دەرکردنی ئێران و حزبوڵڵا لە سووریا هەرگیز نایەتەدی

ليست هناك تعليقات


هەواڵ
-
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، حەسەن نەسڕەڵڵا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند ئیسرائیل لە سووریا هێرش دەکاتە سەر هەر شتێک پەیوەندی بە دروستکردنی مووشەکەوە هەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە سەربازیی ئێرانی لە سووریا نین، ئەوەی هەیە تەنها ڕاوێژکارن و دەرکردنیشیان هەرگیز نایەتەدی. 

حەسەن نەسڕەڵڵا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی، "پێداگریمان لەسەر چوون بۆ سووریا، بەهۆی تێگەیشتنمان لەو مەترسییە گەورەیە بوو کە هەڕەشەی لە فەڵەستین و سووریا و هەموو ناوچەکە دەکرد".

وتیشی ئیسرائیلییەکان لە سووریا هێرش دەکەنە سەر شتێک پەیوەندی بە دروستکردنی مووشەکەوە هەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد سووریا لە جەنگەکەدا براوە بووە، ئەگەرچی هێشتا هەندێک ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ ماوە، "لە جەنگی سیاسیدا سەرکەوتوو بووە، سەرەڕای ئەو جەنگە دەروونی و گەمارۆیەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە".

نەسڕەڵڵا جەختیشی کردەوە، "ئێران شەڕی نفوز ناکات لە سووریا، نە کێشەی لەگەڵ ڕووسیا و نە تەماعیشی لەناو خاکی سووریدا هەیە، تەنها ڕاوێژکار و پسپۆڕی ئێرانیش لە وڵاتەکەدا هەن نەوەک سەرباز".

ڕوونیشی کردەوە، "ئەو پسپۆڕ و شارەزایانە لە ساڵی 2011ـەوە لە سووریان و بگرە ژمارەیان پێش جەنگ زیاتریش بووە، بەڵام هیچ هێزێکی سەربازیی ئێرانی لەوێ نییە".

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە دوای ئازادکردنی بادیە و کردنەوەی ڕێگەی حەلەب و کۆتاییهاتنی شەڕی دیمەشق، "ئەوە دوو ساڵە بڕیاردراوە شەڕکەرەکان بۆ وڵاتانی خۆیان بگەڕێنەوە".

وتیشی، "دەرکردنی ڕاوێژکارانی ئێران و هێزە بەرەنگارەکان و حزبوڵڵا لە سووریا، ئامانجێکە هەرگیز نایەتەدی".

چەند مانگێکە فڕۆکە سەربازییەکان و مووشەکهاوێژە ئیسرائیلییەکان، هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە سەربازی و سەربازگەکان لە سووریا، بە بەهانەی ئەوەی چەکدارانی حزبوڵڵا و سەربازی ئێرانی لێن. 

وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش ڕایگەیاندبوو، "چالاکییەکانیان لە سووریا چڕتر دەکەنەوە و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، ئێران لە سووریا دەردەکەن".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif