عوسمان گوڵپی
-
نامەیەك بۆ دەسەڵات
سێ سەرۆكایەتی(هەرێم و حكومەت و پەرلەمان)
دەسەڵاتدارەكانی ناو حیزبەكانی ( پارتی و یەكیەتی )
لێرەدا نامەوێ باسی دۆخی خراپی خەڵك بكەم، هەموان دەزانین ژیانی خەڵك چۆنە، بە موچە خۆر و بێ موچەوە، بۆیە ئەمەوێ ئەو قسانە بكەم كەلە پەناوە بێدەنگ بێدەنگ بە گوێمانا ئەدرێن، دەمەوێت بڵێم دۆخی خەڵك زۆر مەترسیدارە و مەترسیەكەش لەو بێدەنگیەدایە، بێدەنگیەك كە ڕەنگە ئێوە بە ترس یان ڕازی بوون خوێندنەوەی بۆ بكەن، بەڵام هیچیان نیە،
گۆڕانكاری و ڕێگای گۆڕانكاری لە وڵاتێكدا كەبانگەشەی دیموكراسی بكات و بیەوێ گەشە بكات، هەڵبژاردنە و فشارەكانی داخوازیەكانیش مەدەنین و ڕێگاكان وڵات وێرانكەرنین، بەڵام لە ئێستادا هەرێم بە دۆخێكی مەترسیداردا تێدەپەڕێت، هاوڵاتیان كۆدەنگن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن ئەم وڵاتە ناگۆرێت، چوار ساڵی ڕابردووی خەباتی مەدەنی و بەدەمەوە نەهاتنی دەسەڵات بۆ ناڕەزاییەكان و حساب بۆ نەكردنی خەڵكی خۆپیشاندەر و خراپتر بوونی ژیانی خەڵك، وێڕای سەدان خۆپیشاندان، خەڵكی گەیاندۆتە ئەو باوەڕەی ڕێگای مەدەنی و خۆپیشاندانی مەدەنی هیچ لەم دەسەلاتە ناگۆڕێ و حسابی بۆ ناكەن، ئەمەش وایكردوە بەتەواوی بێ هیوای دروستت ببێت،
ئەسڵی مەترسیەكە ئەمەیە، بەهۆی باوەر نەمانی خەڵك بە خۆپیشاندان و فشاری مەدەنی، هاوڵاتیان و مامۆستایان و فەرمانبەران بە تلفۆن و هۆكارەكانی پەیوەندی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان و بە ئاسپایی بە گوێتدا دەچرپێنن و دەڵێن خۆپیشاندان ئەم وڵاتە ناگۆڕی، پێت دەڵێن ئەمانە بە چەپڵە و نارەزایی لا ناچن؟ دەڵێن ئەمانە هێزیان هەیە هێز!؟ تەنانەت بەشێكیتر لەو هاوڕێیانەش كە ساڵانی ڕابردوو لە ناڕەزاییە مەدەنیەكاندا بووین، ئێستا باوەڕیان وایە ئەو جۆرە خەباتە مەدەنیەی ڕابردوو قۆناغێك بوو ڕۆشت و تێپەڕی و پێویستمان بە قۆناغ و میكانیزمی ترە؟، ئەوە جگە لەو گەنجانەی هیچ كارێكیان نیە و دوای تەواوكردنی زانكۆش گیرفانیان خاڵیە و دەڵێن ئەم وڵاتە پێویستی بە ڕاپەڕینێكیترە
ئێوە وەرنە شوێنەكانی ئێمەی ناڕازی ئەو كات تێدەگەن و دەزانن چەند كەس ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مەدەنی بە كات كوشتن دەزانێ، وەرن بزانن چەندتان پێ دەڵێن ئەمانە بە چەك هاتوون و دەبێت بە چەكیش بڕۆن( خراپترین بیركردنەوە كە مرۆڤ لە لوتكەی بێزاری و بێ هیوایدا دەیكات)، بزانە چەند كەس دەڵێت تا خوێن نەڕژێ ئەم وڵاتە باش نابێت، من دەزانم ئەوە خراپرین خیاری بەردەم گۆڕانكاریەو دەرئەنجامیشی باش نابێت، بەڵام بەتەواوی خەڵك بێ هیوا بوە، پێی وایە ئیتر تەواو دەبێت ئەم دەسەڵاتە ئەم وڵاتە بەجێ بهێڵن و هیچ مەجالێكیان بۆ چاكسازی نەهێشتۆتەوە
لاوازی ناڕەزاییەكانی ئەمساڵ نیشانەی قبوڵكردن و ئاشتبونەوەی خەڵك نیە لەگەڵ دەسەڵات، بەڵكو نیشانەی ئەوەیە كە بیركردنەوەی خەڵك بە ئاراستەیەكدا ڕۆشتوە كە باوڕیان بە ناڕەزایی مەدەنی نەماوە و ئەمەش بۆ هەموان زەرەرەو دەمانباتەوە خاڵی سفر،
كاتێك متمانە بە خەباتی نەرم لاواز دەبێت، متمانە بە ڕێگای توند گەشەدەكات( پەیوەندیەكی پێچەوانەیە)، گەشەكردنی باوەڕی زەروریەتی ڕاپەڕینێكیتر! ئەم وڵاتە لەسەر لێواری تەقینەوەی جەماوەری دەهێڵێتەوە، من باوەڕم وایە كار گەشتە تەقینەوەی جەماوەری نە هێز دەتوانێ بەری پێ بگرێت و نە زیندان و نە كوشتن، بە پێچەوانەوە كوشتن و گرتن و ئازاردان گیانی تۆڵەكردنەوە بەهێز دەكات،
هێشتا كات ماوە تا دڵسۆزانە قۆڵی بەدەمەوەهاتنی خەڵك هەڵكرێت و متمانە بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی كە نیەتی بەڕێوبردنێكی باش هەیە، درەنگە بەڵام كات ماوە بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە نەكەوێتە بەردەم تەقینەوەی جەماوەری، ئێستا دەتوانرێ پێشی پێ بگیرێت بەڵام كە كەوتە لێواری تێكچون و توڕەیی خەڵك، نەپێشی پێدەگیرێت و نە ئەشزانیرێ چ قەدەرێك چاوەڕێی ئەم هەرێمە دەكات لەبەردەم ئەم همو ناحەزە دەرەكیەدا، كەجامی خەڵك پڕبوو و گەنجان دەستیان بۆ توندوتیژی برد تەواوی وڵات ببێتە زیندان و ڕۆژانە سەدان بكوژرێن هێشتا بەری پێ ناگیرێ و مێژوو دەیان نمونەی ئەم جۆرە پڕبونەی جەماوەریانەی تێدایە.
ئێمە دڵمان بەم وڵاتە دەسوتێت و ژان دەمانگرێ كە دەبینین گەنجێك بە دەسەڵاتێكی كوردی و خەونی سەدان ساڵەی نەتەوەیەك دەڵێت پێویستمان بە ڕاپەڕین و شۆڕشە بۆ گۆڕانكاری، ئاخر ئەمە دەمانباتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، ڕاستە توڕەین و نیگەرانین بەڵام دڵسۆزین، بۆیە پێتان دەڵێین تا كار لەكار نەترازاوە بەخۆتاندا بچنەوە و گوێ لە ڕاوێژكارە بەرژەوەندی خوازەكانتان مەگرن و واز لە خۆدەوڵەمەندكردن و پێشبڕكێی كۆمپانیا و شەڕی سیاسی ناشەریفانە و گەندەڵی بهێنن و بكەونە سەر سكەی بەڕێوبردنی وڵات بە دڵسۆزی و هەرچیتان. كردوە ژیانی خەڵك باشكەن، خۆ ئەگەر وانەكەن، ئەوا چاوەڕێی تەقینەوەی جەماوەری و ڕاپەڕینبن، لەو وڵاتانەش بەهێزتر نین كە خەڵك ڕووخاندنی و وڵاتەكەشیان وێران بوو. ئەمەش تەمەننای كەسمان نیە.
عوسمان. گوڵپی
١٧/٥/٢٠٢٠
عوسمان. گوڵپی
١٧/٥/٢٠٢٠
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق