زۆرترین توشبوانی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا گەنجانن

ليست هناك تعليقات



بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەرچنار لە سلێمانی، کە یەکێکە لەو نەخۆشخانانەی تەرخانکراوە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا، رایگەیاند، شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا بە نیشانەی جیاواز و تووندتر هاتووەتەوە و زۆربەی تووشبووانیش لە گەنجانن.

بەرپرسانی تەندروستی و لیژنەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، هۆشداریدەدەن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تووشبوونی زیاتری هاونیشتمانییان، کاتێک پرسیاری هۆکاری زۆریی بڵاوبوونەوەش دەکەی، هەموویان یەک قسە دەکەن: "خەڵک پابەند نین".

هەریەک لە د.ئازاد هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەرچنار لە سلێمانی، د. ئەحمەد پاڵانی، بەڕێوەبەری تەندروستیی دەشتی هەولێر و ماجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک و ئەندامی ژووری ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا باسیان لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا و رەوشی پارێزگاکانیان کرد. 

د. ئازاد هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەرچنار لە سلێمانی، رایگەیاند ژمارەی نەخۆشەکان لە سلێمانی زۆرن، لە نەخۆشخانەکەی ئەوان ژمارەی تووشبوو زۆربوون، بۆیە شوێنیان نەماوە و ژمارەیەک نەخۆشیان ناردووەتە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ، کە نەخۆشخانەیەکی دیکە هەر لە سلێمانی بۆ خەواندنی تووشبووان تەرخانکراوە. ئێستا 15 نەخۆش لە نەخۆشخانەی سەرچنار ماون.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەرچنار نایشارێتەوە، کە رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە زیادبوونە و دەڵێ "ئەوەندە بە گاڵتە سەیرکرا، تاوەکو گەیشتین بەم رۆژە". بەڵام پێیوایە ئێستاش ئەگەر پابەندبوون هەبێت، پێدەچێ رێژەکە کەمبێتەوە.

سەبارەت بە پلانی تەندروستیی سلێمانی بۆ رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، د. ئازاد بە راشکاوی دەڵێ "پلان هەر ئەوەیە بەریەککەوتن نەمێنێ و خەڵک پابەندبن".

د. ئازاد زۆر جەخت لە دوورکەوتنەوە لە شوێنە گشتیی و قەرەباڵخەکان دەکاتەوە و دەڵێ "لەبەرئەوەی پابەندبوون نییە، ئێستا زۆربەی ئەوانەی تووشدەبن گەنجانن، لەکاتێکدا پێشتر سەروو 60 و 70 ساڵ تووشدەبوون".

د. ئەحمەد پاڵانی، بەڕێوەبەری تەندروستی دەشتی هەولێر، لەو ماوە هەواڵییەدا رایگەیاند "ئەو دۆخەی ئێستا پێیدا دەڕۆین، مەترسیدارە و تووشبوون لەزیادبوونە". ئەویش لەبارەی هۆکاری زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هەمان قسەی د. ئازاد دەکات و دەڵێ "پێشتر پابەندی هەبوو تووشبوون کەمتربوون، بەڵام ئێستا دوای ئاساییبوونەوەی ژیان و گەڕانەوەی خەڵک بۆ شوێنە گشتییەکان زیادیکرد".

د. ئەحمەد پاڵانی راشیگەیاند، لەبەرئەوەی بەو دواییانە لە دارەتوو و کەسنەزان دوو تووشبووی نوێ تۆمارکراون، ئێستا تیمەکانی تەندروستی لەو دوو شوێنە پشکنینی خەڵک وەردەگرن بەتایبەت ئەوانەی گوماندەکرێت بەرکەوتەی دوو تووشبووەکە بن.

تووشبووەکەی کەسنەزان ئافرەتێکی تەمەن 43 ساڵە، لە سلێمانی گەڕاوەتەوە و لە بازگەی دێگەڵە کاتێک پشکنینی بۆ کراوە، دەرکەوتووە تووشبووە. د. ئەحمەد پاڵانی دەڵێت "ئێستا لە بازگەکان پشکنینی ورد دەکرێت و بەزوویی هەڵگری نیشانەی کۆرۆنا دەدۆزرێتەوە".

رۆژی یەکشەممە 7-6-2020 لە سلێمانی 7 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا، کە ژمارەکە بۆ هەرێمی کوردستان پێشتر تۆمارنەکراو بوو. وا بڵاوکرایەوە کە لە نەخۆشخانەکان کێشەی نەمانی ئۆکسجین دروستبووە، بۆیە ئەو تووشبووانە گیانیان لەدەستداوە. د. ئازاد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەرچنار، کە زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستدا لە نەخۆشخانەکەی ئەو بوون، دەڵێ لەو رۆژەدا کارگەیەکی کەرتی تایبەت تەنیا ئۆکسجینی بۆ ئەوان بەرهەمهێناوە و بەردەوام بۆی ناردوون، "هەموو نەخۆشێک ئۆکسجینی لەسەر بوو، وامان دانابوو ئۆکسجین بەشی تاوەکو کاژێر 01:00ی نیوەڕۆ بکات، بەڵام لەناکاو باری تەندروستیی نەخۆشەکان تێکچوو" بۆیە ناچاربوون ئۆکسجینی زیاتر بەکاربهێنن. 

د. ئازاد دەڵێ "ئەم شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا زۆر خراپ هاتووە و لەناکاو کەوتینە ئەو بارودۆخە، ئەمجارە نیشانەکانی جیاوازە و تووندترە، زووتر کاریگەریی لەسەر تووشبوو دروستدەکات، زۆر زیاتر پێویستیان بە ئۆکسجینە".

ماجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک و ئەندامی ژووری ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بەهەمانشێوە هۆشداری دا کە لە دهۆکیش شەپۆلەکە هەیە و لەماوەی هەفتەیەکدا 70 کەس زیاتر تووشبوون، دەشڵێ "بەگشتیی تاوەکو ئێستا رەوشی تووشبووەکان بەگشتیی باشە، بەڵام یەک دوو کەس باش نین".

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە هەزار و 324 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 458 کەس چاکبوونەتەوە و 26 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. 

کۆی گشتیی ئەو تووشبووانەی ئێستا لە نەخۆشخانەکاندان و ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا چالاکە 840 تووشبووە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif