خۆپیشاندان ناکەین، بەدیل چییە؟!

ليست هناك تعليقات


هادی حمەڕشید
-
 1-دەمێکە بڕوام بە جوڵەی مەدەنیی نەماوە، توێژینەوەی قوڵم لەسەر کردووە، چەندین کتێب و دەیان وتار و شیکاریی و ڕاپرسیم لەسەر خوێندووەتەوە، دەیان ڤیدیۆ لەشیکاریی و چاوپێکەوتنی بیریاران و پەرچەکرداری وڵاتانم لەسەر دیوە، توێژینەوەیەك کە لەکاتی سەرقاڵییم بەدەوامەوە«نەك سەروەختی کەرەنتینە» زیاتر لە دە ڕۆژی زێڕینی بردم، گەیشتم بەو ڕاستییەی کە نووسەری لوبنانیی #تۆنی_سەغبینیی لە کتێبی(#نەفرەتی_هەزارە، بۆچی چالاکیی گۆڕانخوازانە سەرکەوتوو نابێت)ـدا پێیگەیشتووە، بەڵام نایشارمەوە نەموێرا بڵاوی بکەمەوە، چونکە بێئەندازە مەبەستمە گوتاری بەرەنگاریی لەدژی ستەمکاریی و قۆرخکاریی لەناو کۆمەڵگادا بمێنێتەوە.

پاڵەپەستۆی جوڵە و لێدوانی نابەرپرسانەی حکومەت، بەتایبەتیی ئەم کابینەیە وا لەخەڵك ئەکات بێنە سەر شەقام، لەگەڵ بەشێك لە چالاکانی مەدەنیی و ڕێکخراوەکان وەك خۆی لە ناکاریگەریی کاری مەدەنیی گەیشتووین، بەڵام کاتێك کە هەمووان توڕە و قەڵس ئەبن و هێزێکی سیاسیی جدیی نییە و ناتوانێت کەناڵیزەی ناڕەزایەتییەکان بکات، دیسان بارەکە ئەکەوێتە سەر شانی کۆمەڵێك لە فیگەری ڕۆشنبیریی و مەدەنیی شارەکان.

کە بانگەوازمان بۆ خۆپیشاندان لەم چەند ڕۆژەدا بڵاوکردەوە، کەم نەبوون ئەو کەسانەی کە پێشتر داینەمۆی ناڕەزاییەکان بوون، ئێستا یان بەبێدەنگ بێئومێد بوون، یان لە ئێمەومانان توڕەتر بوون وەك لە دەسەڵات، سەرکۆنەیان کردین، پۆستیان لەسەر نووسین، هەندێکیان بە تەنز و توانجەوە تانەبارانیان کردین، بۆ خۆم چاوی یەك بەیەکیان ماچ ئەکەم و دەستیان ئەگوشم، نەك نیگەران نیم بگرە پێموایە قۆناغێکە لە پێشکەوتنی ئاستی هۆشیاریی، بەڵام بەداخەوە وەك هەمیشە بێ سەرکردەی قۆناغەکەین!

ئەرکی ئەم چەند دێڕە نییە کە تیایدا باسی وێرانەیی دۆخەکەتان بۆبکەم، هەر وەك هەستئەکەم پێویستیش نییە و بووە بە حەکایەتی مێش هەمووان ئەزانن کە حیزب و حکومەتی کوردیی بە بنبەست گەیشتووە و درز و کەلێنەکانیش کامانەن، بەڵام نازانن بەرەو کام ڕووگە ڕوو بکەن!

خۆپیشاندانی دوێنێی هەڵەبجە پڕ بوو لە ژن و پیاوی سەربەرز و بە عیززەت، خەڵکی سەنگین کە ڕەنگە دۆخی خۆی لەزۆر کەس باشتربێت، بەڵام خەمێکی گشتیی هێنابووی بۆ ئەو مەیدانە.

مامۆستایەك ئەوەندە توڕە و بێزار بوو لەو دەسەڵاتە کە زیاتر لە دوو کیلۆمەتر بە پێ خاوسیی ڕێگای بڕی، پێڵاوەکانی دژی ستەم و گەندەڵیی بەرزکردبووەوە، دەنگی هەمووان بەدلێری ئەگەیشت بە هەموو نابیسایەکیش، بەڵام بەگوێی دەسەڵات نا، ئەمە و چەندین لایەنی جوانی خۆپیشاندانەکە کە کۆمەڵێك دۆست وەك جوڵەیەکی ئەرێنیی و شیاوی چاولێکردن لەسەریان نووسیی، بەڵام هێشتا ئەوانەی کە دایانە بەر توانج هەڵگری ڕاستییەکی زۆرن و نە لە حیقد و نە لە حەسادەتەوە دژی چالاکییەکە نەبوون.

 2-پرسیاری جدیی ئەمەیە؛ کەواتە چی بکەین؟
بۆچی ئەبێت ئەو توڕەیی و ڕادیکاڵییەمان ڕێکنەخەین؟
بەشێك لە گرفتەکانی کۆمەڵگای ئێمە وابەستەی ئەم قۆناغەی مرۆڤە، کە خۆی ئەبینێتەوە لە زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و دەستەوەستان بوونی حکومەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چاوچنۆکیی کۆمپانیا و گروپە بازرگانییە بێ سنوورەکان و باڵادەستی نیولیبراڵە نائەخلاقییەکان، کە سەیر نەبێت کێشە هاوشێوەن لەگەڵمان لەکاتێکدا ئێمە زۆر میسالییانە سەیری ئەو وڵات و سیستمانەمان ئەکرد!

بەشێکیتریان مارکەی کوردیین و سەرانی کوردایەتیی و بازرگانانی ئابوری سەربەخۆ و دەوڵەتی سەربەخۆ، خۆیان دەوڵەمەند و گروپی کۆمپانیاکانیان کرد بە ژمارەیەکی لە شکان نەهاتوو و حکومەتیان مایەپوچ کرد، تا ئاستێك کە بۆ خۆیان خاوەنی سەدان ملیار دۆلارن، کەچی دەستەوەستانن لەبەردەم پەیداکردنی نزیکەی هەشت سەد ملیۆن دۆلار بۆ موچەی مانگێکی فەرمانبەران، یان تەنانەت لە کەمتر لە چوار سەد ملیۆن دۆلاری هاتووی بەغداش بێ نیاز نەبوون و ئەویشیان حەپەلوش کرد، ئەمە چ بێئەخلاقییەکە؟!

ئەوە بابوەستێت کە لەسەر ئاستی پاراستنی سەروەریی خاك، خراپترین نموونەیان خستەڕوو!

لەدۆخێکی وادا بۆچی ئەبێت هیچ دەنگێکی جدیی و بەدیلێك نەبێت، بۆچی تاکە دەرفەت لەبەردەم هاوڵاتیاندا هاتنە سەر شەقام بێت و بەس؟!

ئەی ئەرکی حیزب چییە؟!
یان ڕاستتر بڵێین ئەم شێوازە لەحیزب کە بەتۆڕێك بەرژەوەندیی ماددی لکێنراون بە سەرچاوەی بڕیارەوە شێرپەنجە و وەرەمن یان حیزب؟!
واز لە حیزبە پێکهێنەرەکانی حکومەت بهێنن، حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش یان لە حکومەتی خۆجێیی بەشدارن و دەیان منەتی دوو حیزبیان بەسەرەوەیە و سەرکردەکانیان موچەی چەوریان هەیە، یان بازرگانێکە و دەیان پڕۆژەی هەیە و بەردەوام سازشی دەسەڵاتیان ئەوێت!

3-چۆن بتوانین لەم قۆناغەدا حیزب تێپەڕێنین و جوڵەیەکی میللی تێروتەسەل ئەنجام بدەین؟
هەر ئەو خەڵکەی کە ئامادەیە بێتە سەرشەقام، یان ئەوەی کە لەوان توڕەترە و داوای بەدیلیتر ئەکات، یان ئەوانەی کە شەوانە هەزاران جنێو بە دەسەڵات ئەدەن، ئەوانەی کە شکۆی خۆیان ئەشکێنن و لەبەردەم بارەگای حیزبەکاندا سواڵ ئەکەن، ئەوانەی کە عیززەتی نەفسی خۆیان و کۆمەڵگاش ئەشکێنن و لەبەردەم شاشەی میدیاکاندا دوو سەد و پەنجا دینارییەك دەرئەهێنێت و ئەڵێ تەنیا ئەوەم پێیە...تاد
بۆچی پێکەوە بیر لەچارەسەرێك ناکەینەوە؟!

کۆمەڵێك دۆست ئەنووسن؛ ئێمە نایەین بۆ خۆپیشاندانی نەستەلەخۆریی دوو سەعاتیی، بەڵکو بە چەکەوە ئامادەین، ئەمە ئاستی ئامادەییە بۆ قوربانیانی زیاتر، بەڵام خۆ دیسان ئەمەش پێویستی بە ڕێکخستنە، ڕێکخستنێك ئاڵۆزتر لە دروستکردنی حیزب، یان ڕاستتر پێش ئەوەی باسی چەك بکرێت ئەبێت ڕەوتێك هەبێت کە بڕوای بە بەکارهێنانی چەك هەبێت و لە دەوری ئایدۆلۆژیایەك بتوانێت خەڵکیی کۆبکاتەوە!

کە لەڕاستییدا ئەمەش وەهمێکیترە کە ئەم نەوەیە چاویان تێبڕیوە، چونکە حیزبی تەشکیلاتیی و خاوەن بڕوا بە یەکلاکردنەوەی فیزیکییانەی کێشەکان، سەرەتا بە تونێلی حیزب و موفرەداتی ئایدۆلۆژیادا براون، تاکێك کە بوونی بەستراوەتەوە بە مانەوەی حیزبەوە، بۆ وێنە(سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران) لەناو جەرگەی دەسەڵاتی پۆلیسیی موحەممەد ڕەزا شادا چالاکیی سیاسیی و ئەمنیی و چەکداریی ئەکەن، تاك بە تاکیان مرۆڤی پەروەردەکراو و ڕاهێنراو لەسەر زۆر تەکنیکیی سەربازیی و ئەمنیی، لە شارەکاندا سەدان خانوویان گرتووە بۆ کاری سیاسیی، ژنان و پیاوان سەردانی ئەکەن بەبێ ئەوەی بهێڵن دەسەڵات پێیان بزانن!

هەموو ئەندامێکیان چەکێکیان پێ بووە لەگەڵ حەبی سیانوور، لەکوێدا فشاریان بۆ هاتبێت چەکی بەکارهێناوە، کەی ئابڵوقەش درابێت حەبەکەی خواردووە و خۆی کووشتووە تا نهێنی شۆڕش و حیزب ئاشکرا نەبێت.

یان هەر ئەم حیزبانەی خۆمان لە شاخ، بۆ پەیوەندی بەناو شارەوە و ئەنجامدانی چالاکیی پارتیزانیی زۆر لێهاتوو بوون، بەختیار مستەفای برای کاك نەوشیروان سەرپەرشتیی پەڕلە(جفرە یان شفرە یان وشەی نهێنیی)ی شانە چەکدارەکانی ناوشاری کردووە، ئەوەندە لێزان بووە نزیکەی ٣٥٠ جفرە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کەشف ئەبێت، ئەمان ئەوەندە بەخێرایی وشەی جێگرەوەی بۆ دائەنێن، ناهێڵن یەك کەس زیانمەند بێت و ڕێکخستنی شار بکەوێتە مەترسییەوە.

ئایا ئەم نەوەیە ئەزانن چەك واتە چی و میتۆدی خۆڕێکخستن بەبێ حیزب و بەشێوازی بەرگریی میللی چییە؟
ئایا لەبنەڕەتدا ئینتیمای ئەم نەوەیە بۆ چاکەی گشتیی و خۆبەخت کردن لەپێناوی ئەوەی کە بڕوای پێیەتی لەچ ئاستێکدایە؟!

ئایا حەق نییە ئێمە بیر لە بەدیل بەواتای حەقیقیی ئەم جوڵە و چالاکییانە بکەینەوە؟

قسە زۆرە، بەڵام هیوادارم بیرکردنەوە لە ئایندەی ئەم نەوەیە وامان لێبکات، کە بێئومێد و بێباك نەبین لەگەڕان بەشوێن بەدیلدا.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif