرناش ئەو رەوتە خێراتر دەكات). ئەوە هەندێ كەس بۆ ئەو باوەڕە هاندەدا كە دەزگای میدیاییش رووەو نەمانن. بەڵام ئەوە بۆچوونێكی ورد نییە، چونكە بەهۆی فراوانبوونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیای ئەلیكترۆنی و دوای ئەویش بەربڵاوبوونی "هەواڵی ساختە" و ئەو گفتوگۆیەی ئێستاش كە لەسەر رێگە نەدان بە مانەوەی "نێوڕۆكی ساختە" یاخود هێماكردن بۆ ناڕاستبوونەكەی هاتووەتەپێشەوە، تەنانەت ئەگەر لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی گەورەترین وڵاتی جیهانیش دانرابێت، كاریگەری دەزگا میدیاییە پرۆفیشناڵەكانی فراوانتر و زیاتر كردووە. 

فەیسبووك لە هەمانكاتدا گۆڕانێكی گەورەی لە ریزبەندی كۆمپانیا گەورەكانی جیهاندا دروستكرد، بەشێوەیەك ئەمڕۆ خودی فەیسبووك لە بازاڕی بۆرسەدا بایی 657 ملیار دۆلارە. بەڵام ئەوە نەك كاریگەری خراپی نەبوو لەسەر ئابووری، بەڵكو بزاوتێكی دیكەی بەخشییە بواری ئابووری و، بواری بازرگانی زانیارییەكانی زۆر گەورەتركرد لەنێو ئابووری وڵاتانی پێشكەوتوو و جیهاندا، بەڕادەیەك ئەمڕۆ گرانترین كۆمپانیاكانی جیهان، كۆمپانیاكانی زانیاری و گەیاندنن نەك كۆمپانیاكانی نەوت. 

بۆ كورد فەیسبووك بەشێوەیەكی گشتی سوودێكی یەكجار زۆری هەیە، وەك نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتی وڵات پارچەكراوی بندەست، بۆ پەیوەندی دروستكردن و تەنانەت بەڕێوەبردنی پڕۆژەی هاوبەشی گەورە و بچووكی نیشتیمانی. بەڵام بەداخەوە ئێستا بەوشێوازەی ئێستا كورد فەیسبووك بەكاردەهێنێت، خەریكە ئەو ناكۆكییەی لەنێو حیزبەكانی سەردەمی رابردوودا لەنێو بارەگا و لەنێو رێكخستنە دیاریكراوەكانی حیزبەكاندا هەبوو، خەریكە دەگوازێتەوە بۆ نێو هەموو گەڕەك، شارۆچكە و شارەكانی كوردستان و تەنانەت بۆ نێو گیرفانی هەموو كوردێك، هەموو ئەوەش پێكەوە دەروون و میزاجی حیزبەكانی كوردستان تێكدەدات و هانیاندەدات بەرامبەر یەكتر. 

خراپی تووندبوون و زۆر شلی، هەمیشە پێماندەڵێت نێوڕاست بوون رێگە دروستەكەیە. بەڵام بەداخەوە لەسەردەمی دەروێشایەتیكردن بۆ ئایدیۆلۆژییەكان تاوەكو ئێستای سەردەمی دیجیتاڵ و سۆشیالمیدیا، كورد هەمیشە هەموو شتێك بە تووندی دەگرێت و بە تووندیش كاری پێدەكات. چۆن رۆشنبیری گەنجان بەهۆی نەخوێندنەوەی كتێب و بەردەوام بەكارهێنانی سۆشیالمیدیا زۆر رووكەش بووە، بەهەمان شێوەی تێكچوونی تامی خواردنی كوردی بەهۆی خەریكبوونی زۆر لە كابانەكان بە سۆشیالمیدیاوە، سیاسەتی حیزبەكانی كوردستانیش بەهۆی گوێگرتن لە لەشكرەكانیان لە سۆشیالمیدیا زۆر ناسەقامگیر بووە.

تائێستاش ئەزموونی هەموو حیزبەكانی ناوچەكە و جیهان پێماندەڵێت، ئەو حیزبانە سەردەكەون كە لێكۆلینڤانی باش و ناوەندی لێكۆلینەوەی باشیان هەن، بۆ ئەوەی لێكۆلینەوەی قووڵ و وردی كێشە و چارەسەر پێشكێشی مەكتەبی سیاسی و ناوەندەكانی بڕیار بكەن. هەمیشە ئەو جۆرە كاركردنە سیاسەتێكی سەقامگیر و بەرنامەی باشی بە حیزب بەخشیوە. بەڵام لەشكرەكانی سۆشیالمیدیا فكر و سەقامگیری نادەنە هیچ حیزب و دەزگایەك، بەتایبەتی لە دۆخی ناتەندروستی سۆشیالمیدیای ئێستادا. هەر حیزبێك بۆ ئەوەی بتوانێ باش بڕیاربدات و سیاسەتێكی سەقامگیری هەبێت، دەبێ بۆچوونی راستەقینەی زۆرینەی خەڵك لێكبداتەوە، بە پشووی درێژ لێیبكۆلێتەوەو بە وردیش لە ناوەندەكانی بڕیاردانی، بڕیار لە سیاسەتەكەی بدات. 

ترەمپ كە چاودێر و بەكارهێنەرێكی گەورەی سۆشیالمیدیایە، هەڵبەز و دابەز و ناسەقامگیرییەكی زۆر بەسیاسەتەكەوەیە، بەڵام باراك ئۆباما كە بە كەمی سۆشیالمیدیای بەكاردەهێنا و بەكارهێنەرێكی سەنگینی سۆشیالمیدیا بوو، خاوەن سیاسەتێكی دیاربوو، فۆلوەرەكانیشی لە تویتەر زۆر لە ترەمپ زیاترن. 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif