دامەزراوەی مێژوویی تورک، یان شێواندنی مێژووی کورد!‌

ليست هناك تعليقات

ڕاپۆرت
-
دەوڵەتی تورکیا لە سەرەتای دامەزراندیەوە و تا ئێستا جگە لە هێرشە سەربازیەکانی، زۆر رێگای تری تاقیکردووەتەوە کە کەلتور و زمان و ناسنامەی کورد لەناوببات و هەوڵێکی تریشی ئەوە بووە کە لە ڕیگەی دامەزراوەی مێژوویی تورکەوە، سیاسەتی تواندنەوەی کورد بەردەوامی پێبدات.

دامەزراوەی مێژوویی تورک کە تا ئیستاش کاروبارەکانی بەردەوامە و دەزگایەکی دەوڵەتە و خاوەن ماڵپەڕ و باڵەخانەی تایبەت بەخۆیەتی و زۆر نووسەر و کارمەندیشی هەیە، زۆر جار بڵاوکراوە و بەڵگەی گوایە مێژووییی بڵاوکردووەتەوە کە ئەم خاکە (کوردستان) خاکی کوردەکان نییە.

دامەزراوەی مێژوویی تورک: بنەچەی کورد دەگەڕێتەوە سەر تورکمانەکان!
نمومەیەک لە کارە تێکدەرەکانی ئەو دامەزراوە دەوڵەتیەی تورکیا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی یوسف هەلاچئۆغلۆی سەرۆکی پێشووی دامەزراوەی مێژوویی تورکە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەنجامیدابوو و ڕایگەیاندبوو، بە پێی ڵێکۆڵینەوەکانی دامەزراوەکە، بنەچەی کورد دەگەڕێتەوە سەر تورکمانەکان و هیچ نەژادێک بە ناوی کوردەوە نییە و وتی، "لە ئێستادا لە تورکیا باسی پرسی کورد دەکرێت، باسی لە گەلی کورد دەکرێت، من خۆم لێکۆلینەوەم کرد و ئاشکرا بوو کە کورد لە بنەچەدا تورکمانە. بەو هۆیەوە پارتە کوردیەکان بە تایبەتی پەکەکە پارتێکی کوردی نییە و لە لایەن دەستی دەرەکیەوە ئاڕاستە دەکرێت."

هەلاچئۆغلۆ: ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن، کوردی عەلەوی، لە بنەچەدا ئەرمەنین
یوسف هەلاچئۆغلۆی سەرۆکی پێشووی دامەزراوەی مێژوویی تورک هەر لەو کۆنفڕانسەدا باس لە کوردانی عەلەوی لە دەرسیم و شارەکانی تری باکووری کوردستان دەکات و دەڵێت،"دەگوترێت لە تورکیا ٢٧ نەژاد دەژین، ئەمە بۆچوونێکی سیاسیە و مێژووییی نییە. بۆ نمونە ئەو کەسانەی کە خۆیان بە کوردی عەلەوی ناوزەند دەکەن، لە بنەچەدا ئەرمەنن."

دامەزراوەکە دوای ٨٢ ساڵ سیاسەتەکانی گۆڕی
دامەزراوەی مێژوویی تورک دوای ٨٢ ساڵ و بۆ جاری یەکەم لە ١٠ کانونی دووەمی ٢٠١٤ سیاسەتی خۆی بەرانبەر گەلی کورد گۆڕی. پرۆفیسۆر دکتور مەتین هۆلاکۆ سەرۆکی نوێی دامەزراوەکە لە کۆنفڕانسێکدا بە ناوی 'کورد و تورک لە مێژوودا' باسی لە ژیانی هاوبەشی گەلی تورک و گەلی کورد لەم ناوچەیەدا کرد.

مەتین هۆلاکۆ لە قسەکانیدا ڕایگەیاندبوو، دامەزراوەی مێژوویی تورک، لەبەرانبەر مێژوو بەرپرسیارە و پێویستە ڕاستیەکان تۆمار بکات و دەڵێت، "دامەزراوەکەمان قۆناغێکی نوێی دەستپێکردووە و پێویستە ڕاستیەکان بڵێت و بەو هۆیەوەشە دەتوانین بە دڵنیاییەوە باس لە پەیوەندیە مێژوویی و هاوبەشەکانی کورد و تورک بکەین، بەڵام پێویستە پرسی کورد لە 'تیرۆر' جیا بکرێتەوە."

دامەزراوەکە بڕیاریدا گروپێک لە مێژووناس و ئەکادیمیەکانی تورکیا پێکبهێنن و سەردانی ئەو وڵاتانەی کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا بوون بکات و لێکۆلینەوە لەسەر مێژووی عوسمانی و ئاسەوارەکانی بکات بۆ ئەوەی لە فەوتان ڕزگاریان ببێت.

ئەو دامەزراوەیە ١٨ جار کۆنگرەی گەورەی بە سەرۆکایەتی سەرۆکە یەک لەدوایەکەکانی تورکیا ئەنجامداوە و چەندین جار ناویشی گۆڕاوە، لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو باڵەخانەی تایبەتی بۆ دروستکراوە و بڵاوکراوەیەکی بە ناوی بەلەتۆن هەیە کە ٤ مانگ جارێک بڵاودەبێتەوە.

ئامانجی سەرەکی ئەم ناوەندە پاراستنی زمان و کەلتوری تورکە کە بەسەر زمان و کەلتور و مێژووی نەتەوەکانی تری تورکیا بە تایبەتی نەتەوەی کورد بسەپێنێت.

ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif