حكومەت باوك نیە

ليست هناك تعليقات


فارس نەوڕۆڵی
-
ھەندێ کەس چەمکێک ھەڵدەدەنە ناو خەڵک بەبێ بیرکردنەوەو تێگەیشتن لەمانا و وەزیفەی ئەو چەمکە بەڵام کە دەچیتە ناوئاخنی بابەتەکە خۆیشی نازانێ باسی چی دەکات ، ئیتر ئەم چەمکە لەقسەکردنی ڕۆژانەی خەڵکدا دەبێتە ویرد و مۆدێل بەتایبەتی لەبازاڕی شێواوی سیاسەت و میدیادا ، ھەر کەسە و بۆ خۆی بەبێ بیرکردنەوە و لێکدانەوە قسە لەسەر ھەر کایەیەک دەکات بێ ئەوەی ھیچ بنەماو پێشینەیەکی ھەبێت .


ماوەیەکە لەڕێی میدیاکانەوە چەمکێک فڕێدراوەتە ناو خەڵک دەڵێن ( حکومەت باوکی میللەتە) دەمەوێ لێرەدابەتێگەشتنی خۆم لەبەرەنجامی خوێندنەوەی بیرمەندەکان بۆوەزیفەی حکومەت مەبەستم ئاماژەنیەبۆحکومەتێکی دیاری کراو بەڵک ومەبەستم حکومە تە بەماناسیاسیەکەی ، تاچەندحکومەتی مۆدێرن لەگەڵ ئەودەستەواژەیەداپەیوەندی ھەیە کەدەڵێن ( حکومەت باوکە)ئەگەر بەپێی ئەم تێگەیشتنە بێت بۆ حکومەت ئەوا دەبێت چاوەڕوانیمان لەحکومەت وەک چاوەڕوانی پەیوەندی نێوان باوک و فەرزەند بێت، چونکە چاوەڕوانی ئەم پەیوەندیە دوو لایەنەیە.

پەیوەندی باوک بەڕۆڵەکانیەوە لەھەموو پەیوەندیەک قوڵتر و لەسەرترە، ئەوئەشقەی باوک بۆ فەرزەند ھەیەتی لەسەروی ھەموو ئەشقێکی دیکەوەیەو دەکرێ مانایەکی باڵاتری ھەبێت لەبەرئەوە باوک ئامادەیە ھەموشت بکاتە قوربانی ڕۆڵەکانی ، بەپێچەوانەوە کاتێک باوک بێدەسەڵات دەبێ ، یارییەکە پێچەوانە دەبێتەوە و ئەم جار ئەرکی ڕۆڵەکانە قوربانی بدات بۆ باوک ، چونکە پەیوەندییەکە پەیوەندی خوێنە و ڕۆحە ، کەواتە کەوتمان حکومەت ، باوکی خەڵکە دەبێ کار و کاردانەوەمان وەک ئەو پەیوەندییەی باوک و فەرزەند بێت ، بەڵام لە فەلسەفەی سیاسی و زانستی سیاسەتدا ئەو دەستە واژەیە ھەڵەیه‌.

حکومەت باوک نیە لەبەرئەوەی دروستکراوی خەڵکە ، بەرھەمی ئەقڵ و کرداری مرۆڤە ، بەتایبەتی لە سیستمە دیموکراتیەکاندا حکومەت بەرھەمی کرداری زۆرینەی خەڵکە لەڕێگای بەشداری خەڵکەوە لەپرۆسەیەکی سیاسی و دیموکراتی و قانونیدا بەدەنگدانی خەڵک حکومەت دروست دەبێت ، کەواتە دەبێ پرسیارە کە ئەوە بێت کە حکومەت چییە و ئەرکی حکومەت چییە؟ حکومەت دەزگایەکی خزمەتگوزارییە و وەڵام دەرەوەی پرسیارە کانی خەڵک و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خەڵکە ، ڕۆڵی حکومەت ئەوەیە ئارەزوە ئەولەویاتە گرنگەکان تێر بکات ، ئەو ئارەزوانەی کەمرۆڤ ھەوڵی بۆ دەدات ،دەبنە سەرچاوەی کێشمەکێشی ناو کۆمەڵگاو ھێزەکان ، مارکس پێی وایە دابەشکردنی کار سەرچاوەی کێشمە کێشەکانە ، بەپێچەوانەی مارکسەوە ، سوکرات سەرچاوەی کێشمە کێشەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئارەزوی دەستگەشتن بە بەش لەلایەن مرۆڤ و ھێزەکانەوە ، کێشەی بەدەسھێنانی زۆرترین بەش دەبێتە ھۆی دروستکردنی کێشمە کێش، چونکە کێشەی ناو کۆمەڵگە لەئەنجامی خواستە زۆرەکانەوەیە واتە زۆر خواستن ئەم خواستانەش پێویستەسنوری بۆدانرێت وبەیاساڕێکخرێ بۆئەوەی بەدەسھێنانی خواست ھاوسەنگ بێت، ھەربۆیەلەدیدی لیبراڵەوە (حکومەت وەک پۆلیسی ھاتوچۆیە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بەر یەک نەکەون ) خواستەکانیان بەپێی یاسا ڕێکخات ئەرکی حکومەت ڕێکخستنی دادپەروەرانەی ئەو خواستانەیە، کەواتە لێرەوە تێدەگەین کە حکومەت باوک نیە ، خودانیە، پیرۆزیش نیە ، کوتەکی دەستی شەڕی ئایدۆلۆجیا و مەزھەب و، ئاین نیە، لای حکومەت ئەرک پیرۆزە ئەرکیش واتە خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی خەڵک لەڕوداوی نەخوازراو ، کارەسات و دابین کردنی ژیانێکی شایستە.

بۆیە لەکوێ خزمەتی کرد پیزانینمان ھەبێت و دەسخۆشی لێبکەین خۆ دەکرێ ھەڵەشی کرد ڕەخنەی لیبگرین بەمەبەستی ڕاستکردنەوە ، با حکومەت لە حیزبەکەی تۆش نەبێت، یان لەحیزبەکەی تۆش بێت، مادام حکومەت بەرھەمی ئەقڵ و کرداری ئێمەیە دەبێ ئەقڵانی و مەدەنیانە بیخوێنینەوە ، ھەرچۆن لەڕێگای پرۆسەیەکی مەدەنی و دیموکراتییەوە دروستمان کردوە ئەگەر لەگەڵ خواستەکانی خەڵک نەبو دەکرێ بەھەمان ڕێگای دیموکراتی و لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا سزای ھەرحکومەتێک بدەیت وحکومەتێک کە دڵخوازی خۆتە دروستی کەیتەوە، ئەم جۆرە ڕەفتارە ڕەفتاری کۆمەڵگای مەدەنی یە کە لەڕێگای بەشداری سیاسی خەڵک حکومەت دروست دەکرێ، پێچەوانەکەی واتە لە دەرەوەی بیرکردنەوەی مەدەنیانەوە ئەوا دەبێتە تێگەشتنی حەرفی بۆ کێشەکان، لە کاتێکدا تێگەشتنی حەرفی بۆ ھەر شتێک و لەلایەن ھەر کەس و لایەنێکەوەبێت لەگەڵ واقیعدا ناگونجێ و توندڕەوی لێدە کەوێتەوە و بەرەو فەوزا سەر دەکێشێ.

لەدۆخی فەوزاشدا کەس براوە نیە، ئەگەر ئێستا سەیری دۆخی حکومەتەکانی جیھان بکەین ھەرحکومەتەو جۆرێک لە قەیران بەرۆکی گرتوە بەڵام حکومەتی کوردستان لەیەکەم کابینەیەوە دوژمنانی کورد بەردەوام لەپیلانگێڕیدا بوون بۆی و قەیرانیان بۆ خولقاندوە سەرەڕای کەم وکورتیەکانی توانیویویەتی مینەکان پوچەڵ بکاتەوە ، ئێستا ھەرێم لەقۆناغی قەیرانەکاندایە کە لە ھەمولایەکەوە خەریکی قوڵکردنەوەی قەیرانەکانن بۆ لەناوبردنی ئەو جغرافیایەی ناوی ھەرێمی کوردستانە خاڵی لاوازی ئێمەش ئەو ناتەبایی وناتێگەشتنەیە لەحکومەت و ئەرکی حکومەت ونەبونی زمانێکی نەرم بۆدواندنێکی لۆژیکی نێوان ھێزەسیاسیەکان ،ھەر بۆیە کەوتوینەتە دۆخێکی وەک شەوە زەنگ ، بۆ دەربازبون لەم شەوە زەنگە، پێویستمان بەفریادڕەسە، وەک حافز وتی ( لەم شەوە تاریکەمدا لێم ون بوە ڕێگەی ئامانج . لە قوژبنێک دەرکەوە ئەی ئەستێرەی ڕێ نیشاندەر ) لەم سۆنگەیەوە بۆ واقیعی کورد ، ئەستێرەی ڕێ نیشاندەر گەڕانەوەیە بۆ ھێزی ئەقڵ بۆ ھێزی نەرم و گفتوگۆ و دور کەوتنەوە لەزمانی زبر ، تێگەشتن لەوەی کەحکومەت باوک نیە ، بەڵکو بەرھەمی ئەقڵ و کرداری خۆمانەو بە ئەقڵانی ھەر کردارێک بنوێنین. لەکاتی کێشەوناکۆکیە کاندا، ئەوجا لەمانای فەرمانڕەوای مۆدێرن تێدەگەین و دەبینە خاوەن بنەما بۆتێگە گەیشتن لەئەرکی حکومەت وئەرکی خەڵک.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif