وردەكاری ئەوەی دوێنێ شەو لە بەغداد ڕوویدا

ليست هناك تعليقات


هەواڵ
-
کورد بە شپرزەیی لە دانیشتنەکەی شەوی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە مستەفا کازمی دەرچوو، هۆکاری ئەمەش بۆ یەکدەنگ نەبوونی لایەنەکان لەسەر کاندیدەکان و ڕەنگدانەوەی ناکۆکیەکانی هەرێم لەسەر لایەنە کوردیەکان لەبەغدا دەگێڕدرێتەوە.

لایەنە کوردیەکان بۆ متمانەدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی هاوڕا نەبوون، هەندێکیان دەنگیان پێدا و هەندێکیان دانیشتنەکەیان بایکۆت کرد، هەروەک لەنێو ئەو لایەنانەشدا کە متمانەیان بە کابینەکەی کازمی دا، لەسەر کاندیدەکان گرفت دروستبوو.

بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتارە جیابووەوەکان لە نەوەی نوێ، بەبیانووی ئەوەی مستەفا کازمی هیچی بۆ کورد پێ نیە، دانگیان بە کابینەکەی نەدا، بەڵام یەکێتی و پارتی دەنگیان بەکابینەکەداو لەسەر پشکی کورد گرفت لەنێوانیان دروست بوو.

شوان داودی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کورد لە حاڵەتێکی شپرزەیی و ناسەقامگیردایە، بۆیە هەمیشە سەر لە خۆی دەشێوێنێت، دۆخی هەرێم و بێ متمانەیی نێوان لایەنەکان، کاریگەریان هەبوو لەسەر ڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی نێو پەرلەمانی عێراق."

شپرزەیی لایەنە کوردیەکان وایکرد بە شکستەوە لە دانیشتنەکەی شەوی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق دەربچن، بە تایبەت لە کۆی سێ کاندیدی پشکی کورد، تەنها کاندیدێکیان دەنگی هێنا، دوو کاندیدەکەی تر، یەکیان نەخرایە دەنگدانەوە و یەکێکیانیش دەنگی نەهێنا.

ئەو وەزارەتانەی بەر کورد کەوتن، بریتین لە وەزارەتەکانی: ئاوەدانکردنەوە کە نازەنین وسو، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە وەزیری، هەروەها وەزارەتی داد، عەبدولرەحمان مستەفا کاندیدی بوو، بەڵام شکستی هێنا، وەزارەتی دەرەوە، فواد حسێن کاندیدی بوو نەخرایە دەنگدانەوە.

مەیاد نەجار ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"شپرزەییەکە ئەوەبوو، کاندیدی وەزارەتی داد لەنێوان عەبدولرەحمان مستەفا و خالید شوانی دا زوو زوو گۆڕدرا."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، هۆکاری نەخستنە دەنگدانی فواد حسێن لەلایەن پارتیەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە، ترسیان لەوە هەبووە دەنگ نەهێنێت، بۆیە دەیانەوێت کاندیدی ئەو وەزارەتە بە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان لەپەرلەمان تێپەڕێنن.

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەبەوەدەکەن، بۆچوونێک لە نێو پارتی دا دروستبووە، بە گۆڕینی فواد حسێن و هێنانەوەی هۆشیار زێباری بۆ وەزارەتی دەرەوە، بەڵام دەیانەوێت پێشوەخت لەگەڵ لایەنەکان گفتووگۆی لەبارەوە بکەن.

مەیادە نەجاری پەرلەمانتاری پارتی، وتی"ڕێککەوتنەکە وابوو، وەزارەتی نەوت و دەرەوە لە جەولەی دووەم، دەنگیان بۆ بدرێت لەپەرلەماندا."

بەڵام شوان داودی کە هاوکات کادیری پێشکەوتووی یەکێتی نیشتیمانیە، پێیوایە هۆکاری نەخستنە دەنگدانی فواد حسێن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەنێو ڕای گشتی عێراق دا، ناڕەزایەتی لەدژ دروستبووە.

دانانی عەبدولرەحمان مستەفا وەکو کاندیدی وەزارەتی داد کە ئەو وەزارەتە پشکی یەکێتی نیشتیمانی بووە لەنێو کورددا، دیسانەوە کێشەی دروستکردووە و یەکێتی ڕەتیکردووەتەوە.

ناڕازیبوونی یەکێتی وایکرد، عەبدولڕەحمان مستەفا بە خالید شوانی بگۆڕدرێت، بەڵام لە دوا ساتەکاندا، جارێکی تر خالید شوانی دوور خرایەوە و عەبدولرەحمان مستەفا کاندید کرا، کە دواجار لەنێو پەرلەماندا شکستی هێنا.

زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن خالید شوانی لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە دوورخراوەتەوە، بەبیانووی ئەوەی پۆستی حیزبی هەیە، هەڕەشەی ئەوەیکردووە گەر یەکێتی پێداگیری بکات، ئەوا ئەویش ( محەمەد تەمیم) سەرکردەی حیزبەکەی بۆ وەزارەتێک کاندید دەکات.

شوان داودی راوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمان و کاندیدی یەکێتی، ئاماژەی بەوەکرد عەبدولرەحمان مستەفا کاندیدی ناڕاستەوخۆی پارتی بووە، بەڵام لەڕێگەی کەسایەتیەکەی عەرەبی نزیک لەبەرهەم ساڵەحەوە کاندید کراوە، تا وایلێهاتووە سەرۆک کۆمار لۆبی بۆ کردووە، وتی"ئێمە هەموو شت دەزانین، کە پارتی چۆن عەبدولڕەحمان مستەفای وەکو وەرەقەیەک بەکارهێنا، کە زانیان یەکێتی لۆبی بۆ کردووە و لەدەنگداندا شکستی پێ دێنێت، بۆیە خۆیان لێ بەدوور گرت."

دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی بەچەند ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقەوە کرد، هەرچەندە کاندیدکردنی عەبدولرەحمان مستەفایان لەلایەن بەرهەم ساڵەحەوە ڕەتکردەوە، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.

بەڵام مەیادە نەجاری پەرلەمانتاری پارتی، قسەکانی داودی ڕەتکردەوە و وتی" عەبدولرەحمان مستەفا پارتی نەیهێنابوو، ڕاگەیاندنەکان، دەڵێن: کاندیدی دکتۆر بەرهەم بووە، بەڵام کەسێکی ئەکادیمیە، گەر دیراسە بکرایە ڕەنگە دەنگی بهێنایە."

شکست هێنانی عەبدولرەحمان مستەفا لەنێو پەرلەمانی عێراق دا بۆ کورد بە گرفت دادەنرێت، بەو پێیەی کاندیدکرا و هیچ هێزێک خۆی نەکردە خاوەنی، هەروەها شکست هێنانیشی لەکاتێکدا بووە، کە ناوبراو پێشتر بە سەرۆکی لیستی کوردی لەکەرکوک دانراوە.

عەبدولرەحمان مستەفا، ئامادەنەبوو زانیاری لەبارەی ئەو لایەنەوە بدرکێنێت کە کاندیدی کردووە و دواتر پشتی تێکردووە، تەنها ئەوەی بەدەنگی ئەمەریکا وت"خۆشم نازانم چۆنە، مەسەلەکە تازە تێپەڕی، قسەی لەبارەوە ناکەم."

دروستبوونی گرفت لەنێوان یەکێتی و پارتی دا لەسەر پۆستی وەزارەتی داد، لەکاتێکدایە، لایەنەکانی تر، ئەو دوو حیزبە بە کورت کردنەوەی کێشەکانی کورد، لە شەڕی وەرگرتنی پۆستتدا تۆمەتبار دەکەن، جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە کازمی هیچی فەرمی بۆ کێشەکانی کورد و هەرێم پێنەبووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif