خۆماڵیكردنی نەوت

ليست هناك تعليقات

عارف قوربانی
-
رۆژگارێك كوردستان دەستی بۆ نەوت برد و ویستی بیكاتە بناخەی پیشەسازییەكی خۆماڵی، كۆسپ و لەمپەری زۆری خرایە بەردەم، هەڕەشەی جۆراوجۆریش ئاراستەی كۆمپانیا گەورە نەوتییەكانی جیهان كرا تاوەكو روونەكەنە چاڵە نەوتییەكانی كوردستان. 

بۆیە بۆ ئەوكات دروستترین بڕیار و سیاسەت بۆ شكاندنی لەمپەرەكان هەر ئەو بژاردەیە بوو كە هەرێمی كوردستان خستییە بەردەم كۆمپانیاكانی نەوت، ئەویش پێدانی پشك و بڕی زیاتر بوو لەوەی لە عێراق دەستیان دەكەوت. چونكە بۆ ئەوكات دەستبردن بۆ نەوتی كوردستان هەر بەتەنیا بۆ هەرێمی كوردستان ریسك نەبوو، بگرە بۆ ئەو كۆمپانیایانەش ریسك بوو كە بڕیاریاندا روو لە كوردستان بكەن، بۆیە دەبوو ئیدارەی كوردی وەك كانی زێڕ دەرگاكانی بۆ كۆمپانیاكان بخستایەتە سەرپشت، تاوەكو گوێنەدەنە كاردانەوەكانی بەغداو دەست بە گەڕان و پشكنین، هەڵكەندن و دەرهێنان، هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی كوردستان بكەن.

بۆ ئەوكات هەر دەبوو ئەوە بكرێت، بژاردەی دووەم نەبوو، بەڵام خۆ ناكرێت ئەمەش تاوەكو قیامەت بەردەوامبێ، دوا وتاری سەرۆكی حكومەت ئەوەی نیشانداین كە چل لە سەتی داهاتی نەوت بۆ كوردستانە، ئەویدیكەی هەقدەست و كرێی گواستنەوەو پشكی كۆمپانیاكانە. 

پێویستە لە خاڵێكدا ئێستێك بكرێت، چاو بەگرێبەستەكاندا بخشێندرێتەوە و كوردستان پێداچوونەوەیەك بە سیاسەتی نەوتی و چۆنیەتی بەڕێوەبرنی ئەم كەرتەدا بكات. دەبێ رۆژێك نەوتی كوردستان خۆماڵی بكرێتەوەو سوود و داهاتی بۆ گەلی كوردستان بێت.

ئێستا بەهۆی لێكەوتە سەرەتاییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر كەرتی نەوت لە جیهاندا، دەرفەتێكی گرنگە كوردستان كەڵكی لێوەربگرێ بۆ رێكخستنەوەی بەڕێوەبردنی ئەم سامانە نیشتمانییە. كە لەهەندێ ئاستدا بووەتە بارگرانی بۆ خەڵكی كوردستان و بووەتە تەوق بەسەر ئابووری هەرێمەوە.

رێككەوتنی ئۆپیك و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە دەرەوەی ئەو رێكخراوە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، ئیلتیزامات دەخاتە سەر عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كە دەبێ رێژەی هەناردەكردنی نەوت كەمبكەنەوە. ئەمە ئەگەر بەدیوێكدا والێكبدرێتەوە لەم بارودۆخە قەیراناویەی ئابووریدا خراپەو دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی داهات، بەڵام دیوێكی باشی هەیە كە كوردستان رزگار دەكات لە هەندێ ئیلتیزاماتی كۆمپانیاكان و دەكرێت ببێتە هەنگاوی سەرەتا لە خۆماڵیكردنەوەی بەشێكی نەوتی وڵاتەكەمان.

لە هەمانكاتدا كوردستان دەتوانێ ئەمە وەك دەرفەت ببینین بۆ زیادكردنی داهات. رەنگە ئێستا پێتان سەیربێ چۆن دەكرێت بە كەمكردنەوەی هەناردەی نەوت بێ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش داهات زیاد بكات. بەڵام ئەمە دەكرێت لە كوردستان ببێتە راستی. ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان دەینێرێتە دەرەوە كە نزیكەی پێنج سەت هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، بۆ ئەمڕۆ كە ئەم وتارە بڵاودەبێتەوە نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت بە چل دۆلارە، نەوتەكەی كوردستان ئەگەر بە چل دۆلاریش بفرۆشرێت بۆ هەر بەرمیلێك حەڤدە دۆلاری دەڕوات بۆ كرێی بۆڕی لە كوردستانەوە بۆ توركیا، لە توركیاوە بۆ سەر بەندەری جیهان و هەقی دەڵاڵانەی فرۆشتن و كرێی ئەو بانكەی پارەكەی لێهەڵدەگیرێت. 

ئەو 23 دۆلارەی دیكەش كە دەمێنێتەوە هەمووی بۆ هەرێمی كوردستان نییە، چونكە هەقدەستی كۆمپانیاو پشكی كۆمپانیانیشی دێتەسەر و بڕێكی نزیك پازدە دۆلاری دەبێتە داهات بۆ كوردستان.

واتە ئێمە ئێستا ئەگەر رۆژانە چەند نەوت هەناردە بكەین، بۆ هەر بەرمیلێك پانزە دۆلارمان دەستدەكەوێت. بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەولێر و بەغدا كراوە لە رابردوودا و، خەریكە دەكرێتە بناخە بۆ رێككەوتنی داهاتوو، ئەوە كوردستان پابەند دەبێ رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بخاتە بازاڕەوە. ئەوەی دەمێنێتەوەو هەر نزیكە لەو رێژەیە، بڕیارە هەرێمی كوردستان خۆی بیفرۆشێت. واتە دووبارەبوونەوەی هەمان بەزم كە بۆ هەر بەرمیلێك 17 دۆلاری دەڕوات.

كەواتە هێشتا ئاسۆیەك نابینرێ بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا هەرێمی كوردستان بتوانێ مووچەی فەرمانبەران دەستەبەر بكات، چونكە بەپێی رێككەوتنی تازەی نێوانیان، هەرێمی كوردستان جگە لەو رێژەیەی نەوت، دەبێ نیوەی داهاتی ناوخۆش بداتەوە بەغدا، راپۆرتەكانی دیلۆتیش دەریدەخەن خێر و قازانجی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیاكانی نەوت و كرێی بۆڕی و بانك و بازرگانەكانە نەك بۆ خەڵكی كوردستان، بۆیە ئەو نەوتەی دیكە كە دەمێنێتەوە بە ئیدارەدانی بەهەمان سیاسەتی رابردوو، ناتوانێ یارمەتیدەرێكی باش بێ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی.

بۆ ئەوەی كوردستان بتوانێ ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە، ناكرێت هەر چاوی لەوەبێ نەوتەكەی لەهەمان بازاڕ و بەهەمان رێگەدا ساخ بكاتەوە، كە ساخ بووەتەوە نرخی نەوت هەرچەندبێت، 17 دۆلاری بۆ گواستنەوەو بەبازاڕكردن دەڕوات. ئایا ناكرێ بازاڕێك بدۆزینەوە كە كرێی گواستنەوە نەكەوێتە سەر نەوتەكەو حكومەت لەو پارەیە زیاتری بێتەدەست كە هەناردەی دەرەوەی دەكات؟
بازاڕی ناوخۆی كوردستان بەدیلێكی باشترە و حكومەت دوو بەرانبەر پارەی زیاتری دەستدەكەوێت. رەنگە تەنیا كەسانێك كە ژمارەیان لە پەنجەكانی دەستێك تێدەپەڕێت لەمە زەرەرمەندبن. ناكرێ پێنج شەش ملیۆن كەس لە بڕیارێك سوودمەندبن، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی پێنج شەش كەس پەكبخرێت.

رۆژانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین و نزیك لەو رێژەیە گاز و نەوتی سپی ماڵانە، بەشی هەرە زۆری ئەم سووتەمەنیانەش لە توركیاو ئێرانەوە دەهێنرێتە كوردستان. 

جێگەی هەڵوەستەو پرسیارە، كوردستان رۆژانە پێویستی زۆری بە بەنزین و گازو نەوتی سپی ماڵان و نەوتی رەشە بۆ كارگە و پاڵاوگەكانی ناوخۆ، هەرێمی كوردستان نایانداتێ و دەبێ پارەیەكی زۆری كوردستان بدرێتە توركیا و بەغداو تاران، كەچی نەوتەكەی خۆشمان بەوجۆرە بەتاڵان دەچێت.

ئەگەر حكومەت ئێستا بڕیاربدات رۆژانە بۆ نموونە 150 هەزار بەرمیل نەوت تەرخان بكات بۆ ناوخۆ و بیداتە پاڵاوگەكان و كارگەكانی چیمەنتۆ و ئاسن كە ئێستا یان لە بەغدا یا لە بازاڕی رەش و قاچاخ دەیكڕن. ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێك پێنج دۆلار لەخوار برێنتیش بیانداتێ، ئەوە حكومەت دوو بەرانبەری ئەوەی دەستدەكەوێ كە لە رێی توركیاوە دەیخاتە بازاڕەوە.

بەمە پاڵاوگەكانی ناوخۆش بەنزین و گازو نەوتی پێویستی رۆژانە بەنرخێكی هەرزانتر دابین دەكەن، دەتوانرێت كێشەی كارەباش لەم رێیەوە چارەسەر بكرێت، چونكە زۆرجار گوێبیسی بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا دەبین باس لەوە دەكەن بەهۆی نەبوونی گازوایلەوە چەندین یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا راوەستاون. خەڵكیش جارێك سوودمەند دەبن سووتەمەنی هەرزانتریان دەگاتە دەست، جارێكیش سوودمەند دەبن هەرێمی كوردستان دەتوانێ مووچە بدات. هەموو رۆژێكیش پارەی نزیك بە دە ملیۆن لیتر سووتەمەنی ناچێتە توركیا و ئێران و بەغدا و لە ناوخۆ دەوران دەكات.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif