پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا چەند بڕیار و رێنمایی نوێ دەرکرد و دەڵێت، هەركەس و شوێنێك پابەندی تەواوی رێكار و رێنماییەکان نەبێت، شوێنەكەی بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێت و رێكاری یاساییش بەرامبەر خۆی دەگیرێتەبەر.
دەقی بڕیار و رێنماییەکانی پارێزگاری سلێمانی
١-بەیانی ژمارە (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەردوو نووسراوی ژمارە (٧٢٥٣ و ٧٢٥٤)ی ڕۆژی (١/ ٦/ ٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ وەكو خۆیان جێبەجێ دەكرێن جگە لەو بڕگانەی کە لەم ڕاگەیەندراوەدا هەموارکراونەتەوە، پێویستە هەموولایەك پابەندی بڕگەكانی ئەم بڕیارانە بن.
٢- لە سەعات (٦)ی ئێوارەی ڕۆژی (٣/ ٦/ ٢٠٢٠)ەوە بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە و ڕێكار و ڕێنماییەكانی پێشتر لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تر پەیوەست بە بوارە جیاجیاكان دیاریكراون، لەژێر چاودێریی و لێپرسینەوە و پشكنینی وردو تووندی لیژنەكانی بەدواداچوون و لیژنەكانی قائمقامیەتەكان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیدا، سێكتەرەكان دەكرێنەوە، هەركەس و شوێنێك پابەندی تەواوی ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستییو كارگێڕییو ئارامییەكان نەبێت، شوێنەكەی بۆماوەی هەفتەیەك دادەخرێتو ڕێكاری یاساییش بەرامبەر خۆی دەگیرێتەبەر.
٣-پێویستە هەموو ئەو بوارو سێكتەرو شوێنی كارو دامەزراوانە لە كەرتی گشتیو تایبەتدا، پابەندی تەواوی ڕێوشوێنەكانی تەندروستییو خۆپارێزیی بنو پێداویستی پاكژكردنەوەو كەلوپەلی خۆپارێزیی بەكاربهێنن و پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستییەكان بكەن.
٤-پێویستە دووریی نێوان كەسێك بۆ كەسێكی تر لە هەموو شوێنە گشتییو فەرمانگەو دامەزراوەكانو بازاڕو مۆڵو ماركێتەكاندا لە (یەك مەترو نیو) كەمتر نەبێتو نابێت لە هیچ شوێنێكدا بەریەككەوتنو تێكەڵاوبوونو كۆڕو كۆبوونەوەو قەرەباڵغی ڕووبدات، بەپێچەوانەوە ئەو شوێنە دادەخرێتو خاوەنەكەی ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە، لە فەرمانگەکانی دەوڵەتیشدا بەڕێوەبەری فەرمانگەکە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و کارگێڕیی دەکرێتەوە.
٥-لە ڕۆژی (٧/ ٦/ ٢٠٢٠)ەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی پێشتر لەلایەن هەر فەرمانگەیەكەوە دیاریكراوە دەوامی فەرمیی فەرمانگەكانی دەوڵەت دەستپێدەكاتەوە، پێویستە فەرمانبەران پابەندی تەواوی ڕێوشوێنو ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستییو خۆپارێزییەكان بنو پێشوازیی لە هیچ سەردانكەرو هاووڵاتییەك ناكرێت ئەگەر كەلوپەلی خۆپارێزیی (ماسكو دەستكێش)ی بەكارنەهێنابێت، لە هەموو فەرمانگەكاندا پێویستە لەڕێی سیستمی یەك پەنجەرەوە مامەڵەكان لە هاووڵاتیان وەربگیرێتو لەهەمان شوێنەوە وەڵام بدرێنەوەو هاتنە ناو بەڕێوەبەرێتیو بەشو ژوورەكانی فەرمانگەكان قەدەغەیە، لە هەر شوێنێكدا سەرپێچی بكرێت بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگەیە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەو ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە.
٦-پێویستە هاووڵاتیانی خۆشەویست پابەندی تەواوی بڕیارو ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان بن و ڕۆڵی شیاوی خۆیان لە پاراستنی تەندروستی خۆیان و خەڵكدا ببینن و لە ڕوودانی هەر نەخۆشیی و ناخۆشییەک و کەمتەرخەمییەکدا خۆیان بەرپرسیار دەبن و ئەگەر زیانیان بە تەندروستیی گشتیی گەیاند لەلایەن فەرمانگەی داواکاری گشتییەوە ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
٧-تیمی تەندروستیو پشكنین لە هەموو دەروازە نێودەوڵەتیو بازگە سەرەكییەكانی نێوان سلێمانیو شارەكانی تری دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بە جێگیریی دەمێننەوەو پشكنینو ڕێنمایی تەندروستیی پێشكەش دەكەن، هەر كەمتەرخەمییەك لەم بوارەدا بەڕێوەبەری دەروازەو مەرزو بازگەكانو بەڕێوەبەرێتی گشتیی تەندروستی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاساییو كارگێڕیی دەكاتەوە.
٨-دوای تەواوبوونی ماوەی كەرەنتینەكردنی دیاریكراوی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ وەك لە بڕگەی (دەیەم)ی بەیانی ژمارە (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، دەروازەكە لەژێر ڕێوشوێنو ڕێكارو ڕێنمایی توندی تەندروستییو كارگێڕییو ئارامییدا دەكرێتەوەو هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی لایەنی تەندروستیی لە هەردوولاوە.
٩-هاتووچۆ لەنێوان سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانیو پارێزگاكانی تری دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بە ڕاگیراوی دەمێنێتەوەو لەدوای (٧/ ٦ /٢٠٢٠)یشەوە پێویستە تەنها بە ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆو بەپێی پشكنینو ڕێكاری تەندروستییو كۆرەنتینەكردن هاتووچۆی دیاریكراوی ڕێگەپێدراو هەبێت، بازگەی جێگیرو تیمی گەڕۆك لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ڕاسپێردراون بۆ كۆنترۆڵكردنو ناوچەو ڕێگا لاوەكییو نایاساییەكانو هەركەس هەوڵی بە نایاسایی هاتنە سنوری ئیداریی پارێزگای سلێمانی بدات ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی توند دەكرێتەوە.
١٠- داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و دەستەبژێر و كەسایەتییە ئایینی و سیاسیی و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەكان دەكەین، كە هەماهەنگیی تەواوی دامودەزگاكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بنو، ڕۆڵی شایان و پێویستی خۆیان لە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیدا ببیننو هەموو ئەندام و لایەنگرو هەوادارەكانیان دڵنیا بكەنەوە، كە مەترسیی پەتای كۆرۆنا مەترسییەكی جدییەو هەر كەمتەرخەمییو بەكەمگرتنێك كارەساتی گەورەی تەندروستییو مرۆیی لێدەكەوێتەوە.
١١- داوا لە هەموو دەزگا و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكەین، كە ڕۆڵی مێدیاییو نیشتمانییو مرۆیی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆناو بەرزكردنەوەی ئاستی پابەندبوونو خۆپارێزیی هاووڵاتیاندا ببیننو وەك هەمیشە چاودێرێكی وردی سەر دامەزراوە دەوڵەتیەكان بن بۆ جێبەجێكردنی ئەركو ڕێكارە یاساییەكان، هەركەسو كەناڵێك گیانی سەركەشییو بێباكییو گومانی بەكەمگرتنو شێواندنی ڕاستییەكان بڵاوبكاتەوە، لەلایەن فەرمانگەی داواكاری گشتییەوە ڕێكاری یاسایی پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
١٢-هەركەسێك هەوڵی بەقاچاخ هاتنەوە، یان بەقاچاخ هێنانەوەی خەڵك بدات، ڕێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
١٣- هەموو هۆكانی گواستنەوەی گشتی (تەكسی، پاس، مینی پاس) پێویستە پابەندی ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستییو خۆپارێزییەكان بنو بەپێچەوانەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەك دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكانیاندا دەگیرێت.
١٤-لیژنەیەكی بەدواداچوونی هاوبەش لە هەموو یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، لە (نوێنەری قائیمقامیەت، هێزە هاوبەشەكانی لیژنەی ئارامیی، نوێنەری هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی تەندروستی، ئەوقاف، گەشتوگوزار، شارەوانی) لە ئەمڕۆوە لەژێر چاودێری قائیمقامی قەزاكاندا پێكدەهێنرێتو ڕێكاری ڕاستەوخۆو خێرا بەرامبەر هەركەسو شوێنێكی سەرپێچیكار دەگرنەبەرو هەماهەنگیی تەواوی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی دەبن.
١٥-پێویستە بەنزینخانە و كارمەندانی بەنزینخانەكان پابەندی تەواوی ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و لەلایەن كارگوزاری بەنزینخانەكانەوە سوتەمەنیی بكەنە ئۆتۆمبێلەكانەوەو نابێت شۆفێر یان سەرنشین لە ئۆتۆمبێلەكانیان بێنە خوارەوە.
١٦- بەهەموو شێوەیەك سەردانیكردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەكاندا قەدەغەیە.
١٧-پرسەدانان و ئاهەنگگێڕان و، هەر كۆڕو كۆبوونەوەیەك كە بەریەككەوتن و تێكەڵاویی دروست بكات قەدەغەیە.
٣/٦/٢٠٢٠
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق