بەریتانیا لە ترسی خۆپیشانداندەران پەیكەرەكانی داپۆشی

ليست هناك تعليقات


پاش ئەوەی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە بەشێک لە پەیکەرەکانی بەریتانیا زیانیان پێگەیێندرا و شکێندران، پەیکەرەکان و لەنێویاندا پەیکەری وینستن چەرچڵ داپۆشران، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی بەشێك لە سیاسی و پەرلەمانتارانی بەریتانیا.

ئەو پەیکەرانەی داپۆشراون تەنیا پەیکەری کەسایەتییەکانی بەریتانیا نین، بەڵکو پەیکەرەکانی نێلسۆن ماندێلا و مهاتما غاندی-ش لەو وڵاتە داپۆشراون، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنیان لە زیانپێگەیاندنیان لەلایەن ئەو خۆپێشاندانانەی دژی گیانلەدەستدانی جۆرج فلۆید، هاووڵاتییە رەشپێستەکەی ئەمریکا دەکرێن.

پەیکەری شاژنە ڤیکتۆریا لە پارکێکی شاری لیدس شێوێندراوە و وشەی "مرۆڤکوژ" و "بی ئێڵ ئێم"ی لەسەر نووسراوە، بەشێک لە لایەنگرانی چەرچڵیش بۆ پاراستنی پەیکەرەکەی لە مەیدانی پەرلەمان مانەوە و مەزار و پەیکەرەکانی دیکەش لەلایەن هێزی ئەمنییەوە پارێزران.

هەروەها پەیکەری رۆبێرت میلیگان، بازرگانی بەکۆیلەکردن کە لەبەردەم مۆزەخانەی لەندەن بووە لە شوێنەکەی خۆی نەماوە و لابراوە.

کۆنەر بێرنس، پەرلەمانتاری بەریتانی ئاماژەی بەوە کردووە کە رەمزەکانی قوربانیدان بۆ ئازادی لەلایەن خەڵکێکی بەرچاوەوە "بێڕێزییان بەرامبەر کراوە" و دەشڵێ "پەیکەری وینستن چەرچڵ، مەزنترین شەڕکەری ئازادی کە نیوەی ئەوروپا و جیهانی ئازادکرد داپۆشراوە. دەبێت کۆنترۆڵی خۆمان بکەین".

پەرلەمانتارێکی دیکە بەناوی بێن برادلی پێیوایە داپۆشینی پەیکەرەکان زۆر جێگەی دڵتەنگییە و دەشڵێ "ئەم مۆنیۆمێنتانە دەبێت بپارێزرێن، بەڵام داپۆشینیان زۆر شت دەڵێت لەبارەی دۆخەکەوە".

بە بۆچوونی بێن برادلی، خۆپێشاندانەکان ئێستا لەبارەی ڕەچەڵەکەوە نین بەڵکو "لەبارەی مێژوو، ئاسەوار و هەوڵەکانمانە بۆ دەستکاریکردنی رابردوومان بەمەبەستی زیاتر گونجاندنی بۆ کەمینەکان".

گوتەبێژێکی سەرۆکی شارەوانیی لەندەن سەبارەت بە داپۆشینی پەیکەری چەرچڵ لە مەیدانی پەرلەمان دەڵێ "کاتی دەبێت و بۆ پاراستنی پەیکەرەکەیە".

هەردوو سەرۆکی شارەوانیی لەندەن و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تکایان لە خۆپێشاندەران کردووە کە ئەم کۆتایی هەفتەیە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەیەن دەرەوە.

چەند رۆژێک بەر لە ئێستاش خۆپێشاندەرانی بەریتانیا پەیکەری ئێدوارد کۆلستۆن، بازرگانی بەکۆیلەکردنیان شکاند و خستیانە نێو رووبارێکەوە، کە ناوبراو لە سەدەی 17یەمدا بازرگانیی بە کۆیلەوە کردووە، پەیکەرەکەشی لە برۆنز دروستکراوە.

وینستن لیۆنارد سپێنسەر چەرچڵ لە ساڵی 1874 لەدایکبووە، لە ساڵی 1940 بۆ 1945 و لە ساڵی 1951 بۆ 1955 سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بووە.

چەرچڵ دژی رژێمی نازیی هیتلەر بووە، بەهۆی بوونی کێشە لەنێوان بەریتانیا و هیندستان بۆچوونی نەژادپەرستانەی بەرامبەر هیندییەکان هەبووە، بەشێوەیەک کە لە گوتەیەکیدا دەڵێ "هیندییەکان گەلێکی دزێون و دینەکەشیان دزێوە".

رۆژی دووشەممە 25ی ئایاری 2020، لە شاری مینیاپۆلیس، چوار پۆلیس پیاوێکی رەشپێستی تەمەن 46 ساڵ بە ناوی جۆرج فلۆید بە تۆمەتی ساختەکاری دەوەستێنن، پیاوە رەشپێستەکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی بووە و پۆلیس دەیهێنێتە خوارەوە. دواتر یەکێک لە پۆلیسەکان پیاوە رەشپێستەکە دەخاتە سەر زەوی و ئەژنۆی قاچێکی دەخاتە سەر ملی، هەرچەند پیاوە رەشپێستەکە دەڵێت ناتوانم هەناسەبدەم، پۆلیسەکە وازی لێناهێنێت، تاوەکو دەبوورێتەوە و دواتریش لە نەخۆشخانە گیانلەدەستدەدات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif