سەرۆکایەتی و کردنەوەی گرێ کوێرەکان

ليست هناك تعليقات

فارس نەورۆڵی
-
ھەرکاتێک لەناو خەڵک کێشەیەک ڕودەدا و دەکرێتە گرفت و چارەسەری زەحمەت دەبێ ، پێی دەڵێن ئەم گرفتە بووە بە گرێ کوێرە وچارەسەری قورسە، چون کردنەوەی گرێ کوێرە پێویستی بەسەلیقە و بە حەوسەڵە ھەیە ئەم قسەیە ئەگەر چی لەسەر ئاستی گشتیدا بۆ گرفتە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردەھات بەڵام دەکرێ بۆ ئاستی سیاسی تەوزیف بکرێت، لێرەوە ئەگەر سەیری فەزای سیاسی و پەیوەندییە سیاسیەکان بکەین لە ئاستی ناوچەکەدا لە دۆخێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیریدایە چونکە بەرژەوەندییەکان و جێگۆڕکێی ھاوپەیمانییەتی سیاسی و ئابوری دەوڵەتە گەورەکانی جیھان و ناوچەکە وەک تەونی جاڵجاڵۆکەی لێھاتوە.

بۆیە خەڵکی بە حەوسەڵە و بەسەلیقەی دەوێ ھێڵە دەزولەییەکان بخوێنێتەوە و لێی تێبگات، کەواتە پەیوەندیە سیاسیەکان چوەتە دۆخی گرێ کوێرە و بووە بە گرفت، ئێمەی کورد لەناوچەکەداو لەناو ئەو جەنجاڵی سیاسی و تەونی جاڵجاڵۆکەییە بەرژەوەندییەکانی ھێزە جیاجیاکاندا حەپەساوین، ھەر بۆیە توانای بیرکردنەوەمان لاوازە، کەواتە بۆ چارەسەری ئەو ھەموو گرفتە پێویستمان بە بیرکردنەوەیەکی گەورە و ھەنگاوێکی گەورە ھەیە کە لەئاستی کرداردا کاری لەسەر بکەین ، بۆ کردنەوەی ئەو ھەموو گرێ کوێرەیەی کە لەئاستی ناوخۆ و لەسەر ئاستی دەرەوە، بونەتە گرفتی گەورە لەبەردەمی ھەرێمدا.

ئەم سەردانەی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا و جموجوڵە دبلۆماسییەکانی، ئومێدی لای شەقامی کوردی دروست کردوە کە بتوانرێ گرێ کوێرەکان بکاتەوە و دۆخی شێواوی سیاسی و باری گوزەرانی خەڵک ڕێککاتەوە، سەردانی سەرۆک بۆ بەغدا و ئامادەبوونی دوو جێگرەکەی لەھەموو کۆبونەوەکاندا ، لای شەقام ئەمە دەسپێکێکی ئەرێنی یە و پەیامێکی سیاسیشە بۆ دەرەوە و ناوە، کە ناکۆکیەکانی ماڵی کورد قابیلی چارەسەرن، بۆیە شەقام چاوەڕوانی لە سەرۆک نێچیرڤان و وەفدی یاوەری ھەیە کە گرێ کوێرەکان بکەنەوە، لەلایەکی دیکەوە چی شەقام و چی دەستە بژێر ڕایان وایە سەرۆک لە بەغداد بەهەماهەنگی سەرۆک کۆمار هێزی کوردی لەبەغداد ڕێکبخاتەوە.

دوای گەڕانەوەی سەرۆک لە بەغدا ، پێویستە هەرچی زووە سەرۆک دەسپێشخەرییەک بکات بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە چەقبەستوە و گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی لە پەیوەندی لایەنە سیاسیەکان لەئاستێکی گشتیدا، چونکە ئەم دۆخە سیاسیە بوەتە بارگرانی دەرونی خەڵک و زیاتر شێواندنی بازاڕ ، بۆیە زۆرێک لەو ڕۆشنبیر و کادری حیزبی لایەنەکان کە بەرکەوتن و دیدارمان ھەیە لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان لەو باوەڕەدان کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەتوانێ ماڵی کورد لەم ترازانە دەرباز بکات، ھەر چەندە بەربەستی ھەمە لایەنەشی بۆدروست دەبێت ، بەڵام کۆڵنەدان لەم ھێزی نەرمە زۆر پێویستە بۆ کورد بەڵکو بتوانرێ بکرێتە کلتور ، ئەم باوەڕبونەی خەڵک و لایەنەکان لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە سەرۆکی ھەرێم لەسەر بنەمای ( ڕاستگۆی ، متمانە ، باوەڕ بە خۆبون ، شەفافیەت ) گفتوگۆ دەکات بۆیە ئەم متمانەیە لای لایەنەکان دروست بوە، ئەم پێوەرەش بەرھەمی ئەو مەعریفەتەیە کە نێچیرڤان لە زمانی دواندندا بەکاری ھێناوە لەگەڵ لایەنەکاندا بەدروشمی (گفتوگۆی بەردەوام ، بیرنەکردنەوە لە شەڕ).

ئەم جۆرە لە مەعریفە وایکردوە متمانەیەک دروست ببێت بۆ تێگەیشتنی ھاوبەش لە فەزای سیاسی لەئاستی گشتی ناوچەکە و عێراق و کوردستان ، کەواتە دەکرێ ئەم ھەنگاوە و ئەم مەعریفەیە وەک ھەنگاوێکی شارستانی بۆ گفتوگۆ بکرێتە پێشەنگ بۆ ھەمووان، واتە ھێزە سیاسیەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ تەحەدیەتاکانی ئەم قۆناغە و گۆڕانکارییە خێراکان پرۆسەی سیاسی ھەرێم ڕێکخەنەوە و بیگونجێنین لەگەڵ دۆخەکەدا پێویستە بگەڕێنەوە لۆژیکی گفتوگۆ بەکارهێنانی هێزی نەرم چونکە مانەوە بۆ گونجاوترینە، بۆ ئەم ستراتیجە سەرۆکی ھەرێم پرۆسەکەی خستوەتە سەر ڕێ تەنھا پێویستی بەھاوکاری ڕێبوارانی ئەم ڕێگایە ھەیە بێ جیاوازی ڕەنگ و دەنگ چونکە سەرۆکی ھەرێم و دامەزراوەی سەرۆکایەتی دە نگ و ڕەنگی کوردستانیانە بێ جیاوازی بیروڕای ئاینی و سیاسی بۆیە دەبێ لایەنەکان لەڕێگای میدیاکانیانەوە ھاریکاری ئەم پرۆسەیە بن بەتایبەتی پارتی ، یەکێتی ، گۆڕان کە بەشداربوی کارای دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانن ئەگەر باوەڕیان بەیەکگوتاری کوردستانی و دەرباز بوون لەم گێژاوە سیاسی و ئابورییە ھەیە دەیانەوێ گرێ کوێرەکان بکرێتەوە نابێ بە پارادۆکس ڕەفتار بکەن وپێویستە لەم پرۆسەیەدا ھاوکاری جیدی و هەمە لایەنەبن


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif