ناوەڕۆكی كۆبونەوەی سەرۆكی هەرێم و نوێنەری سكرتێری گشتی UN

ليست هناك تعليقات

كوردپلات - هەواڵ
-
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ جێنين پلاسخارت نوێنه‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا هەردوولا دۆخى سياسيى عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى فيدراڵ و دوايين پێشهاته‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنايان تاوتوێ كرد.

نێچيرڤان بارزانى دووپاتىكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى دابينكردن و پاراستنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى، پشتگيرى له‌ مسته‌فا كازمى بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى فيدراڵيى عێراق ده‌كات‌ و هيواى خواست بتوانێت له‌ واده‌ى دياريكراوى خۆيدا حكوومه‌ته‌كه‌ى پێكبهێنێت، هه‌روه‌ها رۆڵى نوێنه‌رايه‌تيى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كانى له‌ عێراق بۆ هاوكاريى عێراقييه‌كان له‌ پرسى پێكهێنانى حكوومه‌ت و راسته‌ڕێكردنى دۆخى سياسيى وڵات به‌رز نرخاند.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا دۆخى داراييى عێراق و بڕينى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستانيان له‌لايه‌ن حكوومه‌تى فيدراڵى عێراقه‌وه‌ خسته‌ به‌ر باس و له‌وباره‌يه‌وه‌‌ نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ ناكرێت مووچه‌ و شايسته‌ داراييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكرێنه‌ پرسێكى سياسى و ئه‌م هه‌نگاوه‌ى به‌غداى به‌ كارێكى ناده‌ستوورى و ناياسايى له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها داواى له‌ نوێنه‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان كرد كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشه‌يه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، ڕۆڵى خۆى بگێرێت.

دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌نگاوه‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تێیدا نوێنه‌رى رێكخراوى ته‌ندروستيى جيهانى (WHO) چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌ى له‌لايه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌رز نرخاند و له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق سوپاس و ده‌ستخۆشییان له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان كرد، نێچيرڤان بارزانييش سوپاسى رێكخراوه‌كه‌ى كرد بۆ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif