سەرۆكی هەرێم: نابێت پێكهاتەكان بكرێنە بەشێك لە ململانێی سیاسی

ليست هناك تعليقات



رۆژەی یەکشەممە 2020/05/17 سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە پەرلەمانتارانی نوێنەرانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەوە کردەوە، نابێت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بکرێنە بەشێک لە ناکۆکییە سیاسییەکان و دەبێت هەمووان هاوکار بن و هەوڵی تێپەڕاندنی سەختییەکانی ئەم قۆناخە بدەن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان نیشان دا و دووپاتی کردەوە کە ئەوان هاونیشتمانیی رەسەنی هەرێمی کوردستانن و دەبێت رێز لە بڕیاریان بگیردرێت و ئازادییان پارێزراوبێت.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی پێکهاتەکان سەرنج و بۆچوونی خۆیان لەبارەی رەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان و رۆڵ و پێگەیان لە دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتدا خستەڕوو.

نوێنەرانی پێکهاتەکان سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد کە لەپێناو پێکەوەژیان و تەباییدا بووەتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەن و پێهاتەکان.

هاوکات ئەو نوێنەرانە چەند کێشە و گرفتێکیان خستەڕوو و داوایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد کە لە چارەسەرکردنیاندا هاوکارییان بکات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا جەختی لە پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی و جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی پێکهاتەکان لە دەستووری داهاتووی هەرێمی کوردستاندا کردەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبوونی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی بە مایەی شانازی و وێنەیەکی جوانی هەرێمی کوردستان زانی و پێداگری لەوە کرد کە دەبێت ئەوە بپارێزرێت و بەرگریی لێبکرێت.

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان

نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد کە رەوشی هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەکڕیزی و سەقامگیریی سیاسی و کاری پێکەوەیی هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان هەیە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، دەبێت هەمووان لەگەڵ حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هاوکار بن و هەوڵی تێپەڕاندنی سەختییەکانی ئەم قۆناخە بدەن و لەم بارەیەشەوە سەرۆکایەتیی هەرێمیش لە کار و هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif