لە (45) هەمین ساڵڕۆژی یەكێتی چیم وتووە؟

ليست هناك تعليقات


مەلا بەختیار

لە یادی (45) هەمین ساڵڕۆژی یەكێتیدا، کە هەموو ساڵێك، بەشێوەی جۆراوجۆر دەکرێتەوە. یەكێتیەكان مافی خۆیانە، شانازی بەم یادە شكۆمەندەوە بكەن؛ لەو كەسانە بوم، لەم یادەدا، چەندین جار، زەنگی رەخنەم لێداوەو مەترسیەكانی سەر چارەنوسی یەكێتیم، لەكاتێكدا سەرۆك مام جەلالیش مابوو، بێ روپامایی خستۆتەڕوو. وتارەكانیشم لە بۆنەی جیاوازدا نوسیووە. وەكو:

1- "لە ساڵڕۆژی یەكێتیدا.. ئاوڕێكیش لە سەركردایەتی فەرامۆشكراوی ناو وڵات- سەروتاری (ژ 326)ی رۆژنامەی چاودێر، 6/6/2011". (مام جەلال ئەم وتارەی خوێندەوەو بەدڵیشی بوو)

2- "یادی یەكێتی‌و شۆڕشی نوێ‌ .. دامەزراندنێكی مێژوویی‌و بەرپابونێكی چارەنوسساز- ژمارە(6090)ی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، 30/5/2013".

3- "ساڵرۆژی یەكێتی هەڵسەنگاندن یان پیاهەڵدان؟- 

ژمارە(7280)ی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، 30/5/2017".

بۆئەوەی ئەو بۆچونانە، دوبارە بخەمەوە بیری خوێنەری وشیار، لەمڕۆوە، ئەم سێ‌ بابەتە بەبۆنەی یادی دامەزراندن‌و بەرپاكردنی شۆڕشی نوێوە، بڵاودەكەمەوە. دڵنیام یەكێتییە وشیارەكان‌و خوێنەرە پەرۆشەكان لەم یادانەدا، وردی بابەتەكان دەبن‌و لەگەڵ دۆخی ئێستای كوردستان‌و یەكێتی‌و كێشمەكێشەكاندا، هەروا، ئەو مەترسیانەی لەناوچەكە، عێراق، كوردستان‌و لەناو خودی یەكێتیشدا هەن، بۆچونەكانی رابوردوم لەگەڵ كۆی روداوەكان‌و دیاردەكان بەراورد دەكەن.

ئومێدیشمە، یادی (45) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی‌و (44) ساڵەی بەرپابونی شۆڕشی نوێ‌، دوور لە سۆزی مێژوویی‌و هەستی زیانبەخشی هەلپەرستی، لە ویژداندا بگێڕین‌و ئایندەیەكی شیاوتر بۆ كوردستان؛ بۆ ئەزمونی حوكمڕانی هەرێم؛ بۆ چۆنیەتی سیستەمسازی‌و دژایەتی گەندەڵی، بەدی بهێنین. بۆیە واش دەڵێم، چونكە دوای هەموو یادكردنەوەیەك، گەندەڵی‌و هەلپەرستی زیادی كردووە؛ كەوابێ‌: هێشتا هۆكارە راستەقینەكانی ئەو دیاردە دزێوانەمان ریشەكێش نەكردووە!!

سڵاو، لەو رۆژانەی مام جەلال‌و سەركردایەتی كۆمەڵە، بۆ یەكەمین جار بیریان لە رێكخراوێكی نیمچە بەرەیی كوردستانی كردەوە.. نەك دروستكردنەوەی حیزبێكی تەقلیدی.

سڵاو، لەو چركەساتەی مژدەی شۆڕشی نوێمان لە دۆخێكی مەحاڵدا گەیاندو گەیاندیشمانە ترۆپكی سەركەوتن.

وتاری یەكەم:

لە ساڵڕۆژی یەكێتیدا..

ئاوڕێكیش لە سەركردایەتی فەرامۆشكراوی ناو وڵات

مەلا بەختیار

بێگومان دامەزراندنی یەكێتی‌و بەرپابونی شۆرشی نوێ‌، دوو روداوی هەرە كاریگەری مێژووی نوێی گەلەكەمانن. ساڵانە زۆر باسیان دەكرێت، یادەكان‌و رێڕەوی 36 ساڵ خەبات، هێشتا زۆریان بەبەرەوە ماوە بابەتیانە لەسەریان بنوسرێت. بێگومان جەنابی مام جەلال‌و هەندێك لە هەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر، كاریگەریی بەرچاویان لەو مێژووەدا هەیە. دیارە سەرگوزشتەی ئەندێشەی یەكێتی‌و چۆنێتی دامەزراندنی، هێندەی من دەیزانم، لەو زەمان‌و زەمینەیەدا، كە پێنج ساڵ بوو (كۆمەڵەی ماركسی لینینی ئەندێشەی ماوتسیتۆنگ) هەبوو، یەكێتیش لەسەر رەگی كۆمەڵە روابوو، گفتوگۆی جۆراوجۆری لەسەر هەبووە. بەتایبەتی، كە راوێژ بە سەركردایەتی كۆمەڵە كراوە‌و بۆ ئەو مەبەستەش، پێش ئەوەی شەهیدان (شەهاب‌و جەعفەرو ئەنوەر) بگیرێن‌و لەسێدارە بدرێن. شەهید ئەنوەر زۆراب جارێك‌و كاك فەرەیدون عەبدولقادر جارێكی تریش، سەردانی شامیان كردوە‌و بەنوێنەرایەتی كۆمەڵەش گفتوگۆیان لەگەڵ جەنابی مام جەلال كردووە. تەنانەت، جیاوازیی لەنێوان ئەو هەڤاڵانەی لە شامدا بەسەرپەرشتی هەڤاڵا مام جەلال، كۆبونەتەوەو (23/5/1975) رەشنوسی بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتیان نوسیوە، لەگەڵ ئەو هەڤاڵانەی لە بەرلیندا فراوانتر كۆبونەتەوەو دوا پاكنوسی بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتیان بڵاوكردۆتەوە (1/6/1976)، جیاوازی لەنێوانیاندا بۆ چۆنێتی دامەزراندنی یەكێتی‌و تەنانەت لەسەر هەندێ‌ چەمكی ئەوكاتەی یەكێتی، هەبووە. لەم جیاوازی بیركردنەوەو دوو كۆبونەوە جیاوازەدا، هەشت رۆژ لە مێژووی یەكێتی، قرتێنراوە. ئێستا كە كۆمەڵەی رەنجدەران، لەلایەن ئەوانەوە كە باوەریان بە ستراتیژی رزگاركردنی هەر چوار پارچەكەی كوردستان پێكەوە هەبوو، لەسەر سنوری دوو پارچەی كوردستان ساڵی (1989) نێژراو پێنج ساڵ لەتەمەنی ئەم رێكخراوە، لە مێژووی یەكێتیدا سڕایەوە، بەڵام لە دامەزراندنی یەكێتیەوە، خۆ دەبێ‌ مێژووی بەردەوامی روداوەكان، وەكو رویانداوە، بنوسرێتەوە.

من لەو كەسانە نیم بتوانم لەرۆژی دامەزراندنی یەكێتیەوە، بۆ ئەو بیروڕایانەی لەكاتی دامەزراندنی یەكێتیدا، مشتوماڵ كراون، بەوردی قسە بكەم. ئەمەیان ئەركی ئەو كەسانەن كە لەناو پرۆسەكەدا بوون. بەڵام لە دامەزراندنی كۆمیتەی هەرێمەكانەوە (پایزی 1975) شایەتی بەشێكی زۆری چۆنێتی دامەزراندنی كۆمیتەی هەرێمەكان، پەیوەندیكردن بە دەستەی دامەزرێنەری دەرەوەی وڵات، خۆئامادەكردن بۆ جەنگی پارتیزانی، وەرگێڕانی نامیلكەی یەكێتیی نیشتمانی بۆچی؟ نوسینی پەیڕەوی ناوخۆی پارتیزانەكان، چۆنێتی كۆكردنەوەی فەرماندە عەسكەری‌و رابەری سیاسی‌و پێشمەرگەكانی دەستەكانی سەرەتایی، كڕینی چەكە ژەنگاویەكان، پێكەوەبەستنی رایەڵەی رێكخستنەكان، دروستكردنی شانە سەرەتاییەكانی یەكێتی لەلایەن كۆمەڵەوە، كێ‌ ئامادە بوو بێتە ریزەكانی رێكخستن‌و كێش ئامادەنەبوو، هەروەها كێ‌ بوون ئەوانەی ئامادەییان دەربڕی ببنە پێشمەرگەو، كێ‌ بوون ئەوانەی گاڵتەشیان بە بەرپابوونی شۆڕش دەهات. چۆنێتی پێكهێنانی مەفرەزەكانی سەرەتای شۆڕش لە: دەشتی هەولێر، دەشتی كۆیە، قەندیل، دۆڵی جافایەتی، خۆشناوەتی، شینكایەتی، بتوێن، مەرگە، قەرەداغ، گەرمیان، بازیان، شارەزور، هەڵەبجە، پێنجوێن، شلێر، شارباژێر، دەوروبەری چوارتا، چەمی رێزان، عەسكەر، سورقەڵەوشان، دروستكردنی یەكەمین دەستەی پێشمەرگەی ناو شاری سلێمانی‌و بەسزاگەیاندنی چەندین تاوانبار...تاد. هەروەها پەیوەندیەكانی كۆمیتەی هەرێمەكان‌و دەستەی دامەزرێنەرو گۆڕینەوەی نامە لەنێوان جەنابی مام جەلال، بەدەستنوسی شەهید ئارام‌و مام جەلال، ناوەرۆكی نامەكان، ئامۆژگاریەكانی مام جەلال، پێشنیارەكانی، بڕیارەكانی، چۆنێتی خۆئامادەكردنیان لە كامپی قامیشلو، چالاك‌و چالاكیەكانیان لە دەرەوەی وڵات، رێنوێنیەكانی بۆ پەیوەندی بزوتنەوەی سۆسیالیست‌و كۆمەڵە هەتا خۆی دێتەوە. چۆنێتی سەرقاڵبونی ئەندامانی كۆمیتەی هەرێمەكان، جیاوازیی نێوانیان، ماندوبونی بێ‌ڕادەی شەهید ئارام بۆ ئامادەكردنی مەفرەزەكانی سەرەتای بەرپابونی شۆڕش، نوسینی بەیاننامەكان، كۆبونەوەكان، چۆنێتی ناردنەوەی دەستە دەستەی پێشمەرگەكان. پاشان پەیوەندی كۆمەڵەو بزوتنەوەی سۆسیالستی كوردستان، فراوانبوونی مەفرەزەكان‌و دروستكردنی هێزی فراوانی پێچەوانەی بنچینەكانی پارتیزانی، ململانێكانی كۆمەڵەو بزوتنەوە، هەتا گەڕانەوەی شەهید شێخ حوسێنی بابەشێخی ئێزیدی‌و كاك نەوشیروان‌و شەهید حەسەن خۆشناو، شەهید سەید كەریم (هاوینی 1977) تا دەگاتە چركەساتی گەڕانەوەی جەنابی مام جەلال (20/7/1977) بۆ دێی (ماسی ڕۆ- بناری شاخی داڵانپۆ) لەكۆتایی ناوچەی هەكاریدا بۆ دۆڵی گۆستێ‌ (كە ناوچەی برادۆست‌و هەكاری لەیەك جیادەكاتەوەو ناوچەیەكی ئێجگار سازگارو دڵڕفێن‌و پڕ لە ترێی كوێستانی‌و كرۆسكە هەرمێ‌‌و هەنگوینی كلۆرەداری دەیان ساڵەیە) هەتا دەگەینە یەكەمین كۆبونەوەی سەركردایەتی‌و تەنها بەڕێز مام جەلال‌و كاك نەوشیروان، وەكو دوو كەس لە دامەزرێنەرانی یەكێتی لە دەرەوەی وڵات هاتبونەوەو لەكۆبونەوەكەدا بون، (مانگی 8ی 1977)، تەنانەت بەشی زۆری مشتومڕو بڕیارەكانی ئەو كۆبونەوەیەشمان لەبیرە. جیاوازیەكانمان لەناو شۆڕش‌و یەكێتیدا زۆر بوون، بەڵام ئومێدمان بە چارەسەركردنیان زۆرتر بوو. هەر لەم كۆبونەوەیەدا مام بەسكرتێری گشتیی یەكێتی هەڵبژێردرا.

ئەمانە بەشێكی كەمی تێكۆشانی هەڤاڵانی ناوەوەی وڵات بوون. كە سەرەتا كۆمیتەی هەرێمەكان‌و پاشانیش كۆمیتەی هەرێمەكان‌و سەركردایەتی بزوتنەوەی سۆسیالست بە رابەرایەتیی شەهید عەلی عەسكەری‌و شەهید رەسول مامەند، ئینجا دامەزراندنی سەركردایەتیی كاتیی ناو وڵات (هاوینی 1976)، كە من لەو كۆبونەوەیەدا نەبووم (لە شاردا سەرپەرشتی رێكخستنەكانی سەرانسەری كوردستان‌و عێراق‌و پێشمەرگەكانی ناو شارم دەكردو لەگەڵ شەهید ئارام‌و مەفرەزەكانی قەراغ، گەرمیان، شارەزور، بازیان، شارباژێر، دەشتی هەولێر، ناوچەكانی كەركوك، هاوئاهەنگیمان دەكرد) لەگەڵ ئەوەشدا شەرەفی ئەندامێتیی سەركردایەتی ناو وڵاتیان لەكۆبونەوەكەدا پێ‌بەخشیبووم.

ئەمانە لایەنێكی سەرگوزشتەی تێكۆشانی ناو وڵات بوون، پێش ئەوەی هیچ هەڤاڵێكی دەستەی دامەزرێنەر گەڕابێتەوە وڵات. هەڵبەتە دوای گەڕانەوەی جەنابی مام جەلال، بەشێكی بەرچاوی بەرنامەو ئۆرگانەكانی یەكێتی، دابەشكردنی پۆستەكان، چارەسەركردنی بەشێكی كێشەكان، تەبایی هەتاڕادەیەكی باشتری نێوان باڵەكانی یەكێتی (كە لەدوای كۆبونەوەی دۆڵی گۆستێ‌و هێڵی گشتیی ناو یەكێتیش پێكهێنراو پاشان بوو بە یەكێتی شۆڕشگێڕان)، لەگەڵ گەیاندنی وەجبەیەك چەكی دەرەوەی وڵات‌و دابەشكردنی بەسەر هێزەكاندا، كە زۆربەی چەكەكانیش درانە هەڤاڵانی بزوتنەوە. ئەمانە هەمووی بە رابەرایەتی‌و كاریگەریی مام جەلال ئەنجامدران.

ئێستا كە 36 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا تێدەپەڕێ‌‌و دیسان تەنهاو تەنها باسی دەستەی دامەزرێنەر لەم یادەدا گەشكرایەوە. پێموایە، كاتێتی، كۆی خەباتی هەڤاڵانی دەرەوەی وڵات‌و ناوەوەی وڵات، لەم یادانەو لە یادەكانی تردا، بابەتیانەتر باس بكرێن. من تۆزقاڵێك لە خزمەت‌و لە دوربینیی مام جەلال‌و توانای ئەندامانی دامەزرێنەر، بە جیاوازیی كەسایەتی‌و توانایانەوە، هێندەی ماندوو بوون، دەربەدەر بوون، تێكۆشاون، مەڵۆیەكیان خستبێتە سەر خەرمانی یەكێتی، كەمناكەمەوە، رێزیشم بۆیان هەیە. هەریەكەیان چەندیان كردبێ‌، هەر بەو ئەندازەیە مێژوو بۆی نوسیون. بەڵام كەمكردنەوە، یان فەرامۆشكردن، یان لەبیركردنی توانای سەركردەو سەركردایەتی ناو وڵات‌و ئەو هەموو رابەرە شەهیدو پێشمەرگە قارەمانانە، هەرچەند دەكەم ویژدانم قبوڵی ناكات. بۆیە بەپێویستم زانی، لەم یادەدا بەشێكی بیربخەمەوە. شایەنی باسیشە كە بپرسم: مێژووی یەكێتی، ئەگەر لەسێدارەدانی خاڵە شەهاب‌و هاوڕێكانی‌و كەم بژی‌و كەڵ بژی لێدەركرێت، ئەگەر تێكۆشانی شەهید ئارام‌و خزمەتەكانی لـێ‌كەمكرێتەوە، ئەگەر قارەمانێتی‌و كاریگەریی شەهید عەلی عەسكەری‌و شەهیدان: (عومەر دەبابە، دكتۆر خالید، رەسول مامەند، رەئوف بەگ، تایەری عەلی والی، سەعدی گچكە، مامۆستا عەزیز‌و جەمال تایەر) هەروەها دەیان فەرماندەی شەهیدی تری سەرەتای شۆڕش، كە لە رێكخستنە نهێنییەكان‌و زیندانەكان‌و سەرەبزێوی پارتیزانی (1976) وە دەستیان پێكردو بەگژ مەحاڵدا چونەوە، ئەگەر ئەمانە، لە یادی یەكێتیدا، هاوشانی دەستەی دامەزرێنەر، لە شوێن‌و كاتی خۆیدا، رۆڵ‌و كاریگەرییان گەش نەكرێتەوە، پێموایە، مێژووی یەكێتی‌و قۆناغەكانی پێشكەوتنی شۆڕش، زیانێكی زۆری بەردەكەوێت.

من دەزانم، لەناو دەستەی دامەزرێنەراندا، مام جەلال، چەند ئەو شەهیدانەی خۆشدەوێت، چەندیش پێش گەڕانەوەی بۆ گەڕانەوە پشتی پێ‌دەبەستن، تەنانەت داواشی دەكرد مەفرەزەی پاراستنیشی كۆمیتەی هەرێمەكان لە (30-50) ئەندامی كۆمەڵە، ئامادەیان بكات. دیومە چەند جارێك بۆ هەندێك لەو شەهیدانە هۆن هۆن فرمێسك لەچاوی مام هاتۆتەخوارەوە. بەڵام لە یادی یەكێتیشدا، وەكو چۆن باسی دەستەی دامەزرێنەری كردو هەقی خۆی دانێ‌، هەقیش بوو، ئاوڕێكیش لە سەركردایەتی‌و دامەزرێنەرانی شۆڕش لە ناو وڵات، بداتەوە. تەنانەت ئەگەر بە دوو دێڕیش بوایە ئێمە‌ومانانیش ئاسودەییەك دایدەگرتین. من ئەمە وەكو ئەمانەتێك دەیڵێم، كە بۆ یەكێتی‌و بۆ مام جەلال باشترە. ئەگینا بەش بە حاڵی خۆم، هەتا ئێستا قەڵەمم هەڵنەگرتووە باسی بیرەوەریی خۆم لەسەر ئەو مێژووە بكەم. ئەمە لەكاتێكدا، هەن، زۆر كەمیان كردووە، بەڵام كتێبی زل زلی پڕ لە چەواشەكردنی مێژوویان هۆنیوەتەوە. هەندێك لەوانە بەدرێژایی شۆڕش لولەی تفەنگەكەیان لە هیچ شەڕێكدا گەرم نەكردووە. بەڵكو لە شەڕی واش بووە، ئازیزترین پێشمەرگە بەبەرچاویانەوە شەهید بووە، دەستیان نەكردۆتەوە. هەتا شۆڕشیش تەواو بوو، لەبەرئەوەی كڵاوەكەیان بە سیكۆتینی خۆپەرستی بەسەریانەوە نوساندبوو، نەكا با بیبا، بۆیە ئێستاش كەروێشكێك دوژمنیان نییە.

لەكۆتاییشدا دەڵێم: ئایا كاتی نەهاتووە، لیژنەیەكی شارەزاو بەتوانا، بۆ نوسینەوەی وردو درشتی مێژووی یەكێتی‌و شۆڕش پێكبێت؟ هەتا بەئەمانەتەوە، ئەو مێژوە بدرێتە دەستی نەوەی ئێستاو نەوەكانی ئایندە. پێموایە كاتێتی.



"رۆژنامەی (چاودێر) (ژ 326) 6/6/2011"

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif