بەگوێرەی راپۆرتێکی پێنتاگۆن، لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوانیاندا، سوپای چین شکست بە سوپای ئەمریکا دەهێنێت.
گۆڤاری تایمزی ئەمریکی راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)ی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوانیاندا، ئەوا وڵاتەکەی لەبەرامبەر چیندا شکستدەهێنێت. سەرچاوەیەکی سەربازی ئەمریکاش رایگەیاندووە، "چین موشەکی درێژمەودای دژە کەشتی جەنگیی هەیە و هاوکات موشەکی هایپەرسۆنیکی هەیە کە خێراییەکەی پێنج هێندەی خێرایی دەنگە."
گۆڤارەکە باسی لەوەشکردووە، ئەگەرچی گرژییەکانی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکا و چین وادەردەکەوێت لەسەر بابەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بێت، بەڵام لە راستیدا رەگی کێشەکانیان لەوە قووڵترە و بە پلەی یەکەم لەسەر خاکی وڵاتی تایوانە، کە چین بە بەشێک لە سەروەریی خاکی خۆی دەزانێت و ئەمریکاش هەوڵی کۆنترۆڵکردنی لایەنە سیاسی و ئابورییەکەی دەدات.
لەوبارەیەوە، شین جینپینگ، سەرۆکی چین رایگەیاندووە، پلانیان داناوە تاوەکو ساڵی ٢٠٥٠، تایوان بگەڕێتەوە سەر چین و ببنەوە یەک دەوڵەتی یەکگرتوو لەژێر ناوی (یەک چین).
ناوی وڵاتی تایوان بە فەڕمی بریتییە لە "کۆماری چین" و ناوی وڵاتی چینیش بە فەڕمی بریتییە لە "کۆماری هاوڵاتیانی چین".
بەگوێرەی گۆڤاری تایمزی ئەمریکی، بەپێی لێکدانەوە سەربازییەکان سوپای چین لە ٢٠٣٠دا دەبێتە بەهێزترین سوپای جیهان لە رووی کەرەستە و تەکنەلۆژیای سەربازییەوە.
هەینی رابردووش، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی خەریکی دروستکردنی موشەکێکی پێشکەوتووە کە خێراییەکەی ١٧ هێندەی موشەکەکانی پێشترە.
ساڵانێکی دوورودرێژە ئەمریکا و چین لە ململانێی سیاسیدان و بەمدواییەش بەهۆی تۆمەتبارکردنی چین بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن ئەمریکاوە، گرژییەکانی نێوانیان زیادیکردووە و میدیاکانی جیهانیش بە وردی تیشک دەخەنە سەر توانا سەربازییەکانی هەردوو وڵاتەکە.
NRT
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق