ھێزە ئەمنیەكان کۆنترۆڵی خۆپیشاندان یان شەڕ لەگەڵ رۆژنامەنووسان؟

ليست هناك تعليقات

د.نەزاكەت حسین
-
ئالۆزبوونی جیھان، زۆربوونی تەنگەژە سیاسییەکان، مشتومرێکی گەرمی خولقاندوە لەناوەندە سیاسی و رۆشنبیری و رۆژنامەنووسیەکاندا، سەبارەت بە مافی پاراستنی رۆژنامەنووس و سەلامەتی گیانی رۆژنامەنووس و ئەو ئەرکەی دەکەوێتە ئەستۆی پۆلیسی چالاکییە مەدەنیەکان و رۆژنامەنووس لەو ژینگەیەدا.

بە پێی داتاکان ساڵانە رۆژنامەنووس دەبێتە قوربانی لە پێناو دەرخستنی زانیارییەکانی تایبەت بە گەندەڵی و توندوتیژییە سیاسییەکان و خۆپیشاندان و ململانێکان. بە پێی راپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٤ ئەنجومەنی پارێزگاری لە رۆژنامەنووسان،٧٠٠ رۆژنامەنووس کوژراون لە ٢٠ ساڵی رابردودا.%٩٠ ئەو حاڵەتانە نەگەشتونەتە چارەسەر و بکوژەکانیان نەدۆزراونەتەوە. 

ھەر بە پێی ھەمان راپۆرت لە ١٠٠٠ رۆژنامەنووس کە لە ساڵی ١٩٩٢ کوژراون ٨٨% لۆکاڵیبوون، ساڵانە ٣٠ رۆژنامەنووس دەکوژرێت، سەدان ھێرشی دەکرێتە سەر، زۆر کات سەدان لە زیدانەکاندان، دەیان بێسەروشوێن دەبن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە جیھان بەردەوام لە تەسکبوونەوەدایە لەبەردەم رۆژنامەنووسدا و دەبێتە شوێنێکی ترسناک بۆ رۆژنامەنووس بەتایبەتی لەکاتی رووداوەکانی وەک، رووداوە سروشتییەکان، خۆپیشاندانەکان، رووداوە وەرزشییەکان، نمایشە کۆمەڵایەتی، سیاسی، وەرزشی و کۆبونەوە نایاساییەکان. لەم ژینگانەشدا بەزۆری سێ گروپ بەشدارن و مامەڵە دەکەن کە ئەوانیش خۆپیشاندەر یان ناڕازییەکان و رۆژنامەنووس و پۆلیسی چالاکییە مەدەنیەکانن Riot Police لە کاتێکدا رۆژنامەنووس بریتییە لەو کەسەی کە ھەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی زانیاری راپۆرتکردنی و شیکردنەوەی ناردنی بۆ دەزگاکەی یاخود بڵاویدەکاتەوە کە لە وێنەگرەکان و راپۆرتنووسەکان و ڕۆژنامەنووسە بەدواداچووەکان، خۆیان دەبینەوە بەزۆری لە شەقامەکاندا، کە ئەوانیش یان لۆکاڵی، نیشتمانی یاخود نێودەوڵەتین و سەربەدەزگا راگەیاندنە جیھانیەکانن. کە زۆرجار ئەم رۆژنامەنووسانە لەکاتی ڕوماڵ ڕوبەروی فۆڕمەکانی توندوتیژی دەبنەوە لەگەڵ پۆلیس بەتایبەتی و ھەندێک جاریش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، تا وای لێھاتوە ئەمرۆ لە خۆپیشاندانەکانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان خەریکە ئەرکی پۆلیس دەبێتە شەڕ لەگەڵ رۆژنامەنوس و دەستەیەخە لەگەڵ وەستانی، لەبری ئەرکە سەرەکیەکەی خۆیان. 

چی شتێک ئەم گرژییانە دروست دەکات و وادەکات پۆلیس پەلاماری رۆژنامەنووس بدات، ئەمە بۆ کۆمەڵێک ھۆکار دەگەڕێتەوە لەوانە: 

-بە ئەنقەست کە ئەویش دەکەوێتە سەر ژینگەی سیاسی ئەو وڵاتە
-نا ھۆشیاربوون بە رۆڵ و ئەرکی رۆژنامەنووس لەلایەن پۆلیسەوە
-نەناسینەوەی رۆژنامەنووس
-ھاتنی تەکنەلۆجیا و دروستبوونی ھاوڵاتی رۆژنامەنووسی ناراھێنراو 
نەشارەزا بە کاری رۆژنامەنووسی
-کەمی ئەزموون شارەزای پۆلیس بە کارەکەی 
کە ئەمانە دەبنەھۆی خولقێنەری ئەوەی ناتەندروست کە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووس بکرێت وەک: 
-کوشتن، لێدان، گرتن، ھەڕەشە، سوکایەتی پێکردن، سەرنوگومکردن
-زیندانی
-ڕاونان
-رێگەگرتن لە روماڵ
-تەحەروشی سێکسی بەتایبەتی بۆ ژنانی رۆژنامەنووس
-کەلوپەلی رۆژنامەنووسی شکاندن و دەستبەسەرداگرتنی 
بەشێکی زۆری ئەم گرژییانە لە نەشارەزایی ھەردوولا پۆلیس و رۆژنامەنووس بە ئەرک و مافی خۆی لەم جۆرە ژینگەیانەدا روودەدات کە ئەو ئەرک و مافە ھەندێکییان لێرەدا باس دەکەین.

ئەرک و مافی رۆژنامەنووس

-رۆژنامەنووس لە ژێر دوو فشاردایە لە روماڵکردنی رووداوە توندوتیژییەکان، ئەویش فشاری سۆز کە ھەندێ دەزگا کەسێکی دەروونناسی بۆ دادەنێت تاکو ھاوکاری رۆژنامەنووس بکات و ئەو شتانەی لە کاتی ژینگە ململانێکان دەیبینێت کاریگەری نەکاتە سەر سۆز و پەرچەکردای وەک ھەڵچونی بۆ دروست نەکات، لەولاشەوە فشاری دووەم کە فشاری پۆلیسە.

-بە پێی یاسای خۆپیشاندانی جیھانی و یاسای زۆربەی وڵاتان رۆژنامەنووس وەک ھاوڵاتیەک مافی پاراستنی گیان و سەلامەتی ھەیە لەگەڵ

کۆمەڵی مافی تر

-بەپێی رێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکان رۆژنامەنووس دەبێت لە شوێنی رووداو 
و تەنگەژەکاندا بوونی ھەبێت و رێگەی لێنەگیرێت لە زانیاری کۆکردنەوە.
-رۆژنامەنووس بەشێکی سەرەکیە لە ژینگەی رووداوەکان، بەڵام نابێت بکرێتە ئامانجی توندوتیژییەکان. 
--ھەموو قیود و رێگری و ھەڕەشە و ترساندن و راونان و لێدان و بێزارکردنێکی رۆژنامەنووس لە شوێنی روداوەکان دەبێت لەلایەن یاسەوە لێپیچینەوەی لێبکرێت. چونکە بەپێی یاسای مافی مرۆڤ مافی رۆژنامەنووس لەلایەن حکومەت و یاساوە دەبێت بپارێزرێت.
-بە پێی یاسای بەریتانی تاوان و پۆلیس، دەسەڵاتێکی رەھا دراوە بە پۆلیس بۆ کۆنترۆڵکردن و قەدەغەکردنی تاوان و رووداوی تاوانکاری و کەمکردنەوەی تاوانکارییەکان و مەترسییەکان نەک بۆ رێگرتن لە رۆژنامەنووس. دەڵێت، ئەگەر پۆلیس ھەرکاتێک ئەم دەسەڵاتەی بەکارھێنا بۆ رێگرتن لە رۆژنامەنوس بۆ کۆکردنەوەی زانیاری روبەروی لێپرسینەوە دەبێتەوە. دەبێت تەنانەت لەحاڵەتی زۆر سوکیشدا کە ھێرشکرایە سەر رۆژنامەنووس پۆلیس داوای لێبوردن بکات.
ئەگەر رۆژنامەنووس توشی برینداربوون یان ھەر ئازارێکی تری دەستدرێژی بویەووە لەو شوێنانەدا. پێویستە سەرپەرشتیارەکەی لە رێگەی سەندیکاوە ھەستێت بە رێگرتبەنەری یاسا و داکۆکیکردن لێی.
-لەھەندێ شوێندا کە جەنگی گەورە ھەیە وەک عێرا ق و ئەفغانستان و سوریا و ھتد، رۆژنامەنووس مافی ھەیە کە پاسەوان یان چاودێری تایبەتی بۆ دابنرێت.
-رۆژنامەنووسی دەزگا گەورەکان جگە لە چاودێر بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ دەزگاکەی یان کەسێک لە خێزانەکەی و کەسێکی دیاریکراو ئاگای لە پلانەکانی بێت لەترسی سەرنوگمکردن و ونبوونی.
پۆلیس بۆی نیە لە یاسای بەریتانیدا"
نە فیلم، نە میمۆری کارد، نەکامێرە دەستی بەسەرا بگرێت، یاخود لە رۆژنامەنووسی بسەنێت و زانیارییەکانی بەکاربھینێت یاخود دیلیتی شتەکانی رۆژنامەنووس بکات، بۆ زانیارییە بڵاونەکراوەکان، تەنھا لەڕێگەی دادگاوە دەتوانێت داوای بکات، ئەو کاتەش لە حاڵەتێکدا دەبێت کە دادگا بیسەلمێنێت کە بۆ بەرژەوەندی گشتیە.
بەرپرسی یەکێتی رۆژنامەنووسانی بەریتانی دەڵێت" پۆلیس دەتوانێت بەھۆی دادگاوە بە پێی یاسای ١٩٨٤ پۆلیس و تاوانەکان داوای زانیارییە کۆکراوە بڵاونەکراوەکانی رۆژنامەنووسان کە لە روماڵی تەنگەژەکانندا کۆیانکردووەتەوە دەستبکەوێت، بەڵام بە داخەوە دادگا ھێشتا بەتەواوەتی مافی بە رۆژنامەنووس نەداوە کە گفتۆگۆ بکات لەسەر ئەو رێگیریانەی کە کراوە لە روماڵکردن و کۆکردنەوەی زانیاری. ئەمە وادەکات رۆژنامەنووس بکەوێتە بەر رەحمەتی پۆلیس کە ئایا وەک رۆژنامەنووس سەیری دەکات کە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیارییە یاخود وەک ھاندەر و ئاژاوەگێر.

ئەرکی رۆژنامەنووس لە ژینگەی ڕووداوەکاندا 

-نەشکاندنی یاسا

-پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆی وھاوەڵەکانی
رێکەوتنامەی شەرەفی نێودەوڵەتی "گرنگترین و گەورەترین رۆڵی رۆژنامەنووس روماڵکردنی ژینگەی رووداوەکانە و گەیاندنی زانیارییەکانە بە وەرگرانی، بەڵام لەوەگرنگتر پاراستنی سەلامەتی خۆی و ھاوەڵەکانیەتی."
-مەشق پێکراوبێت کە ئەمە مافی خۆیەتی دەزگاکەی بۆی جێبەجێکات. بۆ رۆژنامەنووسە فریلەنس(ئەوانەی بە سیستمی پشک ئیش دەکەن) واتە سەر بە دەزگایەکی دیاریکراو نین. دەبێت لە ھەرشوێنێک بێت رێنمایی پێویست بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی ژینگەی رووداوکان وەرگرن.
پرۆتۆکۆڵی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوروپی ساڵی ١٩٩٦ بە روونی تیشک دەخاتە سەر بەرپرسیارێتی حکومەت و پۆلیس و دەزگاکانی راگەیاندن لەسەر بەر پرسیارێتییان بۆ پاراستنی گیانی رۆژنامەنووس، بەڵام دەڵێت، رۆژنامەنووس سەرباری ئەوەش دەبێت مەشق و راھێنانی پێبکرێت. دەشڵێت، دەبێت دەزگاکانی راگەیاندن کەلوپەل سەلامەتی و تەندروست و بیمەی خۆیان و ئامرازەکانیان بۆ دابین بکات.
دیڤید بیرتس توێژەرێکی بواری رۆژنامەنووس و مافەکانیی دەڵێت، "لە توێژینەوەکانمدا گەشتوم بەو دەرەنجامەی کە ھۆی سەرەکی برینداربوون و توندوتیژی دژی رۆژنامەنووس لە یارییەکانەوە بیگرە تا کۆنفلێکتە سیاسییە توندەکان دەگەرێتەوە بۆ لاوازی ئاستی پەروەردەی رۆژنامەنووس و پۆلیس بۆ زانینی رۆڵیان لەو شوێنەدا. کە ئەویش تەنھا بە خول و راھێنان و ھۆشیاریی دەبێت. لەلایەکی ترەوە ڕۆژنامەنووس دەبێت پابەندبێت بە:
-لەبەرکردنی جلوبەرگی سەلامەتی وەک کڵاو، دەستکێش ، گۆرەوی، عەینەک.
-نەبێت بە بەشێک لە رووداوەکە یان لایەنگری و ھاندان و چوونەریزی خۆپیشاندەان. 
-کاتی گازی فرمێسکرێژ یان ئاوپژێن، فیشەک دەبێت ئامرازی خۆپاراستن بەکاریھینێت یاخود ڕاکات و سەری نزم بگرێت.
-ھێمن و ئارام و لەسەرخۆبێت توشی ھەڵچوون نەبێت.
ھەرچەندە ھەندێک یاسا جێی رەخنەیە بۆ نمونە یاسای ساڵی ١٩٩٦ بەندی ٨٩ بەریتانی دەڵێت ئەگەر رۆژنامەنووس لەلایەن پۆلیسەوە ئاگادار کرا لە شوێنێکدا نەوەستێت، ئەگەر وەستا و نەجوڵا پۆلیس دەتوانێت بیگرێت، بەڵام ئەم یاسایە روبەروی رەخنە بوویەوە و دەڵێت رۆژنامەنووس بۆی ھەیە لەکوێدا ویستی با بوەستێ گرنگ رۆڵ و ئەرکی خۆی بزانێت.
-- رۆژنامەنووس دەبێت لەگەڵ ئەوکەسانەی نزیکن لێیەوە بە خۆشەویست و سۆز بێت لەناو ژینگە ئاڵۆزەکەدا .
-نابێت بچێتە ناو بابەتەکە و ببێت بە خۆپیشاندەر، ئامانج لە کاری ئەو کۆکردنەوە و گواستنەوەی زانیارییە.
-زیاتر لەو شوێنانە زانیاری کۆبکاتەوە کە روون و دیارن دورکەوێتەوە لە شوێنی زۆر ئالۆز و مەترسیدار.
- دەبێت کارتی رۆژنامەنووسی لە گیرفاندا بێت.
-نابێت خۆی بناسێنیت وەک رۆژنامەنووسێک کاتی پێویست نەبێت.
Riot policeپۆلیسی چالاکییە مەدەنیەکان و ئەرکیان.
پۆلیسی چالاکی مەدەنی : ئەوکەسەیە کە رێکخراو و ئامادەکراو و مەشقپێکراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەرەباڵخیە نایاسایەکان و خۆپیشاندەران، یاخود یاری و نمایشە کۆمەڵایەتی و کۆبونەوە وەرزشی و زانستییەکان.

ئەرکی پۆلیس 

-کۆنترۆڵی قەرەبالخیە نایاسایەکان و کەسە توڕە و ناڕازییەکانە. 
-کۆنترۆڵکردن و بڵاوەپێکردنی قەرەباڵخیە نایاساییەکان و خۆپیشاندەران بە ھۆی ئامرازەکانی وەک گازی فرمێسکڕێژ، فیشەکی بەتاڵ، ئاوپرژێن، مکەبەرەی دەنگی، رێنمایەکانی ئەسپ سوارەکان.
٢- دیاری کردن و ناسینەوەی ھاندەرانی توندوتیژی و گرتنیان.
٣-پاراستنی ئاسایشی شوێنانی ئیشکردن و ئارامی شار و دەزگا حکومی و بازرگانی و ئیدارییەکان.
٤-لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی تاوانباران و کارە تێکدەرەکانیان و ھەڵسوکەوتی لادەرانە.
-پاراستنی سەلامەتی ھاوڵاتی و رۆژنامەنووس لە شوێنی ڕووداوەکان 
پۆلیس نابێت
- لە ھەموو ژینگەیەکی توندوتیژی بە ھێز دەست پێبکات.
-ھێز بۆ کاتێکی زۆر سنوردار و زەرورییە
-ھێز بۆ کاتێکە شکاندنی یاسایی ھەبێت

گرتن

بۆ کەسێکی تاوانباری ھەڵھاتوە، کاتێک بەرەنگاری پۆلیس بکات نەک بۆ رۆژنامەنووس یا خۆپیشاندەر .
پۆلیس پێویستە
-ئامانج کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی زیانەکان بێت بۆیە پێویستی بە پشوو
و ئارامیە.
- پۆلیس نابێت ترسناک بێت.
-نابێت ببێتە ھۆ یان بە بەشێک لە گەورەکردنی کێشەکە.
-پۆلیس نابێت ھەیبەتی گروپی بەکار بھینێت بە گروپ ھێرش بکەن. 
- پۆلیس دەبێت پەیوەندی لەگەڵ تاکەکان و گروپەکانی کۆنفلیکتەکەوە بکات وەک ھاوڕێ.
- نابێت تەکنیکی نا گرنگ بەکار بھێنێت بۆ ترس و تۆقاندن.

مافی پۆلیس: 

-پۆلیس بە ھەمان شێوە مافی خول و راھێنان و تەنانەت ھەندێ وڵات پۆلیس خاوەن بروانامەی زانکۆیی و سەروو زانکۆیین.
-مافی دابینکردنی جلوبەرگ و کەلوپەلی سەلامەتی و پێویستی ھەیە.
-فێربونی تەکنیکی کۆنترۆڵکردن و چواردەوردان و قوفڵکردن و رێگرتن لە تەشەنەکردنی چالاکیەکە.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif