عوسمان عبدلڵە گوڵپی
-
سیاسەت وەك دنیایەكی فراوانی پڕلە پێچوو پەنا، كە مرۆڤ بۆ ئەوەی تێبگات و بە هەڵەدا نەچێت تیایدا دەبێت بخوێنێتەوە و گوێبگرێت و دیقەت بدات و ئەزموون بكات، هەنگاو هەنگاو، بەتایبەت دەبێت نەوەكانی پێش ئەم نەوەیە بە ئەمانەتەوە هەنگاوە دروستەكانی سیاسەت نیشانی نەوەی نوێ بدەن و ڕێگایەك داڕێژن كە گەنجەكان بە هەمان هەلەدا تێپەڕ نەبنەوە، بەتایبەت ئەو گەنجانەی لە گۆشەیەك لەو گۆشانەدا كار دەكەن كە بارگاویە بە سیاسەت
خراپترین سیاسیەكان ئەوانەن كە چوار گەنج لە دەوری خۆیان كۆ دەكەنەوە كە تازە لەسەرەتای بیستەكانی تەمەنیانن و بە هیوایەكی گەورەوە دەست بۆ سیاسەت و میدیا و كاری ڕێكخراوەیی دەبەن و چاویان لە داهاتووە تا بتوانن خۆیان بەشێوازێكی دروست پەروەردەكەن، كەچی وەك بابایەكی سیاسی گوێیان پڕكەیت لە درۆ و ناڕاستی، بێیت و درۆو چەواشەكاری خۆتیان لێ بكەیتە سیاسەت و پاراستنی بەرژەوەندیەكانت بخەیتە حەوشەی بەرژەوەندی گشتی، خراپترینەكانی سیاسەت ئەوانەن دۆخی دارایی گەنجەكان دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی ببنە پاسەوانی فەیسبوكەكانیان، دێن و بە سێ سەد هەزار دەیانكەنە پۆستەوان و كۆمێنتەوانی خۆیان، دێن دەیانەوێ بەم نەوەیە بڵێن ئەوەی ئێمە دەیكەین و دەیڵێین سیاسەتە و ئەوە ئەسڵی بەرژەوەندی گشتیە، دێن و لە ڕێگەی گەنجە تازە پێگەشتوەكانەوە و لە ڕێی فەیسبوكە ساختەكانیانەوە دەیانەوێ ڤێلا و شوقەكانیان بشارنەوە، دێن و دەیانەوێ دوكان و خانوە بەكرێدراوەكانیان لە چاو دوور خەنەوە، دەیانەوێ گەنجێ بكەنە قوربانی و بەكاریبهێنن بۆ شاردنەوەی مامەڵە بازرگانیەكانیان، گەنجەكان ئامادە دەكەن بۆئەوەی هەركەس ڕابردووی گەنیویان هەڵداتەوە ئەمان بكەونە وێزەی خۆی و ئەخلاقی و كەرامەتی، پێیان وایە دەتوانن بە شكاندنی ئەوانیتر دەتوانن شكاوی خۆیان چاككەنەوە، پێیان وایە بە دانانی دوو ئەكاونت و چوار پۆستەوان مێژووی وەرگرتنی پارە و چەك و دەمانچە بشارنەوە، سیاسیە دۆڕاوەكان خراپترین دەستدرێژیكارن بۆسەر گەنجان، دەستدرێژی تەنها جنسی و توندوتیژی جەستەیی نیە و بەكارهێنان و بەلاڕێدابردنی گەنجەكان ئیختیسابی سیاسیە، ئەی مەگەر گەنجێكی پڕ لە هیوا بێ هیوا دەكەیت، یان گوێچكەی پڕدەكەی لە درۆ، یان فێری جاسوسی دەكەیت بەسەر هاوڕێكانیەوە، توندوتیژی نیە، گەنجێك فێر دەكەیت بە بیست و پێنج هەزار، ئەكاونتێك دابنێت و كێت ویست پڕ جنێویكەیت و كەرامەتی بشكێنی، ئەی ئەوە دەستدرێژی نیە بۆ سەر داهاتووی نەوەكانمان.
بەداخەوە، كاریگەریان لەسەر گەنجەكان داناوە و دەیان گەنجیان بەلاڕێدا بردوە و وانەیان پێ وتونەتەوە و درۆ و چەواشەكاری و لادانی پارە و مەوقیف فرۆشتنیان لێ كردونەتە سیاسەت، لەولاشەوە كورەكانی خۆیان دەپارێزن و لە باشترین زانكۆكانی دەرەوە خوێندنیان پێ تەواو دەكەن، بەیەك وشە نایانخەنە ناو ئەو قوڕاوەی كە كوڕەكانی خەڵكی تێدەخەن، كوری خەڵك دەكەنە نێو خراپترین جۆری سیاسەت و شەڕی فەیسبوك، دووچاری مەترسیان دەكەن، عەیبداریان دەكەن، كەچی دوایش بەرهەمەكەی دەدەنە ئۆتۆمبێل و ڤێلاو تكتی فرۆكە بۆ كوڕەكانیان، كوڕەكانی خۆیان سەلامەت و خۆشگوزەران، كوڕی خەڵكیش بە دوو دەستخۆشی و دوو فلس و سوپاسنامەیەك دەكەنە پاسەوانی بەرژەوەندیەكانیان، كێشەكە ئەوەیە كەنجەكان زۆر درەنگ دەزانن، چونكە گەنجێك سەرەتای كاری سیاسەتیەتی زۆر درەنگتر تێدەگات لەوەی دەبوو زیاتر تێبگات، بۆیە دەبێت گەنجەكان. وریایانە مامەڵە بكەن و لە پاڵ خۆپێگەیاندندا نەبنە قوربانی بەرژەوەندی خوازەكان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق