سەرۆکوەزیران: چاکسازی و ئاڵنگاریيەکان

ليست هناك تعليقات

ئالان حمەسعید - وەزیری پەروەردە
 -
ساڵی یەکەمی حوکمڕانی لە کوردستان لە چوارچێوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و نزیکەی 28 ساڵ حوکمڕانی لە رێگەی شەرعیەتی یاسایی و دامەزراوە هەڵبژێردراو و متمانەپێدراوەکانی کوردستان، دەستکەوت و کەموکوڕیشی تێدابووە. دەستکەوتەکانی جێگەی شانازین، لەسەروو هەمووشیانەوە چەسپاندن و پاراستنی قەوارەی فیدراڵی کوردستان، کە زۆرکات لەبەردەم هەڕەشەی زۆر مەترسیدار بووە، بەڵام ئەو 29 ساڵەش بێکەموکوڕی نەبووە، دۆخی ناوخۆیی و دەرەکی هۆکاربوون.

کابینەی نۆیەم میلادێکی نوێ نەبوو لە حوکمڕانی کوردستان، بەڵام میلادێکی نوێ بوو لەوەی چیدیکە کێشەکان نابێ دوابخرێن بەڵکو دەبێ چارەسەربکرێن، ئەمەش پێدراوە نوێیەکان پێمان دەڵێت، گرنگی و سەرکەوتوویی کەسی حوکمڕان  لەوەدایە خۆی نەبوێرێت لەهەڵە و کەموکوڕییەکان و گەندەڵی و بەهەدەردان، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە بژاردەیەک بخاتەڕوو بۆ چارەسەریان.

لە هەر کەسێک بپرسیت خواستت چییە لە حوکمڕانی؟ راستەوخۆ وەڵامەکانی بەم چەمکانە دەردەبڕێت: دەسەڵاتێکی دادپەروەر ـ دەسەڵاتێکی شەفاف ـ دەسەڵاتێکی دژە گەندەڵ ـ هەموو ئەو چەمکانە هی هەموومانن، بەڵام مامەڵەمان لەگەڵیان جیاوازە، هاووڵاتیان بە راستگۆیی باس لەو چەمکانە دەکەن و خواستیانە. بەشێک لە سیاسیيەکان دروشمیانە، لە بنەڕەتیشدا خۆیان بەزەرەرمەندی یەکەم دەزانن کاتێک حوکمڕانی شەفاف بێت و دادپەروەر بێت و دژی گەندەڵی و بەهەدەردان بێت. لێرەوە ئیشکالیەتەکە سەرهەڵدەدات ئەو ژمارەیە لە سیاسيیەکان کە تووشی گرفت دەبن بە دەسەڵاتێکی شەفاف و دادپەروەر خۆیان دەکەن بە فریادڕەسی هاووڵاتیان کە لە بنەڕەتدا ئەوە هاووڵاتیيە راستگۆیە و حوکمڕانیيەکی دەوێت دادپەروەربێت.

گوتارەکەی سەرۆکوەزیران:
لەرێککەوتی 10ـی7ـی 2019 کاتێک لە پەرلەمانی کوردستان ئەم کابینەیە متمانەی وەرگرت، بەرێز سەرۆکوەزیران لە دیباجەی کارنامەی کابینەکە ئاماژەی دا بە:

(1)
"ئەم بەرنامەیە لەسەر بنەمای رێککەوتنە سیاسییەکان و پووختەی بەرنامەی گشت لایەنە بەشداربووەکانی ناو کابینەی نۆیەم رێکخراوە و بۆچوون و پلانی تێکرای بەشداربووانی ئەم کابینەیە لە خۆ دەگرێت. جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیەش بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی ناو ئەم کابینەیە دەبێت".

پاشان راستەوخۆ تەوەری یەکەمی کارنامەکە چاکسازی بوو. مەبەستمە ئاماژە بەوە بدەم ئەو کارنامایە و ئەنجامدانی چاکسازی شەرعیەتی  سیاسی لە رێککەوتنی لایەنە سیاسيیە بەشداربووەکانی کابینە وەرگرت و مەشروعیەتی یاسایشی لە پێدانی متمانەی پەرلەمانی کوردستان وەرگرت.

کاتێک بەرێز مەسروور بارزانی نوێترین گوتاری پێشکەش کرد، خاڵی گرنگی باسکرد، کاردانەوەکان زۆر بوون، ئەمەش دۆخێکی چاوەڕوانکراوە، چونکە لە مێژووی حوکمرانی کوردستاندا  لە لووتکەی دەسەڵات دەگمەن  باس لەو بابەتانە کراوە.

لە 29 ساڵی رابردوو گرفت و کەموکوڕیمان هەبووە، بەڵام پێویستە چارەسەری بکەین، چونکە بەرپرسیارێتمان لەسەر شانە، ئەمە بەمانای نادیدەکردنی ئەزموونی حوکمڕانی نایەت بەئەندازەی ئەوەی هەوڵە بۆ چاکسازی لە بواری وەزیفەی گشتی، بواری رێکخستنی داهات، رێکخستنەوەی بنەماکانی حوکمڕانی لە بەرامبەر پێدراوە نوێیەکان، بەدیهێنانی شەفافیەت، ئاشکراکردنی داهات. ئەم راشکاویەی سەرۆکوەزیران رەنگە خوێندنەوەی واقيعی بۆنەکرابێت ، ئەزموونی 28 ساڵی دامەزراوەکانی ئێمە لە حوکمڕانی گرفت کەسەکان نەبووە، بەڵکو ژینگەیەکی سیاسی ناتەندروست بووە، پارتە سیاسيیەکانی کوردستان لە دەسەڵات بوبێتن یان لە ئۆپۆزيسیۆن، هەمیشە گوشاریان لە حکومەت کردووە و حکومەتیان خستووەتە جوغزێکی تەسکەوە بۆ ئەوەی داواکاریيەکانیان جێبەجێبکات، ئەمە بەرهەمی کارلێککردنی هاوکێشە سیاسیيەکان بووە لە کوردستان، بەڵام ئەم زەمان و مەکانە وادەخوازێت چارەسەربکرێن.

بابەتێکی دیکە گرنگە ئاماژەی پێبدرێت ئەو کاردانەوەیە بوو کە لەسەر گوتنی راستیيەک هەندێک زۆرترین قسەیان هەبوو لە بارەیەوە وەک ئەوەی خەڵکی کوردستان پێویستیان بەو چوارچێوە تیۆرییە ئابوورییە بێت، دەهاتن چەمکەکانی قەرز و ئیلتزام و... هتد یان بۆ خەڵک لێکدەدایەوە. بەرێز مەسروور بارزانی کە گوتی 27 ملیارد دۆلار قەرزارین، بەوپەری بوێرییەوە باسیکرد، ئەوە یەکەمین باسکردنیشی نەبوو، لە وتارەکەیدا لە پةرلەمانی کوردستان لە 10ـی تەممووزی 2019 بەم دەقە ئاماژەیدا: "بەڕێزان حکومەتێکمان وەرگرتووە کە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە کەڵەکەبووی رەوشی نالەباری دارایی و دۆخێکی نەخوازراوە، دەبێت هاووڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بزانن کە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراقی فیدرال ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەیەک کە مووچەو مافی هاووڵاتیانی هەرێم بووە".

(2).

تۆ لە دراوسێیەکت پارە وەربگریت، یان بچی پارەی نەختیینەی بانکە ناحکومیيەکان رابکێشیت یان پارەی کۆمپانیای نەوتت لەسەر ماڵ بێت و نەتدابێت یان بەڵێندەر پرۆژەی بۆ دروستکردبيت و پارەی خۆی وەرنەگرتبێت یان مووچەی فەرمانبەرانت پاشەکەوت کردبێت، بەتەواوی هەموو ئەمانە دەزانین هۆکارەکەی نە ناردنی بودجەی کوردستان بووە لەلایەن حکومەتی فیدرالەوە، ئیدی ئەم فەلسەفە بەخشینەوەی بۆچيیە؟ کەواتە تۆ قەرز بێت یان ئیلتیزام یان هەر ناوێکی دیکەت حەز لێیە  لێیبنێ کەی ئەوە گرفتە؟ کەواتە تۆ پارەیەکت لەسەرە وەک حکومەت، کەی؟ چۆن؟ بەچی؟ ئەوانە وردەکارین، بەڵام وێنەکە روونە کە تۆ پارەیەکت بەسەرەوە ماڵە، حکومەتیش بەشەفافی هەموو ئەو داتایانە بۆ پەرلەمان و رای گشتیش دەخاتەڕوو.

ئەمە میلادێکی نوێ نییە لە حوکمڕانی، بەڵکو ئەو ستایلەیە لەحوکمڕانی کە وتنی هەموو راستی و واقعەکانە بە هاووڵاتیان، رەنگە هەندێک جاریش بوترێت کە خەڵکی ئێمە لەگەڵ ئەم شێوازە، ئەوپەڕی سەراحەت ، رانەهاتوون، بەڵام ئەمە دەرگا کردنەوە بوو بۆ ئایندەش کە نابێ لەمەودوا هیچ لە خەڵک شاراوەبێت.

کۆی گشتی ئەم راستگۆییە لەگەڵ خەڵک و بەگوێدادانی بانگی چاکسازی بێ گرفت و کاردانەوە نابێت. هەندێک دەیانەوێ بڵێن ئەم حکومەتە قەرزار نيیە و بە ئەنقەست مووچەی خەڵک نادات، ئەگەر وایە کوا ئەو پارەیە لە کوێ یە؟ بفەرموون بەکردەوە دەستی بخەنە سەر با هەموومان حکومەت ناچار بکەین بیدات. هەندێکی دیکە دەزانن و گەیشتوونەتە یەقین کە کوردستان بەوجۆرە بەڕێوەناچێت و ئەو سەرۆکوەزیرانە ئەگەر هەرچی کردبێت هەر چاکسازی دەکات، چونکە دەبێت و لەسەریەتی بژێوی خەڵکەکەی دابین بکات، ئینجا لەمە حيزبەکەی زەرەر دەکات یان حيزبی دیکە، دەبێ هەر ئەنجامی بدات، چونکە کۆی گشتی خەڵک ژیانێکی باشتری دەبێت و کوردستانیش دەپارێزێت، ئەمەش بێ کاردانەوە نابێت، بەڵام ئیدی ناتوانرێت دۆخی باو بەردەوام بێت، وەک ئاگاداریشم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک چۆن لەسەرەتای کابینەی نۆیەمەوە پاڵپشتیکاری هەنگاوەکانی حکومەت بووە، بۆ ئەنجامدانی چاکسازیش بەرگریکار و پشتیوانی حکومەتە. کوردستانیش رێگەی دیکەی لەبەردەم نيیە جگە لە چاکسازی گشتی لە کۆی سێکتەرەکانی حکومی و بەدیهێنانی دادپەروەری.

هەموو ئەو بنەمایانەی نووسین بوو، لەسەری رێککەوتبووین، ئێستا پێدراوە نوێیەکان دەڵێن کاتی بەکردەییکردنیەتی. بۆیە سەرۆکوەزیران گوتی من لەبەرەی خەڵک دەمێنمەوە، ئەم رستەیە رەنگە هاووڵاتیان بەسادەیی وەریبگرن، بەڵام ئەوانەی بەرژوەندییان دەکەوێتە مەترسییەوە زۆر بە قوڵی تێیدەگەن. بۆیە بەرپرسیارێتی هەموومانە کە هاوبەشین ئێمەش لەبەرەی خەڵک بمێنینەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif