یەکیەتی ڕێبەری شۆڕشی نوێ و دۆڕاوی مفاوەزات!

ليست هناك تعليقات



ڕەزوان یاڵانپێی
خوێندکاری دکتۆرای مێژوو
-
۱- ڕێکەوتننامەی جەزائیر:
لە جەزائیر سەدام حوسێن و شای ئێران بە ناوەندگیری هۆری بومیدین(هەواری بۆمیدیان) گەیشتنە ڕێکەوتننامەیەکی گشتگیر لە ئازاری ۱۹۷٥دا، کرۆکی ئەم ڕێکەوتنە بریتی بو لەوەی کوردەکان بە بێ هاوکاری و یارمەتی بمێننەوە و تاران یارمەتی بزوتنەوەی کوردی نەدات. مەلا مستەفای بارزانی و بەشێک لە لایەنگرانی ئاوارەی ئێران بوو، ژمارەیەکیش خۆیان بەدەستەوە دا، پاش چەند رۆژێک دواتر شۆرشی کوردی شکستی هێنا. لەو بەروارەوە بە دوا حکومەتی عێراقی دەستی کراوەتر بو لە کوردستان و چەندین جۆر تاوانی جینۆسایدی دەست پێکرد لەوانە، بەعەرەب کردن، کوشتن، بڕین، ئەنفال....هتد.

-۲- فەراغی سیاسی:

پاش شکستی شۆڕشی کورد بارودۆخێکی ئاڵۆز و نائاسایی و دژوار باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشا و هەمو کوردستانی گرتەوە، زۆربەی زۆری ئەو تێکۆشەرە سیاسی و سەربازیانەی کە لە ڕیزی شۆڕشدا بون ورەیان بەردابوو، سەرانی حکومەت و زۆربەی خەڵکی لە دوای هەرەسی شۆڕش پێیان وابوو جارێکی تر بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد نابوژێتەوە و دروست نابێت، ئەم کەشە پڕ لە نائومێدیە وای دەخواست کە زیاتر دەست و برد بکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە سیاسیە، بۆیە لەلایەن چەند تێکۆشەرێکی کوردەوە زنجیریەک تەفاهوم و کۆبونەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە شام و ئەوروپا بەسترا وەک وەڵامێک بۆ بارودۆخی سیاسی کوردستان.

-۳- دامەزراندنی یەکیەتی و شۆڕشی نوێ:

قۆناغی دوای ڕێکەوتننامەی جەزائیر بە کۆتایی قۆناغی تاکحزبی و قۆناغی سەرەتای فرە حزبی ئەژمار دەکرێت، شۆڕشەکەی بە شۆڕشی نوێ لە ئەدەبیاتی یەکیەتیدا ناوزەند دەکرێت، دەکرێت ماوەی قۆناغی هەرەسی شۆڕش وەک خاڵی سەرەتای شۆڕشی نوێ سەیر بکرێت. لەم تەوقیتەدا تاڵەبانی لە دیمەشق لە گەڵ چەند گروپێکی چەپگەردا (ی.ن.ک) پێکهێنا کە بو بەیەکێک لە ڕێکخراوە سەرەکیەکان لە سیاسەتی کوردی پاش ڕێکەوتننامەی جەزائیر، ئەم ڕێکخراوەش لە سێ گروپ کە هەر یەکەیان پلەیەکی جیاوازی ئایدۆلۆژیای سۆسیالیزم نیشاندا. یەکەم خەت لە ( جەلال تاڵەبانی، عادل مراد، عبدالرزاق فەیلی، فواد مەعسوم) پێکهات، دواتر (نەوشیروان مستەفا، کمال خۆشناو، کمال فوئاد، عمر شێخ موس) پەیوەندیان کردوە، لە گەڵ سەرکردەکانی ناوخۆ( عەلی عەسکەری، خالید سەعید، عومەر دەبابە) بەم شێوەیە خەتی گشتی و کۆمەڵە و بزوتنەوەی سوسیالیستی ( ی.ن.ک ) لە ۱ی حوزەیرانی ۱۹۷٥ لە شام جاڕدرا. لێرە بە دواوە هێزێکی نوێ لە سەر ساحەی سیاسی کوردستان دەرکەوت و هاتە نێو ململانێ و مەیدانەوە.

-٤- یەکیەتی و ئاگرێکی گەرم:

پاش شکستی شۆڕشی ئەیلول و بێ ئومێد بونی خەڵکی، کۆمەڵێک شۆڕشگێڕ لەهەمبەر بەرپرسیاریەتی پارتێکی نوێیان دامەزراند و کەوتنە خۆ و دەیانویست ئەو شۆڕشەی کە کورد ساڵانێکە خەباتی بۆ دەکات نەکوژێتەوە و بەڕێگایەکی دیکە و جیاواز لە شۆڕش بەردەوام بن.

دامەزراندنی یەکیەتی کاردانەوەیەکی خراپی لێکەوتەوە لە لایەن سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بە واتایەکی دیکە سەرانی پارتی پێیان قەبوڵ و هەزم نەدەکرا پارتێکی دیکە جێگەی بنەماڵەی بارزان بگرێتەوە و لە خەباتی سیاسی بەردەوام بن، هەر زو بۆ کاردانەوەی یەکیەتی (قیادەی موەقەتەی) پارتی دامەزرا وەک بەرپەرچێک لە هەمبەر ئەو هێزە نوێیەی کە دامەزراوە و بە شەو و بە ڕۆژ خەڵکی شارو گوندەکان پەیوەندی بە یەکیەتیەوە دەکەن.

دیارترین نمونەی کاردانەوەی پارتی لەهەمبەر یەکیەتیدا ڕێکەوتنی قیادەی موەقەتە بو لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکان و بنەماڵەکانی ناوچەی هەکاری بوو، ئەوەبو کارەساتبارترین ڕوداو یەخەی یەکیەتی گرت کە بە کارەساتی هەکاری بەناوبانگە، کە بوە هۆی لە دەستدانی کۆمەڵێک سەرکردەو پێشمەرگەی قارەمان.

پاش کارەساتی هەکاری هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی یەکیەتی اتفاقیەیەکیان مۆر کرد لە نێوان خۆیاندا کە بە (پێکهاتەی جود) ناسراون بۆ لێدانی یەکیەتی، ئەم پێکهاتەیە لە چوار هێزی سەرەکی پێکدەهاتن ئەوانیش ( پارتی و حسک و پاسۆک و حشع) بون، ئەزمونی ئەم پارتانەش لە گەڵ یەکەتیدا ئەزمونێکی تاڵ و یادەوەریەکی ڕەشی مێژوویی بۆ تەواوی هێزەکان تێدایە، لە سەرەتای هەشتاکاندا ئەم پێکهاتەیە بە جیاو لە ناوچە جیاجیاکاندا لە جەنگی گەورەو بچوکدا روبەروی یەکیەتی وەستاون، جەنگی (پاسۆک-یەکیەتی)،(حسک-یەکیەتی)،(حشع-یەکیەتی)، ماوەیەکی زۆر لە گەڵ ئەم هێزە سیاسیانە لە جەنگ و مملانێ و دژایەتی کردندا بو.

ئێرانیش بە دو هۆکار دژایەتی یەکیەتی ڕاگەیاندبو، ئەوانیش پاڵپشتی بارزانی و قیادەی موەقەتەیان دەکرد بەوەی کە دژ بە حزبی بەعس و یەکیەتی خەریکی مفاوەزاتە لە گەڵ بەعس، دوەمیش بە هۆی پەیوەندی (یەکیەتی و حدک) ئێران لەبر ئەم دو هۆکارە دژ بە یەکیەتی دەوەستایەوە، هەر هێندەش نا بەڵکو دەستی دەگرت بە سەر ئەو چەک و ئازوقە سەربازیانەی کە لە ڕێگای شام و تارانەوە بۆ یەکیەتی دەهاتن و دەستیان بەسەردا دەگرتن.

یەکیەتی بە درێژایی هەشتاکانی سەدەی بیست ڕوبەروی هێزی بەعسی عێراقی بوەتەوە و لە چەندین داستاندا توانیویەتی سەربکەوێ و لەو ململانێ و زۆرانبازیانەدا چەندین پێشمەرگە شەهید بون، کورتەی قسان لەدامەزراندنی یەکیەتیەوە تا ڕاپەڕین یەکیەتی لەقۆناغە جیاجیاکاندا لە نێو ئاگرێکدا ژیاوە و دوژمنایەتی زۆری کراوە و توانیویەتی هێزەکەی خۆی بپارێزێ و بگرە هێزەکەی ڕۆژانە گەورەتر دەبوو.

-٥- یەکیەتی و سەروەری ڕاپەرین:

دوای کۆتایی هاتنی جەنگی عێراق -ئێران و جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و پیادەکردنی سیاسەتی بەبەعسی کردن و داپڵۆسینی خەڵکی کوردستان بە گشتی، هێزە سیاسیەکان و خەڵکی پڕ و توڕە کرد، لە ساڵی ۱۹۹۱ ئەم توندیە گەشتە لوتکە ڕاپەرینی لێ کەوتەوە، خەڵکی لە شارو شارۆچکەکان ڕاپەڕین دژ بە حزبی بەعس، لێرەدا نابێ بەشداری لایەنە سیاسیەکان لەبیر بکرێ و لە پێش هەمویانەوە یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان، کە بە هێزێکی زۆرەوە و ورەیەکی پۆڵاینەوە لە گەڵ جەماوەر توانیان ئەو دەستکەوتە بۆ کوردستان بەدی بێنن، بە تایبەت لە ئازاد کردنی شاری کەرکوکدا و دواتریش دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەت کە یەکیەتی پشکی شێری بەردەکەوێت.

بە واتایەکی دیکە یەکیەتی بە ڕێبەری شۆڕشی نوێ و خەبات و بەرخۆدان دادەنرێت کە هیچ ڕۆژێک بێ جوڵە نەبوە تا ئەوکاتەی توانیان کوردستان لە هێزی بەعس پاک بکەنەوە.

-٦- یەکیەتی دۆڕاوی مفاوەزات:

لە دوای ڕوخانی بەعس کورد لە عێراقدا پاش چەندین ساڵ خەبات و چاوەڕوانی هەلێکی مێژوویی بۆ هەڵکەوت، بۆ ئەوەی بەشێک لە خواستە سەرەکیەکانی بەتایبەتی دیاری کردنی سنوری کوردستان بچەسپێنێ، گەر لە کاتی خۆیا بیقۆستایەتەوە دەستکەوتی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابوری و پێشمەرگەیی گەورەی بەدەست دەهێنا، سەرکردایەتی کورد بەهۆی ململانێی حزبی ناوخۆییانەوە بۆ ڕازی کردنی ئەمریکا ئەم هەلەی لەدەستچوو ئەمە لەلایەک، لەلاکەی دیکەوە حکومەتی عێراقی تازە کە پێکهات و اتفاق لە گەڵ لایەنە سەرەکیەکانی عێراق کرا بە پێکهاتەی سونی، شیعە، کورد، کورد تا ڕادەیەک بەشێک لە پۆستە سیاسی و سیادەکانی لە سەر ئاستی عێراق بەرکەوت.

پشکی کورد لە نێو خۆیاندا بەتایبەت جوت حزبی دەسەڵاتداری کوردستان نوێنەرایەتی دەکرد دابەش کران و یەکیەتی بە پەلە پڕوزەوە پارتیش بە عەقڵی خاوەنی هەرێمی و بنەماڵەیی، هەڵپەی پۆستەکانی کوردی لە عێراق کەمتر بوو لە چاو یەکیەتی، بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین یەکیەتی کوردستانی بە ڕەهەندی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابوریەوە تەسلیم به پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، ئەوەتا لە پای ئەو ڕێکەوتنە سیاسیەی نێوان هەردوولا پارتی بوەتە خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانی و براوەی یەکەمی کوردستان، دەتوانرێت بوترێت بەرزبونەوەی ڕێژەی کورسیەکانی پارتی لە پەڕلەمان و دابەزینی ڕێژەی دەنگی یەکیەتی بۆ مفاوەزاتی پارتی و یەکیەتی دەگەڕێتەوە کە پارتی بە کوردستان ڕازی دەبو، بە پێچەوانەوە یەکیەتی بەرەو بەغداد ملی نا.

بە سەرنجدان لە کێشەو ململانێیە ناوخۆێیەکانی یەکیەتی کە نەیتوانی لەناوخۆیدا بە گفتوگۆ چارسەری بکات و ساڵانێک بەو نەخۆشیەوە دەتلایەوەو دەیناڵاند، جەستەی یەکیەتی پڕ بو لە ئازار،تەنها چارەسەری ئەوەبوو کە لە ڕێی ناوخۆ و گفتوگۆی ئاشتیانەوە چارەسەری بکات، بەڵام بێ باکی سەرکردەکانی وای کرد، بەرەیەکی ڕیفۆرم خوازی لە جەستەی ئەم حزبەوە دەربچێت و یەکیەتی کردە دوبەشەوە و بزوتنەوەی گۆڕانی لێ دروست بوو.

دوا قسه یەکیەتی نیشتیمانی بەرامبەر پارتی دیموکرات لە ڕێکەوتننامەکان، لە پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت دۆڕاوی سەرەکیە و قۆرخکردنی پۆستە سیادیەکان و جومگە هەستیارەکانی کوردستان لە لایەن پارتیەوە نیشانەی براوەیی سەر مێزی قسه و گفتوگۆیە، نەک بەهێزی و زۆری دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif