وەزارەتی ناوخۆ: حکومەت ئاگاداری رادەستکردنی دەستگیرکراوەکانی داعش نییە

ليست هناك تعليقات


محەممەد عوسمان دووشیوانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوتی: "هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئیدارەی کەرکووک نەکراوە، هیچ زیندانییەکیش رادەستی ئیدارەی کەرکووک نەکراوە و ئەوە بەلاڕێدابردنی بابەتەکەی. لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی عێراقەوە بە ئێمە راگەیێندرا کە دەیانەوێت کارێکی وابکەن. ئێمە وەکو مەڵبەندی کەرکووک نێوەندگیرییەکمان کردووە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی".

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: "ئەو بەندکراوانە جۆرەها خەڵکیان تێدایە و بە ماددەی جۆراوجۆر گیراون، بەپێی یاسا هەرکەسێک لە هەرشوێنێک گیرا بۆ دادگایی دەبێت بگەڕێتەوە بۆ شوێنی رووداوەکە، بۆیە بەشێوەی فەرمی رادەستی حکومەتی فیدراڵی کراون".

بەڵام وەزارەتی ناوخۆ ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "لە راگەیاندنەکانەوە هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە رادەستکردنی 176 تۆمەتباری تیرۆریست لە سلێمانییەوە بۆ کەرکووک، هەروەها لێرە و لەوێ هەندێ لێدوان بڵاودەکرێتەوە گوایە ئەم چەندە بە هەماهەنگی و ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە".

وەزارەتی ناوخۆ بە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و رای گشتی رادەگەیێنێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان نە لەکاتی گرتن و نە لەکاتی رادەستکردنەوەی ئەو تۆمەتبارانە ئاگاداری بابەتەکە نەبووە".

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ روونکراوەتەوە کە "بابەتی هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان رێکار و میکانیزمی خۆی هەیە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە یاسا و رێنمایی رێکخراون و بابەتی رادەستکردنەوەی ئەم تۆمەتبارانە بەدەر لە میکانیزمانە ئەنجامدراوە".

هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، "تەواوی بەندکراوانی عەرەبی سوننە کە لە سلێمانی بوون بە چوار پاسی نەفەرهەڵگر گەڕێندراونەتەوە کەرکووک و رادەستی هێزە عێراقییەکان کرانەوە".

رادەستکردنی ئەو زیندانییانە دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە 19-5-2020 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ئیدارەی کەرکووک هەردوولا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا بە فەرمی ئەو رێککەوتنەیان راگەیاند.

پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕاندنەوەی ئەو زیندانییانە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بووە، چوار پاس بوون و گەیێندراونەتە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە کەرکووک. 

ئەو دەستگیرکراوانە پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەتۆمەتی تیرۆر و ئەنجامدانی تاوانی دیکە دەستگیرکراون و رەوانەی زیندانەکانی سلێمانی کراون، چەندجارێک لایەنە عەرەبییەکان داوایانکردووە ئەو دەستگیرکراوانە رادەستی ئیدارەی کەرکووک بکرێنەوە کە ئێستا لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستانن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif