چۆن ئەم دۆخە تێپەڕێنین

ليست هناك تعليقات


نەزاكەت حسین
-

ئەم ناونیشانە لای من نوێ نیە، بەڵکو زۆرجار لەگەڵ سەرھەڵدانی قەیران و سەختی بارودۆخ و مەترسی لەسەر بارودۆخ لەژێر ئەم ناونیشانەدا نوسینم ھەبوە، چونکە ئەم ناونیشانە وەک چەترێک توانیومە لە ھۆکارەوە بۆ چارەسەر و پێشنیار تێیدا جێگا بکەمەوە.
سروشتی ژیان زۆرجار وایە چ لەسەر ئاستی تاکەکەس یان حیزب و گروپ و ڕێکخراو، یان ئاستی حوکمەت و وڵاتێک کە ھەندێک جار بەختەکان یاوەرن و زۆر لە دەرگاکان بەڕووتا لەیەککاتدا دەکرێنەوە ،ھەندێک جاریش بتوانین بڵێین زۆربەیان ھەموو دەرگاکان خەریکە بەڕووتا دادەخرێن. 
ڕەنگە بۆ وانە وەرگرتن لێیان ھەردوو بارودۆخەکە پێویست بن، چ لەسەر ئاستی کەسی یان ئۆرگانێکی گەورە، چونکە ھەردوکیان وانەو پەندو وریابونەوە  و ھەندێک ڕاستی و زانیاریت پێ دەدەن کە زۆرگرنگن بۆت و ڕەنگە لەم بارودۆخانەدا نەبوایە لە بارودۆخێکی ئاسایدا بوایە ھەستت پێنەکردنایە، کە گرنگترینیان ناسینی دۆست و دوژمنەکانت و زانینی سەرچاوەی کێشەکانە .
ڕەنگە ھیچ کام لە ھاتنی بارودۆخی خۆش یان ناخۆش بە ڕێکەوت نەبن و دەرھاویشتەی ھەنگاو کارو مامەڵەکانی پێشوترمان بێت، یان دەرەنجامی ھەوڵ و کردار و کۆششەکانمان بە ڕاست یان بە ھەڵە بووبێت، بەتایبەتی بارودۆخە ناخۆش و قەیرانەکان کە ھۆکارەکان زۆرجار ھەردووک خودی و دەرەکی دەگرنەوە، یان رەنگە بەھۆی پلانەکانی پێش وەختی خۆمان کە باش نەبوون، یان ئەجندا و پلانی دوژمنەکانمان بن، یان کەمی بەرچاو روونی و پێشبینیەکان، یان بێ ئاگابوون لە کار و کرداری دەوربەرمان، یان ڕەنگە بەشێکیشی شتی سایکۆلۆژی یان بێ بەرنامەیی و ھەڵەی ئەزموونی خۆمان بن .
گرنگ ئەوەیە ھەرکام لەم ھۆکارەکان بێت گەیاندوینیەتە قەیرانێک یان نزیکی کردوینەتەوە لە  لێواری مان و نەمان، یان لەدەستچوونی ھەموو دەستکەوت و سەروەریەکان، ڕەنگە بۆ ھەرێمی کوردستان ئەم جۆرە بارودۆخ و گەشتنە لێوار و مەترسی غەرقبوونی کەشتیەکەمان زوو زوو ڕوبەڕوبێتەوە، بەھۆی زۆری دوژمنەکان و بوونی ئەم قەوارەیە کە بەدڵی زۆر لەو وڵاتانە نیە کە دەستیان ھەیە لە ھاوکێشە سیاسیەکەی ناوچەکە و ھەرێم مەترسیە لەبەردەم گەیشتن بە خواست و تموحاتیان، چواردەوریان داوین و ھاوبەشی ئابوری و ململانێی سیاسی و کێشەی سنوری و نەتەوەییمان لەگەڵیان ھەیە، بەڵام گرنگە بۆ ھەرێم  چۆن قۆناغەکە تێدەپەڕێنیت، لەکام دەرگا دەدات بۆ چارەسەر؟ کام دەرگای کراوی کێشەکانیش دادەخات؟ چۆنیش دایدەخات؟ چونکە قەیران چەند مەترسیە شێوازی مامەڵەکردنیش لەگەڵی ئەوەندە مەترسیە. 
بەتایبەتی  لەگەڵ رووبەڕوبونەوەی ئەم حاڵەتە گرژی و قەیرانانە درزی جۆراوجۆر لەگەورە و لە بچووک دروست دەبیت، گرنگە ھەوڵی گرتنی ئەو درزانە بدرێت یان ھیچ نەبێت نەھێڵین گەورەتربن و دوژمن لێیان بێتە ژورەوە، کاتی قەیرانی کاتی ھەڵدانەوەی پەڕەی کۆن نیە، کاتی بای کۆن بەباداکردن نیە، بەڵکو کاتی دۆزینەوەی چارەسەر و لێبوردەی و سنگ فراوانیە  تا دەگەینە لێواری ئارامی، لەھەمان کاتدا لەکاتی بارودۆخی وادا دەبێت بەوردی بۆ ھۆکارەکان بگەرێین تاکو چارەسەر و وەڵام دەرەوەی بنەبڕی کێشەکان بێت.
لەبەرامبەردا خواستی جەماوەر گرنگە لەم کاتەدا ڕازی بکرێت، چونکە چەکی جەماوەر و جوڵاندنی بەرامبەرت ھەرکەس و لایەنی تر بیەوێت لەم کاتەدا چەکێکی کاریگەرە و بەئاسانی پشتیوانی نیودەوڵەتی بۆڕادکێشرێت مێژوو سەلماندویەتی ھێندە کێشەناوخۆییەکان حکومەتەکانی ڕووخاندوە ھۆکارە دەرەکیەکان نەیتوانیوە بیکات.
لەلایەکی ترەوە بەدوای مقەوماتی خۆماندا بگەرێین بزانین لەگەڵ ئەم گرژی و مەترسی و قەیرانە زۆرانە  چ مقەوماتێکمان ھەیە؟ کە بۆ ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی گرنگ بێت، تاکو تەسویقی بۆ بکەین، بەبڕوای من لەم ساتەوەختەدا سەقامگیری سیاسی کە لەم ھەرێمەدا ھەیە باشترین خاڵی بەھێزە بەدەست حکومەتی ھەرێمەوە کە بیپارێزێت و قوربانی بەشتی تر بدات لە پێناویدا.
لەکاتێکدا دەزانین کە نەک لە ئاستی عێراق، بەڵکو لە ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پارچەیەکی سەقامگیری سیاسی وەک ھەرێم کەمە، کە ئەمە  بۆ دەستخستنی پشتیوانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیش زەق بکرێتەوە ھەنگاوی ھەستانەوە و ئامرازی گرنگی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیە، ڕەنگە مرۆڤەکان کە برسیان بوو ھەموو شتیان لەبیربچێتەوە، چەند گرنگە برسێتیان تێربکرێت ئەوەندەش گرنگە بە گوێچکەیاندا بدرێت کە سەقامگیری سیاسی ناوچەکە بنەمایە بۆ ھەموو سەقامگیریە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئابوریی ...ھتد. لەلایەکی ترەوە خۆ نزیککردنەوە لەو لایەن و پارت و پێکھاتە عێراقیانە کە نزیکن لە خواست و کێشەکانیان لەگەڵ ئێمە ، دەتوانرێت ئاراستەی داواکانمان لەگەڵ داواکانیان یەکبگرێتەوە، یان تاڕادەیەک دوژمنمان لەم قەیرانەدا لەگەڵ دوژمنی  ئەوان ھاوبەشە، ھەنگاوێکی ترە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە، بەتایبەتی کە ئێستا بەغداد گرفتی پێکھاتن یان پێک نەھاتنی حکومەتی ھەیەو کوردیش بەشێکی کاریگەرە لەو ھاوکێشەدا دەتوانێت زۆر مەرجی ھەبێت. 
لەھەمووی گرنگتریش  یەکڕیزی نیشتمانی بۆ کەمکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکان ئامرازی گرنگە لەم کاتەدا، چونکە بە بوونی کێشەی ناوخۆیی ئاسان نیە زاڵبوون بەسەر فشاری دەرەکی، بەتایبەتی لەکاتی قەیراندا زۆرجار ئەجندای دەرەکی سوود لە کێشە ناوخۆیەکان وەردەگرێت، ئەمەش بۆ ھەرێمی کوردستان کارێکی ئەستەم نیە، خۆ ئێمە فرەنەتەوە و فرە رەگەز و ڕەچەڵەک نین، کێشەکان رەنگە لەھەندێک پرسی کارگێری و بودجە و ئابوری و ھەست بەجیاکاریەوە سەری ھەڵدابێت ،ئەمانە ئاسانن بۆ دانوستان و لەیەک تێگەیشتن، بەڵام بەرۆحی لێبوردەیی و وەلاخستنی شتە شەخسی و نەفسیەکان و یەکترقبوڵکردن ھەمووانکردن بەخاوەنی پرسەکە و باکەس خۆی لە دەروەی کێشەکە نەبینێتەوە، ھەنگاونان بۆ ئاشتەوایەکی نیشتمانی .لەگەڵیشیدا گرنگە ڕەخساندنی خۆش گوزەرانی و دابینکردنی ئارامیەکی دەروونی بۆ ھاوڵاتیان لە پرسی نان و ژیانیان بنەمای سەرکەوتنی کارەکانە .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif