لوبنان ئەم هەفتەیەی بە گرژی و ئاڵۆزی دەستپێکرد، خۆپێشاندانی دژ بە قەیرانی ئابووری و دارایی بەیرووتی پایتەختی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، بەشێوەیەک کە بەشێک لە خۆپێشاندەران هەوڵیاندا ئاگر لە باڵەخانەکان بەربدەن.
خۆپێشاندانەکان درێژەپێدەری ئەو ناڕەزایەتییانەن کە لە 17ی ئۆکتۆبەری 2019 لە لوبنان سەریانهەڵدا.
ئێستا داواکاریی خۆپێشاندەران تەنیا لە ئەنجامدانی چاکسازی نەماوەتەوە، ئەوان داوای حکومەتێکی نوێی سەربەخۆ دەکەن کە حیزبە چەکدارەکان کاریگەرییان بەسەریەوە نەبێت.
بەشێک لە خۆپێشاندەران داوای سیستەمێکی دادوەریی سەربەخۆ و هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە دەکەن، خۆپێشاندەرێک دەڵێ "ئەم داواکارییانە داواکاریی شۆڕشی 17ی ئۆکتۆبەرن،بەدەرن لە داواکاریی چەکدارانی حیزبوڵڵا. چەکداری حیزبوڵڵامان رەتکردووەتەوە، داوای شەرعییەتی دەوڵەتی لوبنانی دەکەین".
خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە گوشارێکی زۆریان لەسەر حیزبوڵڵا دروستکردووە، بەشێوەیەک شەوی رابردوو چەکدارانی حیزبوڵڵا لە مەیدانی شەهیدان رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە، هاوکات چەند کەسێکی سەر بە بزووتنەوەی ئەمەل وەڵامی حیزبوڵڵایان دایەوە، تاوەکو درەنگانی شەو شەڕە تەقە بەردەوامبوو.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە خۆپێشاندانەکانی لوبنان وەستابوون، بەڵام بێکاری و خراپیی گوزەرانی خەڵک سەرەڕای مەترسییەکانی کۆرۆنا خۆپێشاندەرانی هێنایەوە سەر شەقام.
رێژەی بێکاری لە لوبنان 40٪ـە، لە 18 مانگی رابردووشدا 160 هەزار کەس، کاریان لەدەستداوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق