ڕاپۆرت
-
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە راپۆرتێكی لەبارەی كاریگەرییەكانی كۆڤید-19 لەسەر بەشە جیاجیاكانی كەرتی وزەی جیهان لە 2020 بڵاوكردووەتەوە، لەوانەش نەوت، گازی سرووشتی، كارەبا، وزە پاكەكان، وزەی ئەتۆمی و دەردانی دووانەئۆكسیدی كاربۆن.
راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ، داخستنی شوێنە گشتییەكان و رێكارەكانی كەرەنتینكردنی خەڵك لە ماڵەكانیان، خواستی نەوت لە مانگی ئادار بەبڕی 10.8 ملیۆن بەرمیل كەمدەكات.
هاتووچۆی سەرشەقامەكان 75% كەمبووەتەوە
لەو ناوچانەی قەدەخەی هاتووچۆیان تێدا راگەیێندراوە، هاتووچۆی سەر شەقامەكان بەڕێژەی 50% بۆ 75% كەمبووەتەوە. تاوەكو كۆتایی ئاداری 2020، هاتووچۆی ئامێرەكانی گواستنەوەی سەرشەقام لە هەموو جیهان بەڕێژەی 50% لەچاو ساڵی 2019 كەمیكردووە.
گەشتی ئاسمانی (هێڵی فڕۆكەوانی) لە چەند ناوچەیەكی جیهان بەتەواوی راوەستاوە، لەكاتێكدا گەشتی ئاسمانی لە هەندێك وڵاتانی ئەورووپا بە رێژەی 90% كەمیكردووە. لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا، بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19 وایكردووە گەشتە ئاسمانییەكان لەسەر ئاستی جیهان بەڕێژەی 60% دابەزن. تەنیا لە مانگی ئادار، لە ئەنجامی كەمبوونەوەی گەشتی ئاسمانی و وشكانی و دەریای، خواستی نەوتی جیهان بەبڕی 10.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزی.
لە چین، كە بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19 لە جیهان دادەنرێت و قەدەخەی هاتووچۆی لە كۆتاییەكانی مانگی كانوونی دووەمەوە دەستیپێكرد، خواستی لەسەر نەوت لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ بە بەراورد بە چارەكی یەكەمی 2019 بەڕێژەی 13% دابەزی.
بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانیی حكومەتی بەیجینگ، لە مانگی شوبات خواستی نەوتی چین بە بڕی 2.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا یان 20% بە بەراورد بە مانگی شوباتی 2019 كەمیكردووە.
هۆكاری سەرەكی كەمبوونی خواست بۆ نەوت بۆ دابەزینی خواستی بەنزین بەبڕی 1.1 ملیۆن بەرمیل یان 33% دەگەڕێتەوە لە بازاڕەكانی جیهاندا، لەكاتێكدا كەمبوونی خواست لەسەر سووتەمەنی فڕۆكە بە رێژەی 28% بووە.
لە مانگی ئادار بەهۆی هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ، هەندێك لە كارە بازرگانییەكان دەستیانپێكردەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خواستی نەوتیی چین لەو مانگەدا بەڕێژەی 22% لە مانگی ئاداری 2019 كەمتر بووە.
ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مانگی ئادار لە ئەوروپا و ئەمریكاش بڵاوبووەوە، ئەوەش زۆربەی وڵاتانی ناچاركرد قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێنن. تەنیا لە مانگی ئادار خواستی سەر نەوت بە بەراورد بە مانگی ئاداری 2019 بەبڕی زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزی.
لە ئاداردا خواست لەسەر نەوت 10 ملیۆن بەرمیل دابەزی
خواستی نەوت لە ئاداری 2020 بە بڕی زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل لەچاو ئاداری 2019 دابەزیوە، بەو پێیەش خواستی وڵاتانی پێشكەوتوو لە چارەكی یەكەمی 2020 بە بەراورد بە ئاداری ساڵی رابردوو بەبڕی 2.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزیوە. لە بەشەكانی دیكەی جیهان خواستی نەوت لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ بەبڕی 3.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا كەمیكردووە. مەزندە دەكرێت خواستی رۆژانەی نەوتی جیهان لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ بەبڕی 5.6 ملیۆن بەرمیل لەچاو چارەكی یەكەمی ساڵی رابردوو دابەزێت.
بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ و داخستنی سنووری ئاسمانیی وڵاتانەوە، كەرتی فڕۆكەوانی دابەزینێكی گەورەی خواستی نەوتی بەخۆوەبینیوە. مەزندە دەكرێت خواستی نەوتی سپیی فڕۆكە لە كانوونی دووەم بەبڕی رۆژانە 310 هەزار بەرمیل و لە شوبات بەبڕی رۆژانە 1.1 ملیۆن بەرمیل بە بەراورد 2019 دابەزیبێت. بەگوێرەی راپۆرتەكەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، خواستی نەوتی سپیی فڕۆكە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بەبڕی 2.1 ملیۆن بەرمیل بە بەراورد بە 2019 دابەزیوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەو مانگەدا ژمارەیەكی زۆرتری وڵاتانی جیهان سنووری ئاسمانی وڵاتەكانیان داخست.
بەگشتی چاوەڕێدەكرێت خواستی نەوتی سپیی فڕۆكەكان لە چارەكی یەكەمی 2020 بەبڕی 1.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بە بەراورد بە چارەكی یەكەمی 2019 داببەزێت.
بەپێی ئامارەكانی ناوەندی (تۆم تۆم)، لە نێوەڕاستی ئادار جوڵەی ئامرازەكانی گواستنەوەی سەر شەقامەكانی ئیستەنبووڵ، لۆسانجلیس، مەكسیكۆ سیتی، مۆمبای، پاریس، نیویۆرك، ساوپاولۆ و تۆرینتۆ بەڕیژەی 50% بۆ 60% كەمیكردووە.
تەنیا لە بەریتانیا و فەرەنسا لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆ، خواست لەسەر بەنزین بەبڕی 1.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا كەمبووەتەوە. لە چارەكەی یەكەمی 2020 بە بەراورد بە چارەكی یەكەمی 2019 خواست لەسەر بەنزین بە بڕی رۆژانەی 1.5 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.
پێشبینییەكان بۆ تەواوی 2020
كاریگەرییەكانی قەدەخەی هاتووچۆ و داخستنی شوێنە گشتییەكان لە 187 وڵاتی جیهان بووەتە هۆی راوەستانی جوڵەی مرۆڤ. چاوەڕێدەكرێت ئەمساڵ خواستی رۆژانەی نەوت لە جیهان بەبڕی 9.3 ملیۆن بەرمیل بە بەراورد بە 2019 دابەزێت.
لە مانگی نیسان ئەمساڵ بە بەراورد بە نیسانی ساڵی رابردوو، خواستی نەوت بەبڕی 29 ملیۆن بەرمیل كەمتر بووە. لە 1995ەوە ئەوە یەكەمجارە بازاڕەكانی نەوت دابەزینێكی بەوشێوەیە بە خۆیانەوە ببینن. پێشبینیدەكرێت، خواستی جیهان لەسەر نەوت لە كانوونی یەكەمی ئەمساڵ بەبڕی 2.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا كەمتربێ لە كانوونی یەكەمی 2019.
قەدەخەی هاتووچۆ و داخستنی شوێنەكان لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ تەنیا كەمبوونەوەی خواستی نەوتی لێنەكەوتووەتەوە، بەڵكو بووەتە هۆی كەمبوونەوەی فرۆشتنی ئۆتۆمبیلیش لە جیهاندا. لە شوباتی 2020، فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە چین بە بەراورد بە شوباتی 2019 بەڕیژەی 82% لە مانگی ئاداریش بە بەراورد بە ئاداری 2019 بەڕیژەی 48% كەمیكردووە. هەرچەند هەردوو ژمارەكە لەچاو 2019 دابەزینی گەورەیان پێوەدیارە، بەڵام ئاماری فرۆشی مانگی ئادار دەریدەخات لەو مانگەدا جوڵەی بازاڕی ئۆتۆمبێل بەرەو باشتر چووە.
فرۆشی ئۆتۆمبێل لە ئەوروپا 55% دابەزیوە
بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، فرۆشی ئوتۆمبێل لە سەرتاسەری وڵاتانی ئەورووپایی بەڕێژەی 55% دابەزیوە، لە كاتێكدا فرۆشی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان بەهۆی ستاندارەدەكانی دەردانی دووانكسایدی كاربۆن وەك ساڵی رابردوو ماوەتەوە.
لە ئەمریكاش فرۆشی ئۆتۆمبیل لە مانگی ئاداری ئەمساڵ لەچاو مانگی ئاداری ساڵی رابردوو بە رێژەی 38% كەمیكردووە. لەهەمان مانگدا فرۆشی ئۆتۆمبێل لە هیندستانیش بەرێژەی 50% كەمیكردووە. كەمبوونەوەی فرۆشی ئۆتۆمبیل بە واتای كەمبوونەوەی خواست لەسەر بەرهەمە نەوتییەكان دێت لە 2020.
مەزندە دەكرێت خواستی بەنزینی جیهان لە چارەكی یەكەمی 2020 بە بەراورد لەگەڵ چارەكی یەكەمی 2019 بە بڕی 1.7 ملیۆن بەرمیل دابەزیبێت. بەهۆی دواخستنی بۆنە گەورەكانی وەك ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ و بەردەوامبوونی هەندێك لە رێكارە تەندروستییەكانیش، خواستی بەنزین لە چارەكی دووەمی 2020 بەبڕی 590 هەزار بەرمیلی دیكە لەچاو چارەكی دووەمی ساڵی رابردوو دادەبەزێت. خواستی بەنزین لە 2020 بەرێژەی 11% یان بەبڕی رۆژانەی 2.9 ملیۆن بەرمیل كەمتر دەبێت لە ساڵی رابردوو.
پێشبینیدەكرێت لە ساڵی 2020، بەهۆی كەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانی دەریایی و وشكانی خواستی سەر گازیش بەهەمان شێوەی خواستی بەنزین بەبڕی رۆژانەی دوو ملیۆن بەرمیل كەم ببێتەوە.
ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی IATA پێشبینیكردووە گواستنەوە و گەشتە ئاسمانییەكان لە چارەكی دووەمی ئەمساڵ بە رێژەی 69%، لە چارەكی سێیەم بە رێژەی 40% و لە چارەكی چوارەم بە رێژەی 10% بە بەراورد لەگەڵ چارەكی دووەم، سێیەم و چوارەمی 2019 كەمبكات. بەپێی ئامارەكان، گواستنەوەی ئاسمانی لەسەرەتای نیسانی ئەمساڵ بە رێژەی 70% كەمتربووە لە گواستنەوەی ئاسمانیی لە سەرەتای نیسانی 2019.
پێشبینیدەكرێت لە چارەكی دووەمی ئەمساڵ خواستی سەر سووتەمەنی فڕۆكە بەرێژەی 20% لەچاو سێ مانگی دووەمی 2019 كەمتربێت. بە درێژایی 2020یش خواستی سووتەمەنیی فڕۆكە بەرێژەی 26% یان رۆژانەی 2.1 ملیۆن بەرمیل كەمتر دەبێت لە 2019.
كاریگەرییەكانی كۆڤید-19 تەنیا نەبووەتە هۆی كەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو و بەرهەمەكانی وەك بەنزین، گاز و سووتەمەنیی فڕۆكە، بەڵكو كاریگەری لەسەر بەرهەمەكانی دیكەی نەوت وەك گازی شل، ئیسان، نەفتا و نەوتی ماڵانیش هەبووە.
ئاسۆی نەوت لە 2020 بەندە بە مانەوەی كاریگەرییەكانی كۆڤید-19 و دەستپێكردنەوەی چالاكییە ئابوورییەكانەوە. رەنگە دەستپێكردنەوەی چالاكییەكان و هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ لە چارەكی دووەمی 2020 كاریگەرییەكان كەمبكاتەوە و كەمبوونەوەی خواستی نەوت بگەیێنێتە 6.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا. خواستی نەوت بەندە بە شلكردنی رێكارەكان و دەستپێكردنەوەی جوڵەی ئۆتۆمبێل، وەك ئەوەی لە چین بەدیكراوە، بەڵام ئەگەر شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا سەرهەڵبدتەوە، ئەوكات خواست لەسەر نەوتی خاو بەشێوەیەك كەمدەبێتەوە كە جارێ وێناكردنی ئاسان نییە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق