كۆرۆنا و بەدبەختیەكانمان

ليست هناك تعليقات

هەرمن ئەحمد
-
من و چه‌ندین نووسەر و میدیاكار و پزیشك و خەڵكی دی، بابه‌تی جۆراوجۆرمان له‌سه‌ر په‌تای كۆرۆنا نووسیوه‌، هه‌ڵبه‌ت‌ له‌ سۆنگه‌ی هاوخه‌می بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاك و پاراستنی كوردستان و خەڵكەكەی بووه، خۆشبه‌ختانه خه‌ڵكێكی زۆر، به‌رپرسانه‌ و بە جدی پابەندی رێنماییەكان بوون و خۆیان و ماڵ و منداڵیان پاراستووە و دەپارێزن لەو پەتایە، مەخابن خەڵكێكی زۆری تر، به‌ ته‌نز و گاڵته‌وه‌ باس له‌‌ كۆرۆنا ده‌كه‌ن و هەندێكیان به‌ گه‌مه‌ی سیاسی و درۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی داده‌نێن! ئەم بەشەیان لەلایەن كاراكتەر و حزبە سیاسییەكانەوە دەجووڵێنرێن و لەخشتە دەبرێن.

ئه‌و كاراكتەرە‌ سیاسییانه كه‌ شه‌قام وه‌ك گۆڕه‌پانێكی یاری ده‌جووڵێنن، تا مه‌رامی نادروستیان بپێكن، حكوومه‌تیش هه‌ر له‌ گرتنه‌وه‌ی ئه‌و تۆپانه‌یه‌ كه‌ بۆی ئه‌هاوێژرێت و دەیەوێ كوردستان بە كەمترین زیانی مرۆیی و دارایی لەم میحنەتە رزگاری بێت، سه‌یر له‌وه‌دایه‌ هەندێك خەڵك كۆرونا وەك هەر ئایدۆلۆژیایەك سەیر دەكەن! دەڵێن باوەڕمان پێی نییە! 

داتا فەرمیەكان

تۆ ته‌ماشا بكه‌، ئه‌و نەخۆشانەی تووشی كۆرۆنا بوونه،‌ ئه‌پاڕێنه‌وه‌ له‌ میلله‌ت، سوێند به‌ قورئان ئه‌خۆن كه‌ تووش بوونه، ئەوان تكا و رجا دەكەن لە خەڵك كە خۆیان بپارێزن، تا نەكەونە هەمان دۆخ و حاڵەوە، كه‌چی شه‌قام و سۆشیال میدیا گاڵته‌یان پێ دێت. وه‌ره‌ سه‌یری ئه‌و بەدبەختیەی كورد بكه، له ‌هه‌مووشی سه‌مه‌ره‌تر ئەوەیە، كاتێك حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌ر له‌ سه‌رەتاوه‌ ده‌ستی كرد به دەركردنی بڕیار و گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی، هه‌ر زوو خوێندنگه‌ و مزگه‌وت و شوێنه‌ گشتییه‌كانی داخست، ئەودەم كە ئاماره‌كانی تووشبووانی بڵاو دەكردەوە، هەمان ئەو خەڵكانەی ئێستا دەڵێن كۆرۆنا درۆیە، دەیانگوت حكوومەت لە ژمارەكانی تووشبواندا راست ناكات و كەمتر لە ژمارەی راستی دەڵێت!

كه‌چی ئێستا كە بەداخەوە پەتاكە لە هەرێمی كوردستان زیاتر تەشەنەی كردووە، هەمان ئەو خەڵكە دەڵێن داتاكانی حكوومەت راست نییە و زیادەڕەویی تێدا دەكات تا خەڵك بتۆقێنێت!

هەر بەڕاستی ئەركی حكوومەت قورسە

ده‌بێ بڵێم مه‌خابن كە هه‌ندێك خه‌ڵكی هۆشیار و ڕوشنبیر و ئه‌كادیمییش له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م به‌ره‌یه‌دا خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه،‌ بڕوایان به‌ خۆیان هێناوه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی وه‌ك تابووری پێنجه‌م بانگه‌شه‌ بۆ نه‌بوونی كۆرونا ده‌كه‌ن راست بێژن! ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی راكێشام، ئەوە بوو خانمێكی به‌رگ مودێرن له‌ناو ئاپۆرایه‌كی جه‌ماوه‌ریدا پڕ به گەرووی رووی لە مایكی تی ڤی كردبوو‌ هاواری ده‌كرد، هه‌ر كه‌سێك كۆرۆنای گرتووە ئامادەم ماچی بكەم! سەیر ئەوە بوو بەشێك لە میدیا و سۆشیال میدیا، ئەم خانمەیان وەك حەقبێژ و پاڵەوان پیشان دەدا!

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایە كە زۆربه‌ی داموده‌زگاكانی ته‌ندروستی و پزیشكه‌كان هاوار ده‌كه‌ن، په‌تای كۆرۆنا ترسناكه ‌و به‌ گاڵته‌ وه‌ری مه‌گرن، هه‌روه‌ها چه‌ندین تووشبوو له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر و هه‌ڵه‌بجه ‌و دهۆك و شار و شارۆچكه‌كان هه‌ن، زۆری تریش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە و ژمارەكانیش روو لە هەڵكشانن.

ناڕه‌زایی هاووڵاتیان كه‌ڵه‌كه‌ بووه، له‌ لایه‌ك بێ مووچه‌یی، له‌لایه‌ك بێ بازاڕی و نه‌داری، له‌ لایەك ئیفلیجبوونی كه‌رتەكان ئابووری، سەرباری هەمووشیان نیگەرانیی بوونی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی تری، لە لایەكیش حكوومەتی عێراق بە چكە چكە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەدات، هەموو ئەمانە پێكەوە رووی لە كوردستان كردووە، خودا كوردستان بپارێزێت و قوەتی حكوومەت بدات تا بەسەریاندا زاڵ بێت. 

كۆرونا و سیاسه‌ت

لە كوردستان كەیسی كۆرۆنا بە سیاسی كراوە، چەند حزبێكی نەیار بە حكوومەت، كە هەندێكیان بەشداری سەرەكیی حكوومەتن و هەندێكیشان ئۆپۆزسیۆنن، لە هەوڵی ئەوەدان لێكەوتە ئابووری و تەندروستییەكانی كۆرۆنا، بۆ دەستكەوتی سیاسی و شەڕكردن لەگەڵ حكوومەت بقۆزنەوە، ئەمە لە هەر وڵاتێكی تردا بێت جگە لە كوردستان، لێپێچینەوەی یاسایی لەسەرە، ئه‌مه‌ زه‌نگێكی ترسناكه ‌و یاریكردنه‌ به‌ ژیانی خەڵك، چه‌ند نامۆیه‌ كه‌ ئاستی هۆشیاریی خه‌ڵكی ساده ‌و تەنانەت خوێندەوارانیش به‌كار هێنراوە بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی حزبی نه‌یاریان.
پێموایه‌ ئەو حزبانە گه‌ر له‌ هه‌ر شتێكدا به‌ بیانوو و دەرفەت قۆزەرەوە بن و دژایەتیی حكوومەت بكەن، نه‌ده‌بوو له‌ پرسێكی زانستیی جیهانیی وەكوو كۆرۆنادا ئەم هەڵوێستە نامرۆڤانەیانەیان هەبێت.

گه‌لۆ، كۆمه‌ڵێك سیاسه‌تمه‌داری بەرژەوەندپەرست هەن لە هەرێمی كوردستان، دنەتان دەدەن و لەم دۆخە سەختەدا فێری دروشمی ”بڕووخێ حكوومەت“تان دەكەن، گرنگە لە دوو شت ئاگادار بن، یەكەم: ئەو سیاسییانە خۆیان ڤایرۆسن و گەندەڵن و فریشتە نین، دووەم: كوردستان گەر بڕووخێت هەموومان دەڕووخێین، تۆ ئەگەر كوردێكیت و لەوپەڕی ئەورووپاش دەژیت، بە ڕووخانی كوردستان، تۆش لە ڕووی دەروونیەوە دادەڕووخێیت. 

هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری

پێش هه‌موو شتێك په‌یوه‌ندیی به‌ خودی تاكه‌كانه‌وه‌ هه‌یه،‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ خۆپارێزی ده‌كه‌ن سوومه‌ندی یه‌كه‌من و ده‌وروبه‌ریش له‌م ڤایرۆسه‌‌ ده‌پارێزن، ئه‌وانه‌شی خۆپارێزی ناكه‌ن زه‌ره‌مه‌ندی سه‌ره‌كین و كه‌سوكار و خێزانشیان تووشی به‌ڵا و گرفتاری ده‌كه‌ن، نه‌ك بە تەنها حكوومه‌ت، بۆیه‌ وا پێویسته‌ هه‌موو لایه‌كمان هێنده‌ هۆشیار بین و تێبگه‌ین كه كۆرونا په‌تایه‌كی تاڵ و راستیه‌، تا ئێستا پێكوته‌یه‌ك یان چاره‌سه‌رێكی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، گه‌ر بمانه‌وێت ژیان هه‌ڵبژێرین، وا پێویست ده‌كات خۆپارێز بین، گه‌ر خۆپارێزیش نه‌بین ئه‌وا بژاره‌ی مه‌رگ چاوه‌ڕێی خۆمان و ئازیزانمان ده‌كات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif