كۆرۆنا كاریگەری لەسەر گواستنەوەی دەریایی داناوە

ليست هناك تعليقات

قەدەخەی هاتووچۆ و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری بەرچاویان لەسەر کەمبوونەوەی گواستنەوەی دەریایی داناوە. گواستنەوەی دەریایی کە 80%ـی کۆی گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل لەڕێیەوە دەگوازرێتەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا زنجیرەی دابیکردن و هەناردە و هاوردەی ئیفلیج کردووە.

کۆمپانیای دوبەی پۆرت یەکێکە لە کۆمپانیا خاوەن داهاتە زۆرەکانی دوبەی و ملیاران دۆلاری لە وەبەرهێنان لە بەندەرەکان و کەشتییە بارهەڵگرەکان لە چەندین وڵات خەرجکردووە. 

سوڵتان ئەحمەد بن سولەیمان، سەرۆکی کۆمپانیای دوبەی پۆرت کە کاری بەڕێوەبردن و لۆجیستیکی لە بەندەرەکانی 54 وڵات دەکات دەڵێت: داهاتی کۆمپانیاکە بەهۆی کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر کەمبووەتەوە.

سەرۆکی کۆمپانیای دوبەی پۆرت پێیوایە پەتای کۆرۆنا کاریگەرییەکی لە رادەبەدەری لەسەر بازرگانیی دانەوە کە لە قەیرانی دارایی ساڵی 2008 خراپترە و هاوشێوەی پاشەکشەی بازرگانیی شەڕی دووەمی جیهانییە لە ساڵانی 1940.

بن سولەیمان ئاماژەی بەوە داوە، لەم ساتە تاریکانەدا، ئابووری جیهان داڕماوە لەگەڵیشیدا پیشەسازی و ژێرخانی دەریایی وێرانبووە. بن سولەیمان دەشڵێت "ئێستا کارگەکان ساخ و بێکێشەن بەڵام هیچ کەسێک کارناکات، شەقامەکان پاک و سەلامەتن بەڵام هیچ کەس ناچێتە دەرەوە، فرۆشگەکان پڕن لە جۆرەها کاڵا، بەڵام کڕیاریان نییە"

سەرۆکی کۆمپانیای دوبەی پۆرت ئاماژە بەوە دادەت؛ پێشبینییەکان بۆ باشبوونەوەی رەوشی ئابووری جیهانی بەشێوەی U یان V گەشبینانەبوو، بەڵام جیهان رووبەڕووی سیناریۆی هاوشێوەی L بووەتەوە، تەنیا بە هاندانی ئابووری گەورەش نەبێت، رەوشی ئابووری بەرەو گەشەکردن ناگەڕێتەوە. 

دوبەی پۆرت بە پێچەوانەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کەنداو لەژێر کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەی کارمەند و مووچەی کەمنەکردووەتەوە. ئەو کۆمپانیایە خاوەنی 56 هەزار و 500 کارمەندە. لە مانگی شووباتی ئەمساڵ ئەو کۆمپانیایە رایگەیاند بە تەواوی دەچێتەوە ژێر خاوەندارییەتی دەوڵەتی ئیمارات و لە لیستی بازاڕی ئاڵۆگۆڕی دوبەی نازداک دەچێتەدەر بەهۆی ئەوەی بازاڕەکە لەگەڵ ستراتیژییەتی کۆمپانیاکە یەکناگرێتەوە. 

کۆمپانیای دوبەی پۆرت خاوەنی تۆڕێکی جیهانی 123 یەکەی بازرگانییە و ساڵی رابردوو پوختەی قازانجی بە رێژەی 4.6٪ بەرزبووەوە گەیشتە 1.33 ملیار دۆلار، کە تەنیا لە ساڵی رابردوو 71 ملیۆن و 200 هەزار کۆنتێنەری گواستووەتەوە بەمەش بووە یەکێک لە پێنج گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری گواستنەوەی دەریایی. 

هەر گواستنەوەی زەمینی و ئاسمانیی نییە ڤایرۆسی کۆرۆنا جووڵەی لێبڕیبن، گواستنەوەی دەریاییش کە 80%ی کاڵا و کەلوپەل لە رێیەوە دەگوازرێتەوە، کەوتووەتە ژێر مەترسییەکی گەورە و بەندەرەکان وەک پێشتر ناتوانن پێشوازی لەو هەزاران کەشتییەیە بکەن رۆژانە ملیۆنان تۆن کاڵایان دەگوازتەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە سەرەتا لە چین بڵاوبووەوە هەر زوو کاریگەری تەواوی لە سەر جووڵەی گواستنەوەی ئاوی لە تەواوی جیهان دروستکرد، ئەو وڵاتە بە تەنیا 33٪ی کاڵای بەرهەمهێنراوی کارگەکانی جیهان پێکدەهێنێت، ئێستا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا وڵاتە گەورە پیشەسازییەکانی ئەوروپا و ئەمریکای گرتووەتەوە کەرتی گواستنەوەی دەریایی رووبەڕووی زیانێکی زۆر بووەتەوە. هاوکات بەهۆی کەمبوونەوەی هاتووچۆی کەشتییە بارهەڵگرەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی تووند لە بەندەرەکان نرخی بەشێک لە پێداویستییەکان لە زۆربەی وڵاتان بەرزبووەتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif