ئاژانسی ناسا ئەم وێنەیەی بڵاوكردەوە

ليست هناك تعليقات


ئاژانسی ناسا لە رێگەی کەشتیوانێکییەوە وێنەیەکی دەریاچەی ورمێی گرتووە و تێیدا بە کواڵێتییەکی بەرز دەریاچەکە لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەردەکەوێت.

عەقید دەگ هەرڵی، کەشتیوانی ناسا لە ئاسمانەوە لە نێو کەشتییەکەی وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "دەریاچەی ورمێ لە باکووری رۆژئاوای ئێران"، تێیدا بە روونی ژیانەوەی بەشێکی دەریاچەی ورمێ و رزگاربوونی لە وشکبوون دەردەکەوێت.

دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەشەم گەورەترین دەریاچەی سوێرە لە جیهاندا، رووبەرەکەی 5 هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، درێژی 140 کیلۆمەتر و پانییەکەشی 55 کیلۆمەترە، قووڵاییەکەی دەگاتە 52 پێ یان 16 مەتر.

لە رابردوودا مەترسیی وشکبوونی ئەو دەریاچەیە ژینگەپارێز و رێکخراوەکانی لە جیهان نیگەران کردبوو، بەڵام بەپێی گوتەی محەممەد باقر نەوبەخت، سەرۆکی رێکخراوی پلاندانان و بودجەی ئێران لە شەش ساڵی رابردوودا 12 پرۆژە بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ جێبەجێکراون و پرۆژەکان مەترسیی وشکبوونی دەریاچەکەیان رەواندووەتەوە.

بەپێی گوتەی نەوبەخت لە ماوەی شەش ساڵدا رووبەری دەریاچەکە بە دیاریکراوی هەزار و 89 کیلۆمەتر چوارگۆشە زیادیکردووە، ئاستی ئاوی دەریاچەکە زیاتر لە 127 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، دەشڵێ: "تائێستا بە نرخی رۆژ زیاتر لە 10 ترلیۆن تمەن لە پرۆژەکانی ژیاندنەوە خەرجکراوە".

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ، ئێستا ئەو دەریاچەیە 5.1 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە، بۆ ئەوەی کە بەتەواوی مەترسیی وشکبوونی لەسەر نەمێنێت، دەبێ رێژەی ئاوەکەی بگاتە 14.7 ملیار مەتر سێجا. 

سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێ، ئەگەر پلانەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ژیاندنەوەی یەکجاریی دەریاچەی ورمێ حەوت ساڵی دیکە دەگاتە ئەنجام.

سەرەتای ئەو مانگە دوای 30 ساڵ لە دانانی بەردی بناخەکەی، بەنداوی چەپەراوێی شنۆ کرایەوە و گلدانەوەی ئاو لەو بەنداوە دەستی پێکرد، ئامانجی سەرەکی بەنداوەکە گواستنەوەی ئاوە بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ، بڕیارە بە دروستکردنی ئەو بەنداوە ساڵانە 44 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی رووبارەکانی کانی رەش و گادەر بۆ دەریاچەی ورمێ بگوازرێتەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە شوێنەکانی باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان دەبنە جێگەی سەرنجی ئەو ئاژانسە ئاسمانییە. لە کانوونی دووەمی 2019 ناسا وێنەیەکی دەریاچەی دووکانی بڵاوکردەوە و نووسیبووی: "دەریاچەکە لەشێوەی داری کریسمسە".

وێنەکەی ناسا لە کانوونی یەکەمی 2018 لەلایەن ئەلێکس گێرستی فەلەکناس گیراوە. ناسا ئەوەشی نووسیوە: "دەریاچەی دووکان گەورەترین دەریاچەیە لە هەرێمی کوردستان و 97 کیلۆمەتر چوارگۆشەی داپۆشیوە و یەکێکە لە جوانترین شوێنەگەشتیارییەکانی ئەو هەرێمە".

هەروەها لە فەیسبووک لەسەر قەڵای هەولێریش ناسا نووسینێکی بڵاوکردبووەوە و بە "کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوون لەسەر گۆی زەوی" ناوی بردبوو. ناسا نووسیبووی: "قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤە کە مێژووەکەی بۆ شەش هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. بەرزی قەڵا 32 مەترە و خانووەکانی لە قوڕ دروستکراون و مرۆڤ لەنێویدا ژیاوە".

ناسا (National Aeronautics and Space Administration) ئاژانسێکی سەر بە حکومەتی ئەمریکایە و بەرپرسە لە بەرنامەی ئاسمانی ئەو وڵاتە. ناسا ساڵی 1957 دامەزراوە و بودجەی ساڵی 2020ی22 ملیار دۆلارە. جگە لە بەرنامەی ئاسمانی، ناسا بەرپرسیشە لە لێکۆڵینەوە مەدەنی و سەربازییە ئاسمانییە درێژخایەنەکانیش، ئاژانسی ناسا مەزنترین ئاژانسی ئاسمانییە لە جیھاندا



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif