بۆچی ناڕەزایی خەڵک ئەنجامی نییە؟

ليست هناك تعليقات

د.فایق گوڵپی
-
ئەو ناڕەزاییانەی کە لە رابردوودا تا ئێستا لە لایەن خەڵکەوە بەرامبەر حوکمرانی ھەرێم نیشاندراون، کارییان لە سەر بڕیاری سیاسی ھەرێم نەکردووە و گۆڕنکارییان دروستنەکردووە.

یەکەم- ناڕەزاییەکانی ١٧ شوبات و رۆژانی دوایی نەبێت، خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی تر، لە لایەن تویژێکی تایبەتەوە ئەنجام دراون (مامۆستایان بە جیا، زیندانیان سیاسی بە جیا)، داوای مافێکی تایبەتی توێژێک کراوە، داوای گۆڕانکاری پایەکانی سیستەمی حوکمرانی ھەرێم نەکراوە.

دووەم - ناڕەزاییەکان لە یەک کاتدا، ھەموو ھەرێمی کوردستان ناگرنەوە، خۆڕسکین، رێکخراوی سەندیکایی و کۆمەڵایەتی کوردستانی سەرپەرشتیان ناکەن، بەو ھۆیەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لاواز دەردەکەون و بە ئاسانی سنوردار دەکرێن.

ئەگەر مامۆستایان و توێژەکانی تر لە یەک کاتدا لە ھەڵەبجەوە تا زاخۆ ناڕەزایی دەربڕن و خۆپیشاندان بکەن، دەسەڵات ناچار دەکرێت بە جدی سەیری ناڕەزاییەکان بکات و بڕیاری جدی بدات.

سێیەم- رێکخراو و سنەدیکاکانی توێژە کۆمەڵایەتیەکانی ھەرێم، لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمەوە کۆنترۆڵکراون، سەرۆکەکانیان حزبیین، بە گوێرەی بەرژەوەندی حزبەکان، توێژە کۆمەڵایتیەکان دژی حزبی بەرامبەر دەجوڵێنن، کاتێک ناکۆکییە حزبیەکان سارد دەبنەوە، ناڕەزایەتی توێژە کۆمەڵایەتیەکان بە بێ دەستکەوت کۆتاییان پێدەھێنرێت و کێشەکان چارسەر ناکرێن.

چوارەم - لە کاتی خۆپیشاندان و مانگرتن و شێوەکانی تری ناڕەزایی دەربریندا، ڕەچاوی بەرژەوەندی خەڵک و توێژەکانی تری کۆمەڵگا ناکرێت، کە مامۆستایان و پزیشکان ماندەگرن، پێش ئەوەی زیان بە حزبە دەسەڵاتدارەکان و حکومەت بگەیەنن، زیان بە توێژەکانی تری کۆمەڵگا دەگەیەنن کە لە لایەن دەسەڵاتیشەوە زیانیان پێکەوتووە، ئەمە وا دەکات کە ئەو جۆرە ناڕەزایەتیانە لە لایەن جەماوەرەوە پشتیوانی لێنکرێت و فراوان نەبێت، بۆیە دەبێت ھەر توێژێک چالاکیەکی ناڕەزایی تایبەتی وا ئەنجام بدات کە زیانی بۆ کۆمەڵگا نەبێت و فشاری بۆ سەر دەسەڵات ھەبێت، بۆ نموونە بۆ پزیشکان و مامۆستایان و کارمەندانی دەزگاککانی ئاو و کارەبا، باشترە خۆپێشاندان بکەن، مان نەگرن، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە خزمەتگوزاری ئەو دەزگایانە بێبەش نەبن.

ئەگەر خەڵکی ناڕازیی کوردستان بیەوێت چالاکییە سیاسی و پیشەیی و جەماوەریەکانی ئەنجامی ھەبێت و دەسەڵاتی ھەرێم ناچار بکەن گۆڕانکاریی و چاکسازیی بکات و کۆتایی بە پێشێلکردنی مافەکانیان بێنێت، دەبێت ناڕەزاییەکان گشتگیر بن، ھەموو توێژەکان بگرێتەوە، دەبێ ناڕەزاییەکان سەرتاسەریی بن و ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە، دەبێ ناڕەزاییەکان لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە دژی یەکتر ئاراستە نەکرێن، لە لایەن خەڵکەوە دژی سیستەمی حوکمڕانیی ئاراستە بکرێن، دەبێ ھەر توێژەی کۆمەڵگا بە ئاگاییەوە شێوەی چالاکیەکەی ھەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی زیان بە کۆمەڵگا نەگەیەنێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif