مامۆستایەکی زانکۆ رایدەگەیێنێت، بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتی ناوخۆ، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیکەری کابینەکەی بچووک بکاتەوە و ناکرێ پەیکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیکەری حکومەتی چین گەورەتربێت، وەزیرێکی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: گرنگە ئەو بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوانە لاببردرێن کە پێشتر بۆ رازیکردنی هەندێ لایەن و کەسایەتی دروستکراون.
داخوازی حکومەت و پەرلەمان و تەنانەت حیزبەکانیش لەم دۆخەدا ئەنجامدانی چاکسازییە لە سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی بۆئەوەی ببێتە دەرەچەیەک بۆ رزگاربوونی هەرێمی کوردستان لەو دۆخە ئابوورییە کە ئێستا تێیکەوتووە، لەو بارەیەوە د. هەردی مەهدی، مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا رایگەیاند، پێویستە حکومەت چاکسازی لە شادەمارەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان بکات، پەیکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەچاو ژمارەی دانیشتووان و جوگرافیای هەرێمی کوردستان زۆر گەورەیە و زۆر پێویستە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیکەرەکەی بچووک بکاتەوە، چونکە هەم خەرجییەکانی کەمدەبنەوە و هەمیش مووچەخۆری زیاد کەمدەبێتەوە.
بە گوتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئەو کەسانە دەتوانرێ لەو شوێنانە کاریان پێبکرێت کە پێوستن، "چونکە
ناکرێ حکومەتەکەمان هێندەی وڵاتی چین کە خاوەنی ملیارێک و 500 هەزار کەسە وەزیری هەبێت، هەروەها ژمارەی پەرلەمانتارەکانی هەرێمی کوردستان زۆرە و پێویستە کەمبکرێنەوە بۆ 40 بۆ 50 پەرلەمانتار، جگە لە نەهێشتنی مووچەی ئەوانەی زیاتر لە دوومووچەیان هەیە کە ژمارەیان زیاتر لە 85 هەزار کەسە و هەروەها بڕینی مووچەی بندیوارەکان، چونکە ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دەخەنە ژێر مەترسییەوە".
ناکرێ حکومەتەکەمان هێندەی وڵاتی چین کە خاوەنی ملیارێک و 500 هەزار کەسە وەزیری هەبێت، هەروەها ژمارەی پەرلەمانتارەکانی هەرێمی کوردستان زۆرە و پێویستە کەمبکرێنەوە بۆ 40 بۆ 50 پەرلەمانتار، جگە لە نەهێشتنی مووچەی ئەوانەی زیاتر لە دوومووچەیان هەیە کە ژمارەیان زیاتر لە 85 هەزار کەسە و هەروەها بڕینی مووچەی بندیوارەکان، چونکە ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دەخەنە ژێر مەترسییەوە".
زۆرجار باس لە هەبوونی هەندێ بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەی حکومەت دەکرێ کە زیادەن و دەتوانرێ لەنێو چوارچێوەی هەندێ دامەزراوەی دیکەدا جێگەیان بکرێتەوە، لەو بارەیەوە د. دڵشاد عەبدولڕەحمان، وەزیری پێشووتری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەکەدا گوتی، بەشێک لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رازیکردنی لایەنێک یان کەسایەتییەک دروستکراون.
بە بڕوای د. دڵشاد عەبدولڕەحمان کۆمەڵێک بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەن زیادەن و دەبێ لاببردرێن، هەروەها چەندین دامەزراوە کە پێشتر دروستکراون بۆ رازیکردنی هەندێک حیزب بۆ شوێنکردنەوەیان لەنێو حکومەت، "بەداخەوە ئیستاش ئەو دیاردەیە بەردەوامە، پێویستە حکومەت پێیاندا بچێتەوە و ئەو دیاردەیە بنبڕبکات و ئەو دامەزراوە و بەڕێوەبەرایەتییانە نەهێڵێ".
د. دڵشاد عەبدولرەحمان ئاشکرایکرد، داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەچێتە خەزێنەی حیزبەکان، "ئەمەش وایکردووە حکومەت بێدەسەڵات بێت لە زیادکردنی داهاتەکەی و ئەگەر حکومەت بیەوێ بەهێزبێت و لەژێر کۆنترۆڵی حیزبەکان دەرچێت و بە ویستی کارنامەکەی کاربکات، دەبێت هەموو ئەو داهاتانە بخاتە ژێرکۆنترۆڵی خۆی، ئەمەش هەم داهاتەکەی زیاددەکات و هەمیش لە چارەسەری قەرانی ئابووری دووریدەخاتەوە".
گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی رەنگدانەوەی لەسەر ئەدا و کاری حکومەت دروستکردووە، لەو بارەیەوە شوان محەممەد، سەرنووسەری سپی میدیا لە بەرنامەکەدا روونیکردەوە، تەبابوونی پارتی و یەكێتی هۆکارێکە بۆ باشبوونی دۆخی ئابووریی حکومەت و باشترکردنی ئەداکەی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە ئابوورییەی ئێستا.
شوان محەممەد ئەوەشی گوت، "چاکسازیکردن لە داهاتدا هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی تووڕەیی شەقام، لەوانەش باشترکردنی پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی و هاوکاربوونی هەردوو حیزب بۆ هاوکاریی حکومەت لە ئەنجامدانی چاکسازی و رادەستکردنەوەی سەرچاوەکانی داهات بۆ حکومەت، بۆ نموونە دەروازەی سنوورییمان هەیە ئێستاش لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتە و حیزب بەڕێوەی دەبات".
شوان محەممەد لەبارەی ئەو هەنگاوانەی لەم دۆخەدا حکومەت دەتوانێت بیاننێت، گوتی "ناکرێ حیزبەکان لە حکومەت دەوڵەمەندتربن، لەم دۆخەدا حکومەت پارەی نییە بیداتە مووچەخۆرەکانی، کەچی دامەزراوەی حیزبەکان کێشەی پارەیان نییە، بۆیە گرنگە حکومەت خاوەن سەرچاوەکانی داهات بێت و پێویستیشە پەلەبکرێت لە دانانی سندووقی داهاتە نەوتییەکان، ئەگەر حکومەت نەیتوانی ئەم هەنگاوانە جێبەجێبکات، واتە ئەو حکومەتە ناتوانێت چاکسازی بکات".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق