کۆیلایەتی خوازراو

ليست هناك تعليقات

سالار محمود
-
۱
بە " کەریم خانی زەند"یان وت، کەسێک یەک هەفتەیە چاوەڕێی بینینی تۆ دەکات و لە پێناو گەشتن بە حزوری تۆ بەردەوام دەگری.

خان فەرمانیدا کە بیهێنن بۆ لای، کاتێک هێنایانە لای کەریم خان، هێندە بە کوڵ دەگریا کە نەیدەتوانی قسەبکات، خان وتی بیبەن و کاتێک گریانی تەواو بوو بیهێننەوە بۆ لام با قسەکانی بکات و بزانم داواکاری چییە، پاش چەند سەعاتێک کابرایان هێنایەوەو شەرەفی حوزوری لای کەریم خانی پێدرا.

کابرا وتی، قوربان من کوێرێکی زگماک بووم، سەردانی گۆڕی باوکی بەڕێزتم کردو شیفای بۆهێنام و چاک بوومەوە.

کەریم خان فەرمانیدا کە چاوەکانی کوێر بکەن، تا بڕوات جارێکیتر شیفا وەربگرێت، دەستوپێوەند وتیان قوربان ئەم کابرا لە باوکی بەڕێزتەوە شیفای وەرگرتووەو لەبەر باوکت بیبەخشە.

کەریم خان وتی، باوکی من دز بوو، تەنانەت خۆشم نازانم گۆڕەکەی لە کوێیە، باوکم چۆن دەتوانێت شیفا بدات، منیش بە هێزی شمشێر گەشتووم بەم پلەیە، ئەمە کابرایەکی ماستاو چییە، ئەگەر مەیدان بۆ ئەمانە دروست بکەین، دین و ژینمان لەناو دەبەن.

۲
دەروێش کڵۆڵ دەیان موعجیزەو شتی سەیرو سەمەرەی دەربارەی شێخەکەی دەگێڕایەوە، ڕۆژێک وتی: " حەزرەتی شێخم بینیوە بە ئاسماندا فڕیوە".

ئەم هەواڵە گەشتەوە بە شێخ و شێخیش چەند موریدو دەروێشێکی ڕاسپارد تا بە دەروێش کڵۆڵ بڵێن واز لەم قسە سەیرو سەمەرانە بێنێت و ئەو بە ئاسماندا نەفڕیوەو ناشتوانێت بفڕێت، کاتێک موریدو دەروێشەکان ئەمەیان بە دەروێش کڵۆڵ وت، ئەو لە وەڵامدا پێیووتن: " شێخ ڕاستی نەفەرمووە من خۆم بینیم بە ئاسماندا دەفڕی".

لەو دوو دیمەنەوە:

زۆرن ئەوانەی کە دەیانەوێت ڕەعیەتێکی مل کەچ بن، هاوتەریب بە کەسی ماسۆشی، تەنانەت، چێژ لەو بەڵاو ناڕەحەتیانەش دەبینن کە ئاغاکانیان دەیخولقێنن.

ئەم تەرزە دونیا بینی و ئەم جۆرە مەخلوقە مل کەچانە، لەگەڵ ئەوانەدا کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانیاندا کۆیلایەتی قبوڵ دەکەن، بەڵای هەرە گەورەی ژین و ژیانن.

كەسی ماسۆشی‌، چێژ لەفەرمان‌و ملكەچی‌و تەنانەت ئەو ئازارو سووكایەتییانەش وەردەگرێت كە لەلایەن گەورەو سەرۆك‌و ئاغاكەیەوە ڕوو بەڕووی دەکرێتەوە، ئەگەر هاتوو، بەهەر هۆیەكەوە، مرۆڤ خودی خۆی كۆیلایەتی هەڵبژارد، واتە کاتێک کۆیلایەتی بوو بە " کۆیلایەتی خوازراو"، ئیدی نەك هەر خاڵی هاوبەشی نێوان ئەو دوانە زۆر دەبن، بەڵكو زۆر لەوە واوەتریش دەچن، تا دۆخی بەیەكبوون‌و زۆرجاریش بە ئاسانی كەسی ماسۆشی‌و ئەم تەرزەی كۆیلایەتی جوودا ناكرێنەوە، وەك ئەوەی ئێستا لەكوردستاندا دەگوزەرێت‌و لەفۆرمی جیاوازدا خۆی وێنا دەكات.

ماسۆشیزم نەخۆشییەكی دەروونییە، كەسی تووشبوو بەم نەخۆشییە، چێژ لە ئازاردانی خۆی وەردەگرێت‌و تەنانەت ئازاردان‌و كۆیلەبوونەكەی وەكو دەستكەوت تەماشا دەكات.

مرۆڤە كۆیلەو ماسۆشییەكان،" هەڵبەت مەبەست ئەو كۆیلایەتییەیە كە كۆیلەكان ئاغاكانیان هەڵدەبژێرن‌و دیاریدەكەن" هەمیشە خۆیان بچووك دەنووێنن، ملكەچ‌و كوێڕایەڵن، عەیب‌و نەنگی‌و شوورەییەكانی گەورەو ئاغاكەیان دەپۆشن، سەرباری نواندنی هەموو جۆرە بچووكییەك بۆیان، هەوڵی گەورەكردنیشیان دەدەن لەلای ئەوانی دی.

ماسۆشییەت نەخۆشییەو رەنگە نەخۆشییەكی زگماكیش بێت‌و كەسی ماسۆشی لەباوانییەوە بۆی مابێتەوە، بەڵام كۆیلەبوون بەم فۆرمەی ئێستا زۆرتر بەرژەوەندییە ماددی و ئابوورییەكان دەیخولقێنن.

جیا لەوەی مرۆڤی كۆیلەو ماسۆشی جوانییەكانی ژیان لەدەست دەدات‌و بەهای مرۆڤبوونیشیان دەدۆڕێنن، هەرە مەترسی گەورەی ئەم مرۆڤانە لەوەدایە كە فاكتەرێكی بەهێزن بۆ درووستبوونی مرۆڤی" سادی"ن، ئەو مرۆڤەی كە چێژ لە ئازاردانی ئەوانی دیكە دەبینێت‌و دەبێتە دڕندەو ئازاردەر بۆ ئەوانەی كە حەزیان لەژیانێكی شكۆمەندانەیە.






سالار مەحمود



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif