ئەم بڕیارە ترەمپ دڵخۆش دەكات

ليست هناك تعليقات


هەواڵ
-
سەرۆكی ئەمەریكا رایگه‌یاند، به‌ بڕیاری وەزارەتی دادی وڵاته‌كه‌ی دڵخۆشه‌ كه‌ دۆسیه‌ی تاوانبار كردنی لە دژی مایکڵ فلین، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئەمەریکای داخستووه‌.

دۆناڵد تره‌مپ، له‌ لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سپی رایگەیاند: "ئه‌و پیاوێكی بێ تاوان بوو. ئه‌و مرۆڤێكی خاوەن كه‌سایه‌تی و ره‌وشت به‌رزه‌. فلین له‌ لایه‌ن حكومه‌تی ئۆباماوه‌ كرایه‌ ئامانج و مه‌به‌ست له‌م كاره‌ش له‌ناو بردنی سه‌رۆك كۆمار بوو. ئه‌و كاره‌ی ئه‌وان كردیان قێزەونە ‌و هیوام وایه‌ گرنگی زۆر بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ بده‌ن".

گوتیشی: "ئێستا مایکڵ فلین، له‌ روانگه‌ی منه‌وه‌ جه‌نگاوه‌رێكی مه‌زنتره‌".

ساڵی 2017، جەنەراڵ مایکڵ فلین، دانی بەوه‌دانا كه‌ سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە ئەمەریکا، له‌گه‌ڵ پۆلیسی فیدراڵی وڵات واته‌ ئێف بی ئای درۆی كردووه‌ له‌ هه‌مبه‌ر رۆڵ و ده‌ستێوه‌ردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سه‌رۆكایه‌تی 2016ی ئه‌مەریكادا به‌ قازانجی تره‌مپ. دوای ئه‌وه‌ی كه‌ فلین خۆی باسی له‌وه‌كرد ده‌رباره‌ی دیدارێكی لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە ئەمەریکا، درۆی لەگەڵ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کردووە و زانیاری هەڵەی پێداوە، پۆسته‌كه‌ی له‌ كۆشكی سپی كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌و دواتر سەرۆکی ئەمەریکا بە ناچاری له‌ مانگی دووی ساڵی 2017دا، جە‌نه‌راڵ مایکڵ فلین، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە کارەکەی دوورخستەوەو ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد.

‌وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مەریكا، له‌ راپۆرتێكی 108 لاپه‌ره‌ی دا، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و راگرتنی ئه‌و دۆسیه‌ی كه‌ دژی مایكڵ فلین كرابوه‌وه‌، ئاشكرای كرد كه‌ دۆسیه‌كه‌ی راده‌ستی یه‌كێك له‌ دادوەرەكانی دادگای واشنتنی پایته‌خت كراوه‌و به‌گوێره‌ی به‌ڵگه ‌و شاهیدی نوێ، به‌و ئاكامه‌ گه‌یشتوون كه‌ درێژه‌دان به‌و كه‌یسه‌ خزمه‌ت به‌ دادپه‌روه‌ری ناكات، ئه‌مه‌ش به‌ مانای بێ تاوانی جە‌نه‌راڵ فلین دێت.‌

پاش بڕیاری دادگا، ترەمپ رایگه‌یاند هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌یزانی راوێژكاره‌كه‌ی بێتاوان بووه‌. هه‌روەها سه‌رۆك ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌ بە دووری نازانێت راوێژکاری پێشووی سه‌ر له‌نوێ له‌ کۆشکی سپی ئه‌ركی پێ بسپێردرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif