ئەتاتورکی کوردستان

ليست هناك تعليقات

سلێمان عبدلڵە یونس
-
تورکیای نوێ، کە ئەتاتورک بەزەبری ھێز دروستی کرد،کۆتایی ھێنا بەواقعی پەرتەوازەی و فرەویلایەتی، کە تورکەکانی بۆ ماوەیەکی مێژویی دورودرێژ گرفتارکردبو لەنێوان دەسگرتن بەچەمکەکانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و خواستی دەوڵەتی نەتەوەییدا. ئەتاتورک ھات و پشتیکردە ئەو میرات و ململانێ مێژویەی کۆشکەکانی ئەستنبوڵ و لە ئەنقەرەیەکی بچوکەوە، دەستی بۆ چەمک و ئەکت و ئەکشنێکی لەڕیشەوە جیاواز برد.

ململانێکانی یەکێتی و پارتی، کە درێژکراوەی ناکۆکیە مێژوییەکانی ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوە و ململانێی نەوەکانە لەسەر مۆنۆپۆڵی چەمکی کوردایەتی، بەکۆتایی نایەت، ھەتا ئەوکاتەی ئەتاتورکێک بەھێزێکی گەورەتر لەھێزی دابەشکاری دو قەڵەمڕەوەکە لەناو دڵ و جەستە و منداڵدانی کوردستاندا دروستدەبێت و پشتدەکاتە میراتە مێژوییەکە و بنیاتی یەکڕەوتی کوردایەتی، لەسەر بنەمای نوێ دەنێت.

ئاخر لەبنچینەوە؛ ئافاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و حوکمڕانیەکە، بەئاشی ململانێی دابەشکاری دەگێڕدرێت.دابەشکاریەک ؛ فامیلۆکڕاتیەتی حزب و حزبۆکڕاتیەتی حوکمڕانی و ئۆلیگاشی و زۆنخوازی لەسەرانسەری کوردستاندا بەرھەمھێناوە. 

لەبنەڕەتەوە فعلی دابەشکاریەکە لەناو ھەناوی کوردایەتیەوە ھەڵقوڵاوە، بۆیە ململانێی حزبەکان بەڕێبەرایەتی پارتی و یەکێتی، پەرچەکرداری ھەڵگەڕانەوەن لەفیعلی یەکڕیزی کوردایەتی، ھەربۆیەشە وێڕای چەندان ئینشیقاقی جیاواز جیاواز، لە ناو ئەو حزبانەدا، بە پێچەوانەی خەون و خەیاڵی جیابونەوەخوازانەوە، ھێشتا گروتینی ڕەدفعل، بۆ دابەشکاری لەناو حزبی کوردی، لەبەرامبەر فعل بۆ یەکڕیزی کوردایەتی، لە ھەرکاتێک بەھێزتر و تۆکمەترە. 

لەڕاستیدا؛ کوژاندنەوەی ئاگری دابەشکاریەکە، ئەگەر بە ڕێکەوتنی ستراتیژی کۆتایی نەھاتبێت، ئەوا ھەرگیز بە ھەڵکوتانە سەر زۆنی یەکتری بەدینایەت.خۆئەگەر گریمانە بکەین، ئاڕاستەیەکی ڕاستەقینەش ھەبێت و بیەوێت، کوردستانێکی نوێ و حوکمڕانیەکی بەھێز بنیات بنێت، ئەوەکارێکی سیاسی و نیشتیمانسازی و دەوڵەتمەدارانەی باشە، بەڵام مەرجی ئەم ھەنگاوە تەندروستە ئەوەیە، لەھەنگاوی یەکەمدا توانای بەیەکسانی واڵاکردنی زۆنەکانی ھەبێت بەڕوی ھەمواندا، لەھەنگاوی دوەمیشدا، بشێت ئەتاتورکێک دروست بکات ، ئەتاتورکێک؛ بتوانێت تەواوی سروشتی قۆڕخکاریەکان و کۆی جیاوازیە بەرجەستەکانی ناو زۆنەکان، بە جیاوازی ئەرز و ئەمن و ئەدگارە مێژویەکانیشەوە، بەشێوەیەکی کردەیی بسڕێتەوە، بۆیە دەشڵێم ئەتاتورک، چونکە کوردایەتی بەشێوەیەکی ڕەھا، توانای تیاھەڵکەوتنی گاندی نیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif