فراكسیۆنی كۆمەڵ ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی گرژیەكانەوە بڵاوكردەوە

ليست هناك تعليقات


لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتوە: سەروەریی خاکی عێراق و ‏ھەرێمی کوردستانیش پێشێلکراوە و سوپای تورکیا سنورەکانی بڕیوە و بە قوڵایی چەندین ‏کیلۆمەتر ھاتوونەتە ناوەوە

دەقی ڕاگەیەنراوی فراكسیۆنی كۆمەڵ

بۆ ڕایگشتیی و ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان‎ ‎

بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان‎ ‎

بەداخەوە ماوەی چەند ڕۆژێکە بە چڕی تۆپخانە و کۆپتەرە جەنگییەکانی تورکیا و ئێران ‏کەوتوونەتە بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان بەپاساوی بوونی چەکدارانی ‏پەکەکە، کە لە ئەنجامدا سەرەڕای زیانی مادی زۆر بە گوند و دارستان و پاوانی خەڵک، ‏ژمارەیەک ھاونیشتمانیشمان شەھید و برینداربوون . ھاوکات سەروەریی خاکی عێراق و ‏ھەرێمی کوردستانیش پێشێلکراوە و سوپای تورکیا سنورەکانی بڕیوە و بە قوڵایی چەندین ‏کیلۆمەتر ھاتوونەتە ناوەوە‎ .‎

ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی ئەو بۆردومان و ‏لەشکرکێشییە ڕەتدەکەینەوە و بە کارەسات بۆ خەڵکی کوردستان و پێشێلکاریی بۆ سەروەریی ‏دەوڵەتی عێراق کە ھەرێمی کوردستان بەشێکە لێی دەزانین، پێشمانوایە ھەردوو حکومەتی ‏بەغدا و ھەرێمی کوردستان خۆیان لە ئاست ئەو دەستدرێژییانەدا بێدەسەڵات پێشان دەدەن کە ‏دواجار خەڵکی کوردستان دەبنە قوربانیی‎ .‎

بۆیە پێویستە دەوڵەتی عێراق بە ئەرکی دەستوریی خۆی لە پاراستنی سنورەکانی لە دەستدرێژیی ‏وڵاتانی بێگانە بپارێزیت و ڕێگەنەدات سەروەریی خاک و ئاو و ھاوڵاتی و ئاسمانەکەی پێشێل ‏بکرێت، ھەروەک ئەرکە لەسەری کە ئاسایشی سنورەکانی وڵاتانی دیکەش بپارێزێت و ‏ڕێگەنەدات خاکەکەی بۆ ھێرشکردنە سەر ھیچ وڵاتێک بەکاربھێندرێت‎ .‎

لەم نێوەندەشدا بێدەنگیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانی تەواوە ‏کە لە ئاستی ئەو دەستدرێژی و پێشێلکارییانەدا تەنھا ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت، بەلای ئێمە و ‏خەڵکی کوردستانیشەوە پێگە و ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێم ھێندە لاواز و شەرمنانەیە کە ‏جورئەتی دەرکردنی بەیاننامەیەکیشی نیە وەک بڵێی ئەو خەڵکەی دەبنە قوربانیی، ھاوڵاتیی ئەو ‏نەبن !‏‎ .‎

نەھێشتنی ئینتیمانی تاکی کورد بۆ خاک و نیشتمانەکەی و بێدەنگبوونی لە ئاست دەستدرێژیی و ‏بۆردوومانەکانی وڵاتانی دراوسێ، دەرەنجامی ئەو حوکمڕانییە خراپ و سەقەتەیە کە نزیک بە ‏سێ دەیەیە کاری لەسەر دەکات کە گرنگترینیان نەبوونی سوپایەکی بەھێزی نیشتمانیی و ‏دروستکردنی چەکداری شەخس و حزبە لە شوێنیدا و ئەمڕۆش ئەنجامە دڵتەزێن و ‏کارەساتبارەکانی ئەو ڕەفتارەی بەرپرسانی کورد بەچاوی خۆمان دەبینین‎ .‎

جارێکی دیکە داوادەکەین کە عێراق و ھەرێمی کوردستان سنورێک بۆ ئەم بۆردومان و ‏دەستدرێژییانە دابنێن، پێویستە چەکدارانی پەکەکەش لە ئاوەدانی و باخ و بێستان و گوندەکان ‏دوور بکەونەوە و لە ھەستیاری و کارەساتباری خەڵکی کوردستان تێبگەن و کارێک نەکەن ‏ھێندەی تر زامەکانی ئەم میللەتە قوڵ ببێتەوە کە خۆی لە خۆیدا ٢٩ ساڵە گیرۆدەی ستەمکاریی ‏و گەندەڵیی دەسەڵاتدارەکانێتی‎ .‎

فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان

‏١٩‏‎ ‎ی حوزەیرانی ٢٠٢٠‏
ھەولێر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif