حكومەت روونكردنەوە لە ٢٧ ملیار دۆلارەكە دەدات

ليست هناك تعليقات


نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوە لەبارەی 27 ملیار دۆلار قەرزی سەر هەرێمی کوردستان دەدات و ئاماژە بەوە دەکات، "بەشێکی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێدەکرێت،  پاشەکەوتی مووچەیە و دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی ھەرێمی کوردستان کە ھۆکارەکەی نەناردنی بەشە بودجە بووە لە بەغداوە".

مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی 22-5-2020 لە گوتارێکیدا ئاماژەی بە قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد، لە روونکردنەوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیشدا هاتووە، "دوای ئەوەی لە دوایین گوتاری مەسروور بارزانی ئاماژە بەو بابەتە درا، ژمارەیەکی زۆر لە کەس و لایەنەکان کە تائێستا بێدەنگ بوون، ھاتنە ئاخاوتن و روونکردنەوەیان داوە کە ئەو قەرزانە بەشێکی زۆری پاشەکەوت و ئیلتیزامی داراییە".

نووسینگەی مەسروور بارزانی دەشڵێت، "سوپاسی ھەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە دواجار دانیان بەو راستیانەدا نا کە دەمێکە باسیان دەکرێت".

لە گوتارەکەیدا مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "لە گوتاری دەستبەکاربوونم لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەم بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ملیار دۆلار قەرزارە، کە بڕی 27 ملیار دۆلارە، بەشێکی زۆری ئەو قەرزانەش لە ئەستۆی حکومەتی فیدرالە، بە هۆی نەناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتەکانی پێشووی عێراق. هەربۆیەشە بەداخەوە حکومەتی هەرێم خاوەنی هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی دارایی نییە".

د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش لەو بارەیەوە وتارێکی لە پەیجەکەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "ئاماژە یاساییەکان دەڵێن: سەرەتای قەرزکردن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، واتە تا کۆتایی کارەکانی کابینەی حەوتەم، هەرێم هیچ بڕە پارەیەک قەرزار نەبووە، چونکە لە یاسای بودجەی گشتی هەرێم ژمارە (1) لە ساڵی 2013 کە دوایین یاسای بودجەیە لە پەرلەمان پەسەندکرابێت، لە بڕگەی یەکەمی ماددەی پێنجەم کە تایبەت کراوە بە خەرجییەکان- ئەسڵ ئەوەیە ئەگەر هەرێم قەرزار بێت، دەبێت لەناو خەرجییەکان تەرخانکراوی بۆ دابنرێت- هیچ گوژمەیەک، چ بۆ دانەوەی ئەسڵی قەرز و چ بۆ دانەوەی سوودی قەرز، دانەنراوە".

د. رێواز فایەق ئەوەشی گوتووە، دەتوانێت بە لۆژیک و دوور لە هەر راڤەکردنێکی سیاسی بیسەلمێنت، کە هەرێمی کوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزار نییە، "بە مانای قەرزی پشتبەستوو بە یاسا".
دەقی روونکردنەوەکە:

*ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی قەرز و ئیلتیزاماتە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان*

لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە چەندین بۆنەی جیادا بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بابەتی قەرزەکانی ھەرێم داوە و ڕوونی کردووەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێدەکرێت، پاشەکەوتی مووچەیە و دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی ھەرێم، کە ھۆکارەکەشی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لە بەغداوە بووە . لە راستیشدا ئەو کوژمەیە دەبێتە ئیلتیزامی دارایی بەغداش بەرامبەر بە ھەرێم.

دوای ئەوەی لە دوا وتاری بەڕێزیان دیسان ئاماژە بەو بابەتە درا، ژمارەیەکی زۆر لە کەس و لایەنەکان کە تا ئێستا بێدەنگ بوونە، ھاتنە ئاخاوتن و ڕوونکردنەوەیان داوە کە ئەو قەرزانە بەشێکی زۆری پاشەکەوت و ئیلتیزامی داراییە. سوپاسی ھەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە دواجار دانیان بەو ڕاستیانە دانا کە دەمێکە باسیان دەکرێت، مەبەستیان لەو نووسین و ڕوونکردنەوانە ھەرچی بێت، سەلمێنەری ئەوە بووە کە ئەو قەرز و ئیلتیزاماتانە ھەن و دەبێت واقعیانە مامەڵەیان لەگەل بکرێت.

وەک جەنابی سەرۆکی حکومەت بەڵێنیداوە کە لەگەڵ ھاووڵاتیانماندا شەفاف بین، بەڕێزیان (بەرێوەبەرایەتی بەرێوەبردن و ھەماھەنگی قەرزی گشتیی لە ئەنجوومەنی وەزیران) راسپاردووە ، تاکو لە زووترین کاتدا ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر ھەموو قەرز و ئیلتیزاماتی دارایی حکومەتی ھەرێم ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی پەرلەمان و ڕای گشتیی ھەرێمیش بکرێت.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
2020/5/26





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif