حكومەتی عێراق ئەو لایەنانەی ئاشكرا كرد كە كەمكردنی موچە دەیانگرێتەوە

ليست هناك تعليقات

حکومەتی نوێی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت کەمدەکاتەوە و وەزیری دارایی عێراقیش هەموو ئەو لایەنانەی ئاشکراکرد کە کەمکردنەوەی مووچە دەیانگرێتەوە. 

عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعێراقییە رایگەیاند، کاری لە پێشینەی حکومەت چینی هەژارانە، هەر کەمکردنەوەیەکی مووچە ئەو فەرمانبەر و خانەنشیانەن ناگرێتەوە کە مووچەکەیان لە 500 هەزار دینار کەمترە، ئەگەر نا سەرجەمی ئەوانەی دیکە ئەو کەمکردنەوەیە دەیانگرێتەوە.

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پارەیەکی زۆر لە دەرماڵەی پلەباڵاکان بەفیڕۆدەچێت کە ئەو کەمکردنەوە دەیانگرێتەوە، ئەو فەرمانبەرانەشی مووچەکەیان لە پلە پێنج نزیکە هەوڵدەدەن زیانەکانی سەریان کەمتربێت لە رێگەی کەمکردنەوەی مووچە، یاخود پاشەکەوت، یاخود گرێدانیان بە دڵنیایی تەندروستی یان نیشتەجێبوون، یاخود دەستەبەری تەندروستی.

عەلی عەللاوی جەخت لەوە دەکاتەوە، شێوەی داڕشتنی بودجە هەڵەیە، "دیدگای ئابووری و واقعی نییە، بودجە تەنیا بریتی بووە لە کۆکردنەوەی ژمارە و هەموو ساڵێکیش ژمارەی دیکەی بۆ زیادکراوە، کێشەی گەورەی بودجەی مووچە و دەرماڵە و خەرجییەکانی دەوڵەت و گرێدانییەتی بە یاسا، ئەگەر بێتو یاساش دەربکرێت و لێکەوتەی دارایی لەبەرچاو نەگیرێت وەک: زیادکردنی مووچە، زیادکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی، زیادکردنی دەرماڵە، یان خانەنشینی، کە هەموو ئەمانە کاریگەری بۆسەر بودجە دروست دەکات".

وەزیری دارایی راشیگەیاند، چارەسەری ئەم دۆخە هەیە لەگەڵ ئەوەی هەڵەی سەرەکی کراوە لە پەیکەری ئابووریی عێراق و دەشڵێت، هەندێک دامەزراوە تاوەکو ئێستا بە دروستی ماونەتەوە وەک بانکی ناوەندی کە یەدەگەکەی دەگاتە 65 ملیار دۆلار "ئەمەش باشە".

وەزیری دارایی عێراق جەخت دەکاتەوە کە پێویستە پارەی دەوڵەت یەک هەژماری یەکگرتووی هەبێت، "بەڵام تاوەکو ئێستا ملیارەها لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە، حیساباتی هەندێک وەزارەتیش تریلیۆنانە".

لەبارەی دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی عێراق وەزیری دارایی راشیگەیاند، هەر حکومەتێکی نوێ کە دەستبەکاردەبێت، پێویستە لانی کەم 10 تریلیۆنی بە کاش لەبەردەست دابێت، بەڵام حکومەتی نوێ عێراق تەنیا دوو تریلیۆن و نیوی لەبەردەستە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif