ڕاپۆرت: عێراق بە گرنگترین ڕۆژەكانیدا تێدەپەڕێت

ليست هناك تعليقات


بە ئامانجی رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان لە هەموو ئاست و بوارێکدا و یەکلاییکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق،عێراق و ئەمریكا دانوستاندنی ستراتیژیی نێوانیان دەستپێدەكەن. سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە بەشدارە لە کۆبوونەوەکان دەڵێ "رۆڵی تەوافوقی دەگێڕین".

لە ساڵی 2008ـەوە رێککەوتنێکی ئەمنیی ستراتیژی لەنێوان ئەمریکا و عێراق هەیە کە بە رێککەوتنی سۆفا ناسراوە، لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە جێگیربوونی هێزە سەربازییە ئەمریکییەکان لەسەر خاکی عێراق رێکخراوە، بەڵام رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2020 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی دا، ئەمەش وایکردووە کە پێویست بکات واشنتن و بەغدا بە پەیوەندییەکانیاندا بچنەوە و ئەم گفتوگۆ ستراتیژییە لە ئەمڕۆوە دەستپێبکەن.

مەهدی تەقی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: لە پەرلەمان دەنگیان بە چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق داوەو پێویستە لیژنەی دانوستاندنكار لەو بابەتەدا بوێر بێت. دەشڵێت "مافی خۆمانە پارێزگاریی لە سەروەریی وڵاتمان بكەین".

هەرچەندە باس لە مەترسی دووبارە بەهێزبوونەوەی داعش دەکرێت و هەندێک لایەن پێیانوایە عێراق بەتەنیا ناتوانێ رووبەڕووی ببێتەوە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارەی فەتح دەڵێ "ئەستەمە داعش بەهێزبێتەوە، هەرچەندە چەكدار و شانەی نووستووی هەیە،هێزی پێویستمان بۆ پاراستنی وڵات هەیە و پێویستمان بە هێزی بیانی و ئەمریکی نییە".

بەڵام ئەندامێکی کوردی هەمان لیژنە رای پێچەوانەی هەیە و بە دووری دەزانێت، ئەمریکا لە عێراق بكشێتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، هێشتا عێراق پێویستی بە ئەمریكایە.

ناسر هەرکی، ئەندمی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق : عێراق هێشتا لەو ئاستەدا نییە پشت بەخۆی ببەستێت و لە چەند بوارێکدا پێویستی بە هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە. جەختیشدەکاتەوە، کە داعش وەک مەترسی ماوە، بۆیە عێراق لە بواری زانیاری و هاوکاریی هێرشی ئاسمانییدا پێویستی بە هاوپەیمانانە و لە رووی ئابوورییەوە عێراق پێویستی بەوەیە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەهێزبکات "بۆ ئەوەی بتوانێت لەو قەیرانەی تێیکەوتووە دەرباز بێت".

ئەمریکا رێککەوتنێکی هەمەلایەنەی سیاسی، ستراتیژی، ئابووری و سەربازی لەگەڵ عێراقدا هەیە، ناسر هەرکی دەڵێ "ئەستەمە دانوستاندنی ستراتیژی بە دەرچوونی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی پێبهێنرێت".

ئەوەی تاوەکو ئێستا ئاشکرا بووە، ئەندامانی شاندی عێراقی بریتین لە:

- عەبدولکەریم هاشم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق

- حارس حەسەن، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان

- فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

- لوقمان فەیلی، باڵیۆز و سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق

- فەرید یاسین، باڵیۆزی عێراق لە واشنتن

- حامید خەڵەف، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردەمی نووری مالیکی

لە لایەنی عێراقی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە، بەرگری، نەوت، دارایی و ناوخۆش بەشدار دەبن. 

شاندی دانوستاندکاری ئەمریکاش پێکهاتوون لە: 

- دەیڤید هێل، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

- دەیڤید شنکەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک

- فرانسیس فانوون، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە

- جوی هوود، جێگری یەکەمی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

- دەیڤید کۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

- ماسیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا

رۆژی چوارشەممە 10-6-2020، فەوزی هەریری، سەبارەت بە رۆڵیان لەو گفتوگۆیانە وەک تاکە نوێنەری هەرێمی کوردستان گوتی "ئێمە وەکو بەشێک لە تیمەکە بۆچوونمان رادەگەیێنین و رۆڵیشمان تەوافوقی دەبێت بۆ ئەوەی کێشە لەنێوان شاندەکاندا دروستنەبێ". بە گوتەی فەوزی هەریری گفتوگۆکان زۆر دەخایێنێت و دەڵێ "من ناتوانم بڵێم سبەی ئەمریکا دەکشێتەوە، چەندین بواری دیکە هەن کە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت: ئەمنی، خوێندن، ئابووری و هتد...". 

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا پێیوایە، ئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان وڵاتەکەی و عێراق بەو جۆرە دەبێت، کە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لە عێراق دەمێننەوە. کێنس مکێنزی دەڵێت: لە کاتێکدا ئەمریکا و عێراق دەست بە گفتوگۆی ستراتیژی نێوانیان دەکەن، "ژمارەیەک لە سیاسەتڤانانی عێراق نزیک لە ئێران دەیانەوێت سوپای ئەمریکا وڵاتەکەیان جێبهێڵێت". 
مکێنزی رایگەیاندووە، بارودۆخەکە بەو جۆرەیە کە نیگەرانی هەیە عێراق نەتوانێت لەگەڵ هەبوونی داعش لە وڵاتەکەیدا بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێت، بەتایبەتی ئەگەر بێتو سوپای ئەمریکا لە وڵاتەکە بکشێتەوە. 

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت: "داعش هێشتا هەڕەشەیە و بەم نزیکانەش ئەو هەڕەشەیە کۆتایی نایەت، هەربۆیە ئەمریکا دەیەوێت لەگەڵ حکومەتی عێراق کاربکات بۆ لەناوبردنی یەکجاریی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە". 

هەندێک لایەنی عێراقی کە درووشمی "بەرگریی"یان بەرزکردووەتەوە دژی ئەو دانوستاندنانەن.

ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی كەتائیبی سەید شوهەدا لە تویتێكدا نووسیویەتی "ئەركی بنەڕەتی تیمی دانوستاندنكار، كە لەلایەن حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی گوماناوی هەڵبژێردراوە، سستكردنی كشانەوەی ئەمریكای داگیركارە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ، ئەمەش بە هەموو شێوەیەك رەتكراوەیە".

هەروەها ئەبو عەلی عەسكەری، بەرپرسی ئەمنی كەتائیب حیزبوڵڵای عێراقی بەتووندی هێرشیكردە سەر تیمی دانوستاندنكار و گوتی "تاساین بە دانانی كۆمەڵە كەسانێك بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریكای دووژمن، كە زۆربەی ئەندامەكانی لەگەڵ پڕۆژەی ئەمریكی لە وڵات كۆكن". عەسكەری داوا داوادەکات "بۆ سەركەوتنی دانوستاندنەكان" یەكێك لە سەركردەكانی حەشد و كەسایەتییەكی عەشائیری لە چوارچێوەی تیمی دانوستانكار دابنرێ.

كەریم نووری، گوتەبێژی پێشووی حەشدی شەعبی، سەبارەت بە بۆچوونی ئەو گرووپانە دەڵێت "ئەگەر گرووپە رەخنەگرەكان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبین، ئەوە حەشد دامەزراوەیەكی سەر بە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانە و پێموایە نابێت هەڵوێستێكی جیاواز لە هەڵوێستی فەرمی حكومەتیان هەبێت".گوتیشی: "ئەو لێدوانانەی رەخنە لە تیمی دانوستاندنكار دەگرن لە چوارچێوەی ئازادی بیروڕایە، ئێمە لەژێر دەسەڵاتی پارتێكدا نین، هەمووان مافی دەربڕینی رایان هەیە، ئەوانەش گوزارشت لە رای دەوڵەتی عێراق ناكەن".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif