چەند سەرنجێک لەسەر کتێبی "کارگەکانی تابووت"ی شێرزاد

ليست هناك تعليقات

مەحمود چاوەش
-
کتێبی "کارگەکانی تابووت"، کە ڕەنج و کاری هزری چەندین ساڵەی نووسەر شێرزاد حەسەنە، سەرنجدانێکی قووڵ و ناوەڕۆکێکی ڕۆحی بەرفراوانە لەسەر کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەتی و کۆمەڵگەکانی تری جیهان بەگشتی. بابەتەکە ئازاری دەروونی و پیشخواردنەوەی نووسەرە لەمەر دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەیەک، کە تیایدا ساکارترین مافە سروشتییەکانی مرۆڤ خراونەتە زبڵدانی مێژویەکی دووبارەبووەوە و بە قەولی خۆی خەڕەکئاسا. نووسەر توڕە و دڵشکاو و نائومێدە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، کە مرۆڤی مەرگدۆست و کۆیلە و خەسێندراو بەرهەمدێنن. کتێبەکە هەوڵیداوە لە ڕوانگەیەکی سۆسیۆ-پسیکۆلۆژییەوە شیکارێکی ئەو کۆمەڵگانە بکات، کە تیایاندا مرۆڤەکانیان بەو شێوەیە تێکشکێنراو و لاوازکراون. بەڵام تێڕوانینەکانی نووسەر هەندێجار بابەتیانە هەڵنەهێنجراون، هۆی ئەمەش زۆرجار نەگەڕانە بە دوای سەرچاوە زانستییەکان و کەمی زانیاری لەمەڕ هەبوونی ئەو سەرچاوانەوە.
نووسەر هەندێ لایەنی دەروونی تاکەکان دەبەستێتەوە بە تێزەکانی سیگمۆند فرۆید دەربارەی شعور و ناشعور\هەستی (نەستی) دەرەوە و ناوەوە، هەروەها بە "بەرزە-من"ەوە، کە ئارەزووەکانی مرۆڤیان تێدا بەرجەستە ئەکرێت. بەلام تەنیا یەک سەرچاوەی ئەم بەڵگانە لە کتێبەکەدا دەستنیشان نەکراون، کە کارێکی گەلەک پڕ هیلاکی و بێزارهێنەرن. ئەمە بەمانای ئەوە نایەت، کە نووسەر بەشوێن برینەکانی ئەو کۆمەڵگایانادا نەگەڕاوە و دەستنیشانی نەکردوون، بەڵکو ئەڵتەرناتیڤێکی بۆ چارەسەری برینەکانی دانەناوە. ڕەنگە ئەو تەنیا بییەوێت کێشەکان ڕەخنەییانە فەزح بکات. نووسەر باسی کۆمەڵگەیەکی مەرگدۆست و کۆلێکتیڤئاسا دەکات، تێزی نوسینەکەش بەمەرگئاسایی و بەو میانەدا هەنگاو دەنێت و ئەلتەڕناتیڤێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە. بۆ زیاتر ڕوونبونەوەی ستایلی نوسینەکە پێم باشە بەم شێوەیەی خوارەوە شیکار بکرێن.

بەشی یەکەم
لە نێوان ستایلی ئەدەبی و زانستیدا:
"مرۆڤ ئەو گیاندارەی کە نازانێت بژی"، ئەمە تێڕوانینی شێرزاد حەسەنە لەسەر مرۆڤ، ئیتر لە هەرشوێنێکی ئەم جیهانەدا بێت. نووسەر هەوڵیداوە ئەو جیاوازییە سۆسیۆکولتورییانەی، کە لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا بەرجەستەن، وەکو فاکتێکی مێژوویی و کولتوری دەستنیشانیان بکات. هەوڵیداوە ڕوونیبکاتەوە، کە بۆچی مرۆڤەکانی ئەوروپا ئازادترن، تاکڕەوایەتی وەکو مافێکی سروشتی خۆیان دەبینن و لای ئێمەش مێگەلپەرست و مەرگدۆست و ئازادییەکانی تاک بەهایان نییە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەماناش نووسەر هەوڵیداوە ئەم دیاردەیە بە پێوەری چەند بنەمایەکی مێژویی، سۆسیۆکولتوری و دەروونناسی شیکار بکات. بە بیروڕای من لێرەدا نووسەر هەنگاو دەنێتە لایەنە زانستییەکانەوە، زانستی کۆمەڵایەتی (سۆسیۆلۆجی)، دەروونناسی (پسیشۆلۆگی)، پەروەردەناسی (پێداگۆگی)، هەروەک ڕامیاریناسی (پۆلیتۆلۆگی). ئەمەش کاری نوسینی کتێبێکی لەم جۆرە ئاسان ناکات، لێ بۆ هەر ئارگومێنتێکی زانستی نووسەر پێویستی بە بنەما و سەرچاوە زانستییەکان دەبێت. لە تەواوی ئارگومێنتەکاندا بنەما و سەرچاوە زانستییەکان بەدیناکەین، یان زۆر بەکەمی دەستنیشانکراون، کە بەداخەوە لە نرخاندنە زانستییەکەی ئەم کتێبە کەمدەکاتەوە. 
کتێبی "کارگەی تابووتەکان" سەرنجێکی ڕەخنەگرانەی کۆمەڵایەتییە بە پلەی یەکەم دژی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە نووسەر بە تاریکهەڵاتی ناوەڕاست یان ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەندی دەکات. لەکاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، کە نووسەر زیاتر تێکستێکی ئەدەبی و بە ستایلێکی چیرۆکنووسی یان ڕۆماننووسی بەکارهێناوە، نەک ستایلێکی زانستی، کە لە هەندێ بەڵگە زانستییەکاندا بنەمای زانستی دەخوازێت. نووسەر هەوڵیداوە بنەما زانستییەکان ڕوونبکاتەوە، بەڵام سەرچاوە زانستییەکان لە زۆربەی تێکستەکاندا دیاری نەکراون. کارەکە زیاتر بابەتێکی سۆسیۆکولتورییە، لەسەر بنەمای زانستەکانی تر، کە لێرەدا ناویانهێنراوە. بێگومان مامۆستا شێرزاد زیاتر چیرۆکنووس و ڕۆماننووسە و چەندەها کاری ئەدەبی و ڕۆمان و کوورتەچیرۆکی نوسیوە، دیارە ئەو پەنچە و پێنووسەی لە نووسینەوەی ئەم کارەیدا بەکاری هێناوە، بەڕوونی دەست و پەنجەی ڕۆماننووس یان چیرۆکنووسێکە. ئەمەش مافێکی سروشتی نووسەر خۆیەتی. نووسەر هەوڵیداوە هاوسەنگییەک (بەڵانسێک) لە نێوان تێکستە ئەدەبی و شیکارە زانستییەکاندا بکات، بەڵام بە بیروڕای من ستایلەکە تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان.

خاڵبەندی:
ڕەنگە لە ستایلی نوسینەوەی چیرۆک یان ڕۆمان یان زۆر بەرهەمی ئەدەبیدا خاڵبەندی دەورێکی ئەوتۆ نەبینێت، ئاخر فەنتازتای بیر و هەستی ناوەوەی نووسەر بێسنوور دەمێننەوە. بەڵام کاتێک باس لە نووسینەوەی بابەتێکی زانستی دەکەین، دەبێت گەلەک ئاگاداری لایەنی خاڵبەندی بین. بەرهەمە ئەدەبییەکان جۆرێک لە فەنتازیا و تەوس و لێکچونی جیاجیا لە خۆ دەگرن، کە خاڵبەندی دەوری زۆر گرنگیان تێدا نابینن. خاڵبەندی لە کارێکی زانستیدا دەستنیشانکەری پنتی ئارگومێنتەکانن، هەر لەبەر ئەوەشە دانانی خاڵ لە ڕستەکاندا زۆر گرنگن. خاڵبەندی پێمان دەڵێت سەرەتا و کۆتایی ڕستەیەک چیمان ئاڕاستە دەکات، بەڵام لە ستایلی نووسینی ئەم کتێبەدا خاڵبەندی زۆر بەلاوە نراوە. نووسەر لە لاپەڕە ٧٢ی کتێبەکەدا بەم شێوەیە دانوستانی کاری خاڵبەندی ئەکات:"مەحاڵە بتوانم ڕێز لە خاڵبەندی بگرم، ئەو داڕسکان و داڕژران و داڕووخانە وەها کوشندەیە کە من گەمارۆ دەدات لە قۆناغی هاوار و زریکەدا بژیم و فریای خاڵبەندییەکی باو و ئەکادیمییانە نەکەوم، چونکە خوێن و فرمێسک و ئارەقە بۆ خۆیان زمانن". بەڵام بە ڕای من خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا تووشی جۆرێک هیلاکی دەبێت، چونکە ماناکان شاراوە دەبن و خوێنەریش نازانێت مەبەستی نووسەر چییە. نووسینێک، کە باس لە زانستەکان بکات و بەڵگەی زانستی بخوازێت، دەبێ ڕستەکانی زۆر شەفاف و ڕوون بن. ئەرکی کاری زانستی ئاسانکارییە نەک گرانکاری. نووسەر لە شیکاری بابەتەکاندا وشەی "تێڕمان" بۆ سەرنجەکانی ئەم کتێبە بەکاردەهێنێت. ئەگەر وشەکە بەو مانایە بەکارهێنراوە، کە لە دەرگای زانستەکانی تر بدات، ئەوە بێگومان خاڵبەندی زۆر گرنگە. 

دوبارەبوونەوە:
سیستەمێکی پەروەردەیی داڕماو و کۆن و خەڕەکئاسا بوونەتە هۆکاری داڕمانێکی ئەخلاقی و کەسی، کە کۆمەڵگاکانی ئێمەی تووشی چەندەها کارەسات و داڕمانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقی کردووە. مرۆڤی تێکشکاو و مەرگدۆست و مێگەلپەرست کاڵای ئەو کارگانەن، کە لە لەدایکبوونیانەوە تاکو مردن خۆ لەنێو تابوتەکانیان دەنێن و دەمێننەوە. سەرئەنجامی کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە لە پێداگۆگی دەبنە ئەنجامگەیاندنی جەنگەکان و بەکارهێنانی زەبروزەنگ. ئەمە جەوهەر و ناوەڕۆکی بەشە سەرەتاییەکانی ئەم کتێبەن. نووسەر ئەم تێزە لە زۆر شوێن و بەشەکانی کتێبەکەدا دووبارە دەکاتەوە. ڕەنگە نووسەر هێندە داخلەدڵ و برینداری ئەو هەموو دیاردە ناشرینانەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی و بەتایبەتی کوردی بێت، کە ڕستەکان دووبارە و چەندبارە بکاتەوە. بەڵام ئەم دووبارەبوونەوەیەش خوێنەر هیلاک دەکات و لە کۆنتێکست و فۆرمی کاری زانستی بێبەرییان بکات. ڕستەی درێژ و پنتی بێکۆتایی لە ستایلی زۆر نووسینی تازەدا، بە تایبەتی زانستییەکاندا، بەسەرچووە. ڕەنگە دیاردەی دووبارە و سێبارە بوونەوە تەرز و شێوازێکی کۆمۆنیکاسیۆن بێت لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا.

دەستنیشانکردنی سەرچاوەکانی کارەکە:
بەداخەوە لە ناوهێنانی کەسەکانی ناو بابەتەکاندا سەرچاوە و زانیارییەکان ونن، بۆ نموونە کاتێک نووسەر باسی میشێل فۆکوی فەیلەسوف و کۆمەڵناس دەکات، ئەوا دەستنیشانی هیچ سەرچاوەیەکی ئەم فەیلەسوفە فەڕەنسیە ناکات. لەم بارەیەوە خوێنەر دەبێت خۆی بەشوێن سەرچاوەکاندا بگەڕێ. ڕەنگە هەندێجار خوێنەر پێویست بکات یان ئازابێت، خۆی بەشوێن هەندێ سەرچاوەدا بگەڕێت، بەڵام نەک بەشوێن هەموو سەرچاوەیەکدا. گەلێک لە نووسەران و فەیلەسوفەکان و زانستوانەکانی جیهان لەم کتێبەدا باسکراون، بەبێ ئەوەی سەرچاوە زانستییەکان ناوزەند بکرێن. دیارە لە نووسینێکی ئەوهادا کە باس لە زانستەکان دەکرێت، سەرچاوە زانستییەکان نابێت بێبەش بن لە نووسینەکەدا، بەتایبەتی خوێنەوارانی کورد لە وڵات، کە ڕەنگە زۆر شارەزایی و زانیاریان لەسەر تێکست و سەرچاوە ئەوروپییەکان بەزمانی ئەوروپی نەبێت. 

جیاوازییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا:
نووسەر وەک باسکرا ڕۆژهەڵات بە تاریکستان و تاریکهەڵات، مرۆڤەکانی بە مەرگدۆست و مێگەلپەرست، دەزگاکانی بە خەڕەکەشکاو و ئامێرئاسا، پەروەردەکەی بە خەڕەکەی ئاش و بەسەرچو و کۆنەپاتاڵ ناودەبات. بۆیە کۆمەڵگەیەکی پڕتاریکی و قەدەرهێنەرانە بەئەنجام دەهێنێت. زانیارییەکانی دووبارە و سێبارەن تاکو دەگاتە بەرزترین جێگەی زانستی کە زانکۆکانە. سیاسییەکانی ملهوڕ و گەندەڵ، نادیموکرات و خۆبەرەپێش و شاگردەکانیشیان ماستاوچی و گوێڕایەڵی گەورەکانیانن. لە کۆمەڵگەیەکی ئەوتۆدا مرۆڤی بێهێز و کەمئیلهام دروست دەبێت. 
ڕۆژئاوا خاوەنی ڕێنیسانس و شۆڕشی تەکنەلۆجیایە، مرۆڤەکانی ئازادتر و ئازادی تاکەکەس (ئیندیڤیدوالێتی / ئیندیڤیدوالیزم) پارێزراوە. سیاسەت شەفاف و دەزگاکانی دەوڵەت دابەشکراون، ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەشدارن، پەروەردەش جێگەی دانوستان و لە پەرەسەندندایە. لێرەش مرۆڤی گوێرایەل و ملهوڕ هەنە، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا.
ئەم لێچواندنانە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە ڕای من بەوردی دەستنیشان نەکراون، چونکە زۆر لایەن و بواری تر هەن، کە دەبێت قووڵتر و زانستیانەتر شیکاریان بکەین. دیارە لە هەردوو جیهانەکەدا دیاردەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەسی هەن، کە سەرنجی ڕەخنە و تێبینین. سەرەڕای ئەوە نووسەر زۆر بە وردی و کارامە باسی ئەو کەسانە دەکات، کە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە مرۆڤی نائاسایی و سەرکێش و ڕەخنەگر ناو دەبرێن، ئەمانەش بریتین لە نووسەر و ڕۆژنامەوان و فەیلەسوف و هونەرمەندان و رۆشنبیران. بە داخەوە ئەم بارە تاکو ئێستاش ڕاستیەکی ڕوون و ئاشکرایە، "ڕۆژهەڵات بیر و هزر کوژە". دیارە کۆمەڵگەکانی ئەوروپاش بە چەندەها قەیران و تەنگهەڵچنین و ئاڵۆزی مێژوویی جۆراوجۆردا تێپەڕیون و تێدەپەڕن، ئەو هەموو نووسین و کۆمێنتە ڕەخنەییانەی لە لایەن نووسەرە ئەوروپیەکانەوە لە سەدەکانی ڕابردوودا بەڵگەن بۆ ناهەمواریی باری کۆمەڵایەتی و کەسیی مرۆڤی ئەوروپی.

لایەنی ڕۆحی و ناخ لە نوسینەکەدا
ئازاری دەروونیی نووسەر بە پەنچەی دەستەکانییەوە دیارن، تووڕە و ماندووی ڕێگەیەکی پڕ دڕکاوین، پەستە لە کۆمەڵگەیەکی دژەمۆدێرن، مرۆڤەکانی لە دووبارەبوونەوەیەکی بەردەوامدان. ئەمە هەستی نووسەری گەلێک بریندارکردووە. ئەم لایەنە ڕۆحییە، هەژانی دەروونە، بارێکی سایکۆلۆژی سەخت دێنێتە گۆڕێ، بۆیە نووسەر لە تەواوی نووسینەکەیدا تووڕە و ماندوبوونی ناوەوەی ڕۆحی پەخشاندەکات، ئازارەکانی کۆمەڵگەیەک، کە نووسەر ڕۆژانە بە هەستێکی مرۆڤدۆستانەوە دەیاننۆشێت و ئازاری ناوەوەی دەدەن. دیارە نووسەرێکی هۆشمەند و هەستیار و بەرپرسیاری وەک شێرزاد حەسەنیش بێبەرینابێت لەم ئازارانە. 

ژیاندۆستی و مەرگدۆستی
بابەتی ژیان و مەرگ لە زۆرینەی ئەدەبیاتی جیهاندا ئاوێتەکراون، بە جۆراوجۆر توێژێنراون و مامەڵەیان لەمەڕدا کراوە. مەرگ وەکو کۆتایی، کە دەبێتە سەرەتایەک بۆ زیندەوەرانی تر. لە تەواوی کتێبی "کارگەکانی تابووت"دا هەست بە جۆرێک مەیل و لادانێکی ڕۆشن بەئاڕاستەی مەرگدۆستیدا دەکەین. نووسەر لەو باوەڕەدایە، کە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتدا مرۆڤ لە مردنێکی ئەبەدیدایە، هەر لە لەدایکبوونەوە تاکو کۆتایی ژیانی. هەڵبەتە ئەم ئاڕاستەیە لە بیرکردنەوە لە ناوەڕۆکی کۆمەڵگەکان خۆیانەوە هەڵهێنجراون، کە ڕۆژانە لە جەنگێکی بەردەوام و نامرۆڤدۆستانەدا نوقمکراون. نووسەر پێیوایە، کە مناڵ دوای لەدایکبوونی بە تونێلێکی ڕەشدا دەبرێت و لە کۆتایی تونێلەکەشدا تابووتێک چاوەڕوانێتی، واتە مناڵەکان هەر لەدوای لەدایکبوونیانەوە دەبنە کۆیلە و قوربانی ترادیسیۆنێک، کە لەنێو خانەکانی کۆماڵگەدا لەقاڵب دەدرێن. دیارە ئەم لەقاڵبدانە لە زۆربەی کۆماڵگەکاندا، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، بەسەر سیستەمی پێداگۆگیدا زاڵە. ئەم جۆرە دید و تێڕوانینە لەدایکبوون و سەرهەڵدانی عەبەسییەتێکە، کە سەرهەڵدانی ماتەمینیە لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا.
سەرهەڵدانی فەلسەفەی عەبەسییەت لە ئەوروپا لە سەدەی پێشودا، بەتایبەتی لە فەرەنسا، کە ژان پۆل سارتر، ئەلبێرت کامۆ، سیمۆن دیبڤوا و گابرێل مارسێل هەڵگر و باوەڕپێهێنراوی بوون، نموونەی دژەکاردانەوەی ئەو جەنگە وێرانکاریانە بوون، کە لە ئەوروپا بەرپاکراون. هەڵبەتە دەتوانرێت نووسەری ئەم کتێبەش بە هەندێک لەم نووسەرانە بچوێنرێت، کە ئاوێنەی ڕۆژهەڵاتمان، بە قەولی خۆی بە ڕەشهەڵاتی پێشان دەدات. نووسەر هیلاکی و ماندووبوونێکی یەکجار زۆری پێوە دیارە، نوکی پێنووسەکەی دەلەرزێت، کاتێک باسی ئەو دەڤەرەمان بۆ دەگێڕێتەوە، چوون تاڵی و زەخنەخ بە قوڕگیدا کراوە. لێ پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا ژیان بە مانای مردنە؟ یان ژیان ڕاستەوخۆ دەچوێنرێت بە مەرگ؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە نموونەی مێژویی زۆرن، کە لێرەدا دەستنیشانی بیر و هزری هانا ئاڕێنت* دەهێنمەوە بە نموونە.
ئەم ژنە فەیلەسوفە ئەڵمانی ـ ئەمەریکیە، کە خۆی زیاتر بە توێژەرەوەناسێک دەبینێت، سەرەڕای کارەساتەکانی جەنگی جیهانی دووهەم و خۆیشی وەک ژنێکی یەهودی، گەشبین سەیری ژیانی کردووە، سەرەڕای ئەو هەموو تاڵییەی لە ژیانی وەکو ژنە یەهودییەک بەسەر بردووە. لە هەموو نووسینەکانیدا دژی فاشیستی و هۆڵۆکۆست و ڕژێمەکەی هێتلەر وەستاوەتەوە، بەڵام سیستەمی پلوڕالیستی بە تەنیا جێگر و ئەڵتەرناتیڤێک دەزانێت بۆ ژیانێکی هەمەلایەنی و جۆرەکان. ئاڕێنت کەسێکی ژیندۆست مایەوە، سەرەڕای ئەو هەموو کارەساتانەی، کە بەسەر یەهودییەکاندا هاتوون، بۆیە دژی هەموو جۆرێکی تۆتالیتاریزم بووە لە جیهاندا. ئەو مرۆ هەر لە لەدایکبوونییەوە بە کەسێکی جیاواز و داهێنەر پێناسە دەکات، بۆیە دژی تاکی ئەبستراکت (مجرد) بووە. بیرکردنەوەکانی لەسەر بناغەی لەدایکبوونەوە، نەک لەسەر مردنەوە هەڵهێنجراون. ئەو هەر پێیوابووە، کە بەتەنیا ژیانی پێکەوەیی لەگەڵ مرڤەکانی تردا کۆمەڵگەیەکی پلوڕال و هەمەجۆر بەرهەم دێنێت، کە بەهۆیەوە سەرەتایەک، کە بە سەرەتای دەستپێکردنەوەیەکی نوێ ناوزەد دەکات، لەم پەیوەندییەدا مەرجداری دەکات بە چالاکییەکانی مرۆڤ خۆیەوە. ئاڕنێت ئەم کۆمپلێکسە دەبەستێتەوە بە کارکردن، بەرهەمهێنان و مامەڵەکردنەوە لەتەک یەکتردا. کۆمەڵگەکانی ئێمەش هەر لە ئەنجامدا دەبێت بە سەرەتایەکی ئاڕنێتیدا بڕوات، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، کە عەقلانییەتی کۆمەڵایەتی سەروەرە و ئەنجومەنەکانی شارەوانی بە شێوەیەکی دیموکراتی ناهەڕەمی لە لایەن نوێنەرانی خەڵکەوە دابەشکرابێتن. دیارە من لێرەدا نامەوێت شێرزاد حەسەن بە هانا ئارێنت بچوێنم، بەڵکو دوو تێڕوانینی جیاواز بۆ دیاردەکانی کۆمەڵ دیاری دەکەم. شێرزاد حەسەن ڕووناکییەک نابینێت، کە لە ئێستا و لەم دەڤەرەی ئێمەدا ڕوناکییەک ببەخشێت و هیوایەک، ئەگەر کەمیش بێت، بداتە نەوەکانی داهاتومان.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا گرنگە دەستنیشانی ئەوە بکرێت، کە نووسەری ئەم کتێبە نەترسانە برینی کۆمەڵگەیەکمان بۆ هەڵدەداتەوە، کە لێوانلێو بریندارە بەهۆی سیستەمێکی هەڕەمی سەپێنراو، پەروەردەیەکی کۆن و پاتاڵ، نوقوم بوو لە بەناو دینداری سیاسیی ڕادیکال، باوک و دایکانێک، کە کۆپی مناڵ و وەچەکانیان دەکەن. کۆمەڵگەی ئێمە زیاتر پێویستی بەم جۆرە ڕەخنە و بیر و بۆچونە هزریانە هەیە، وەک پەندێکی کوردی دەبێژێت: "ئەو کەسەی دەتهێنێتە گریان، دڵسۆزتە." 

* هانا ئارێنت توێژەرەوەناس/فەیلەسوف و کۆمەڵناسی ئەڵمانی، ساڵی ١٩٠٦ لە شاری هانۆڤەر لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٧٥ لە شاری نیۆرک کۆچی دوایی کردووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif