دەلیل جەمال
-
کارەساتە کاتێک لەجەللاد دەپرسن دوای ئەو هەموو تاوان وگوناهەی کەکردت پەشیمانی؟ لەوەڵامدا بڵێ نەخێر لەهیچی پەشیمان نیم
بەڵام قوربانی هاواربکات وپەشیمانبێت لەبینینی مەرگی جەللادەکەی ، لێرەوە دەبێت بووەستین و قوڵ سەیری ڕابردووبکەینەوە.
تائەوکاتەی خیتاب بەدەوری سۆزدا دەخولێتەوە جیاوازە لەو لەحزەیەی عەقڵ دێتەگۆو بەراورد لەنێوان جەللادو فریادڕەسدا دەکات.
ئێمە نەمانتوانی دوای مەرگی سەدام تەواوی ئاکاروو کردەوەکانی لەناو زهن و زاکیرەی تاکدا بسڕینەوە، ئەوەش وای کرد هەموو توانامان بۆ مەرگی جەللاد تەرخانکردو بیرمان چوو جەللاد لەزاکیرەو هزرمانا هێشتا ئامادەگی هەیە ، بەڕادەیەک هاواردەکرێت خۆزگە نەمردیتایە خۆزگە هەرتۆ بویتایە.
ئێستا هەست بەوەدەکەین خەریکە جەللاد وەک قوربانی وێنادەکرێت بەجۆرێکە ڕەنگە وای لێبێت بوترێت سەدام مەزڵوم بوو ئەمەیە ئیتر جەللاد شوێنی دەگۆڕێت و زاڵمەوە دەبێتە قوربانی.
خەتەری گەورە ئەوەیە هشتا نەمانتوانیوە جەللاد بکەینە ئەو کارەکتەرە ناشیرین و بێزراوەی مێژوو هێشتا سەدام نەبووەتە مێژوو ئەگەر ورد سەیری کۆمەڵگە بکەین هێشتا سەدام لەنێوان باش و خراپدایە لەنێوان ئاهووراو ئەهریمەندایە
دەبیستین قوربانی هاوار بۆ جەلادەکەی دەکات ئەبێت ئەوپرسیارەدوو بارە داڕێژرێتەوە دووبارە لەخۆمانی بکەین
بۆچی هێشتا سەدام وەک ناو وەک هێز وەک ماهییەت ئامادەگی هەیە بۆچی هاواری لێدەکرێت؟ بەڕادەیەک خەریکە قوربانی داوای لێبووردنی لێدەکات.
پێمویە پێویستە لەئێستادا ڕۆمانی(شاری مۆسیقارەسپییەکان)ی بەختیار علی بخوێنینەوە تێبفکرین لەنێوان دیالۆگی جەللاد و قوربانی تابگەینەوە بەوەڵامە دروستەکە .
بەداخەوە دەسەڵات دوای مەرگی جەلاد وایکرد کە خەڵک هاوار بۆجەلادەکەی بکات وەک فریاد ڕەس وێنای بکاتەوە لەکاتێکدا جەلاد جەللادە هیچ باروو دۆخێک پێناسەو شوناسی ناگۆڕێت بەڵام لەم کوردستانە دۆخگەلی وادێنە پێش ئیتر، بەخشینی جەللاد لەتاوانەکەی لەحاڵەتەوە دەبێتە دیاردە
بەڕای من خەتەری گەورە لەسەر هەموو پیرۆزی و ڕووداوو مێژوو هەیە خەتەرێک کە بەرەو ئەوەدەچێت شوێنگۆڕکێ بە کات و شوێن و جۆری ڕووداوەکان دەکات، نییەت و خیتابێک خەریکە دەمەیێت بەجۆرێک دابەشمان دەکات لەنێوان قوربانی و جەللاددا لەنێوان دوێنێی جەلادو ئەمڕۆی قوربانیدا.
ئەوەی ڕەوڕەوەی مێژوو دەگۆڕێت ئەمڕۆ ئازادی نیە مێژووی شۆڕش و خەبات نییە بەڵکوو ئەوەی ئەمڕۆ بووەتە خاڵی ماهییەت (نان)ە مافە.
جاران هاوارێک هەبوو دەیوت نەوەیەک دێت نازانێ سەدام چی کردووە؟ بەهەمان تێگەشتن نازانێت باوباپیرانی لەبەرانبەر ئەو جەلادە چیانکردووەو چۆن تێکۆشاون؟ هەربۆیەترسی گەورە ئەوەیە ئەم مەلەفانە تێکەڵبکرێن ، هەڵبەت ئێستا لەسەرەتای ئەو قۆناغەداین
ترس لەتەواوی دەسکەوتەکان هەیە ترسێک کە دەسەڵات گەورەی دەکات گەشەی پێدەدات، ترسێک لەناوئاخنی کۆمەڵگەکەوە خۆی دێتەدەر
بەرگرتن بەم تایپە بەخیتابی ڕابردووی سۆزداری نابێت، بەڵکوو بەوە دەبێت ژیان بونیادبنرێت نان و ماف بگەڕێتەوە ، هەموو ئەو فاکتانەی هۆکارن بۆ ئەم تێگەشتنە لەناو ببرێن ،
کاتی ئەوەنەماوە بەمەزەندەی ڕابردوو ئێستا بپێوین زەمەنی وتارگەلی عەفەوی نەماوە ڕۆژڕۆژی گەڕانەوەی دادپەروەرییە بۆ ژیان . ئیتر ناتوانرێت تا کۆتایی لەسەر ڕابردوومان بژین و لەژێر ناوی شۆڕش و قوربانی درێژە بەم دۆخەبدرێت، ڕاستی دروستی ئەوەیە
وەڵامی خواست و ماف بدرێتەوە کاتی ئەوەیە دورلەو خیتابەپاوانخوازییە خیتابێکی مرۆڤدۆستانەو ژیان دۆستانە بونیاد بنرێت ، کورت پوخت خەڵک ژیانی ڕاستەقینەی ئەمڕۆی دەوێ......
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق