د.فایق گوڵپی
-
لەم کاتەدا کێشەی سەرەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانە، هۆکاری ئەو کێشەیە، بۆ ناکۆکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق دەگەڕیتەوە کە لەسەر دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم دروستبووە. حکومەتی هەرێم بە بی ئەوەی پرس بە حکومەتی ناوەندی عیراق بکات، لەگەڵ حکومەتی تورکیا ریکەوتنی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی بۆ ماوەی پەنجا ساڵ ئیمزا کرد، بەرامبەر بەو رەفتارەی حکومەتی هەرێم ، حکومەتی ناوەندی عێراق لە ساڵی ٢٠١٦ مووچەی فەرەمانبەرانی هەرێمی بڕی.
وا چوارساڵ بەسەر ئەو کێشەیەدا تێپەڕی، حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، نەیانتوانی کێشەکە چارسەربکەن، هەرکاتێکیش خەڵک دێنە سەرخەت و داکۆکی لە مافە ئابوریەکانی دەکات، کادر و بەرپرسی حزبە دەسەلاتدارەکان، بە ناوناتۆرەی خائین و پیاوی حکومەتی عێراق وەڵامی خەڵک دەدەنەوە.
ئەو چارەسەریانەی لە ناو خەڵکدا باسی لێوەدەکرێت،هیچکام لە لایەنە سیاسیەکانی ناو دەسەلات و دەرەوەی دەسەلات، بوێری ناکەن وەک پرۆژەی خۆیان سەیری بکەن و چارەسەری کێشەەی پێبکەن، خۆشیان پرۆژەی چارەسەری تایبەتیان نییە. رەئی خەڵک وایە مادام حکومەتی هەرێم ئەو توانا داراییەی نییە و متمانەی خەڵکی کوردستانی لەدەستداوە، با حکومەتی ناوەندی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمنبەرانی هەرێم بدات.
لە دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا،هەرێم کورستان هەرێمێکی فیدراڵی سەربە عێراقە، لە سیستەمە فیدرالیەکاندا کاروباری پەیوەندی دەرەوە و بەرگری و ئابوری، ناوەندین و دەسەلاتەکانی حکومەتی فیدراڵین.دەسەلاتی عێراقی ناوەندیش تەنها لە نوێنەرانی عەرەب پێکنەهاتوە، نوێنەری کوردیش بەشداری لە پێکهێنانی دامودەزگاکانی دەولەتی نوێی عیراقدا کردووە، بۆیە دەتوانین بڵێین لە عێراقدا گەلی کورد دوو حکومەتی( حوکمڕانی) هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئیتر بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یاسایی و ئاسییە، دژی دەستکەوتی نەتەوەیی نییە ، دژی دەستوری عیراق نییە، ئەگەر راستەوخۆ مووچە لە حکومەتی ناوەندی عیراقەوە وەربگرن، بە پێچەوانەوە، ئەو حزبانەی دژی دەسەلاتی دەوڵەتی عێراقی نوێن کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردیش دەکات، ئەوان لە دژی دەسکەوتەکانی گەلی کورد دەوەستنەوە.
رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا ماوەی چەند ساڵێکە وەک کیانێکی سەربەخۆ خۆی بەرێوە دەبات، تا ئەمرۆش مووچەی فەرمانبەرانی ژێر دەسەڵاتی ئەو کیانە، لە لایەن حکومەتی ناوەندی سوریاوە دەدرێت. لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا، مووچەی فەرمانبەرانی موسڵ و ناوچەکانی تری ژێردەسەڵاتی داعش، لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە دەدرا.
ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئێستە هەیە، متمانەی خەڵکی لە دەستدابێت، توانای چارەسەری کیشە داراییەکانی خەڵکی کوردستانی نەبێت، یەک لە چارەسەریە ئاسانەکان ئەوەیە، خەڵکی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە عێراق، داوا لە حکومەتی عێراق بکەن، راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، حکومەتی هەرێم بەخۆیدا دیتەوە و خۆی راستدەکاتەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق