د. سەباح بەرزنجی: هەموو مرۆڤێک دەتوانێت ببێتە عاریف

ليست هناك تعليقات


‎دیداری، بڕوا کەمال

‎لەم دیدارەدا لەگەڵ دیبلۆماتیک مەگەزین، دکتۆر سەباح بەرزنجی، نووسەرو ڕۆشنبیرو شارەزای فیکرو عیرفانی ئیسلامی، تایبەت بە عیرفانی ئیسلامی دەدوێت و پێیوایە دورکەوتنەوە لە عیرفان یەکێک لە هۆکارەکانی پەڕگیری ئاینییەو زاڵبوونی تەوژمی سەلەفیەتیش بە یەکێک لە هۆکارەکانی کاڵبوونەوەی عیرفان دەزانێت.

‎دیبلۆماتیک: عیرفان چییەو بەکێ دەوترێت عاریف؟

‎د. سەباح بەرزنجی: عیرفان ڕێباز و میتۆدێکە بۆناسین و مامەڵەکردن لەگەڵ خودا، بەپشتبەستن بەڕیازەت و خۆپاککردنەوە لە نەخۆشییەکانی دڵ و ڕامکردنی نەفس بەخۆگرتنەوە لەئارەزوبازی و ویستە دنیاییەکان و ڕووکردنە ئاخیرەت، عاریفیش ئەوکەسەیە کە بڕوای بەو ڕێبازە هەیەو بەکردەوە بووەتە ڕێبوار تیایدا.

‎دیبلۆماتیک: زۆرێک پێیانوایە ناتوانیت عیرفان هەر لەچوارچێوەی دینی ئیسلام قەتیسی بکەیت، بەڵکو ماناو چەمکی عیرفان گشگیرترە، ئایە تاچەند ئەم بۆچوونە بەڕاست دەزانیت؟
‎د. سەباح بەرزنجی: لەڕووی تیۆرییەوە هەموو ئاینێك گرنگیداوە بەڕەهەندی ڕۆح و پەروەردەکردنی گیان لەسەر خواویستی و مەعنەوییات، هەربۆیە قسە لەعیرفانی یەهوودی و مەسیحیش دەکرێت، بەڵام لەڕووی کردەییەوە من بڕواموایە تەنها عیرفانی ئیسلامی ڕاستەقینەیە، چونکە عیرفانی ئاین و کلتورەکانیتری وەرگرتووەو پاڵفتەی کردوون و لەئەنجامدا کردوویەتی بەڕێبازێکی گەیەنەر بەخودا.

‎دیبلۆماتیک: ئەو ڕیگەو هۆکارانە چییە کەمرۆڤ دەگەیەنێتە پلەی عاریف، ئایە هەموو مرۆڤێک دەتوانێ ببێتە عاریف؟
‎د. سەباح بەرزنجی: بەڵێ لەتوانای هەموو مرۆڤێکدا هەیە ببێ بەعاریف، چونکە خوای گەورە دادگەرو حەکیمەو بۆ هەر ئامانجێکی بەرز ڕێکاری گونجاو و ڕاستی داناوە، ڕێگاو ڕێکارەکەشی بەکورتی بریتییە لە بڕوایەکی پتەو بەبنەماکانی ئیسلام و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی قورئان و سوننەت و خۆپاراستن لە نەخۆشییە نەفسیەکانی کیبر و حەسادەت و غروورو لەخۆباییبوون، پاشان ڕەچاوکردنی دڵسۆزی لەکاروباری ڕۆژانەدا، هەموو ئەمانەش لەژێر ڕۆشنایی و ڕێنمایی پیرێکی مورشید و خواناسی کامڵدا.

‎دیبلۆماتیک: ڕۆڵ و کاریگەری عیرفان چییە؟
‎د. سەباح بەرزنجی: عیرفان وەک وتم مەنهەجێکە بۆگەیشتن بەڕەزامەندی خودا بەپێی ئوصول و ڕێکاری کردەیی و بڕوایی، ئامانجەکە شتێکنیە جگە لەخودا، باقی شتەکانیتر بەرهەم و ئەنجامی ئەم ئامانجەن، لەئەنجامی گەیشتن بەخودا مرۆڤی خودایی و ڕەببانی پەیدادەبێ جگە لەخوا لەنەزەر و لەنیازیدا نییە، لەئەنجامی گەیشتن بەخودا مرۆڤی خودایی و ڕەببانی پەیدا دەبێ کەجگە لە خوا لەنەزەرو لەنیازیدا نییە، هەرکارێک دەکات بۆ خودایەو هەرچی دەڵێت دەبێتە ئیرادەو ویستی خودا.

‎دیبلۆماتیک: لەم سەردەمەدا کەپێی دەگوترێی سەردەمی بێبەهابوونی مرۆڤەکان، ئایە عیرفان تاچەند پێیووستە مرۆڤەکان بۆی بگەرێنەوەو خۆیان بدۆزنەوە؟
‎د. سەباح بەرزنجی: لەهەموو سەردەمێک مرۆڤ پێویستی بە عیرفانی تیۆری و کردەیی هەیە، بۆ پاراستنی لە لێشاوی ماددەگەرایی و دنیاگەرایی و بتپەرستی و خۆپەرستی، مرۆڤ لەهەموو سەردەمێکدا پێیوویستی بەئارامیش و ئاسودەیی هەیە، ئاسودەیی ڕاستەقینەش وا لەوەدا کە مرۆڤ پەیوەستبێت بە خوداوە کەئەمەش تەنها بەعیرفان حاسڵ دەبێت.

دیبلۆماتیك : ئەدیبان و شاعیران و مەلایانی کورد لەساڵانی ڕابردوودا خاوەنی هەستێکی عیرفانی بوون، پێتوایە هۆکاری کەمبوونەوەی ئەم هەستە عیرفانییە لەکۆمەڵگای کوردیدا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

‎د. سەباح بەرزنجی: ئێستایش لەناو مەلایانی کورددا پاشماوەی ئەوچەشە عیرفان و هەست بەنزیکە لەعورەفا هەرماوە ،بەڵام دیارە بەڕێژەیەکی کەمتر، هۆکارەکەش بەکورتی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی، گرنگترینیان ئەمانەن.

‎١_ هەژموونی بێبڕوایی و دەسەڵاتی دژ بەئیسلامی وڵاتانی ناوچەکە دوای داڕووخانی خیلافەتی عوسمانی و هاتنی ئیمپریالیزم بە هەموو فێرگەو دەستکەوتەکانیەوە.

‎٢_ بڵاو بوونەوەی هزری خۆرئاوایی بەهەردوو باڵە لیبڕاڵ و چەپەکەی کەوتنە دژایەتی هەموو ڕەسەنایەتییەکی ئیسلامی.

‎٣_ لادانی زۆرێک لە ئەوانەی بەناوی نوێنەری مەدرەسەی عیرفانین، لە بنەماکانی ئەم مەدرەسەیەو ڕووکردنیان لە دنیای بێدینان و وازهێنان لە سەیر و سلووک و ئەدەبیاتی عیرفانی.

‎٤_ سەرکێشی و زاڵبوون و زلبوونی تەوژمی بەناو سەلەفیەت، کەئەدەبیات و توراسی عیرفانییان بەزیادەو هاوردەکراو لەقەڵەم دەدا.

‎٥_ نەهێشتنی قوتابخانە ئاینی و حوجرەکانی کوردستان و دەستکاری ئەو قوتابخانانە بەبێ ڕەچاوکردنی چەشە عیرفانییەکەی غەزالی و قوشەیری و زاناگەورەکانی بواری تەسەوف.

‎عاریف سیاسەت ناکاتە پیشەو نایکاتە مەبەستێکی سەرەکی بۆخۆی

‎دیبلۆماتیک: عیرفانی ئیسلامی چۆن لە پلۆڕالیزمی ئاینی دەڕوانێت؟ لەعیرفاندا فرەیی و یەکتر قبوڵکردن بوونی هەیە؟

‎د. سەباح بەرزنجی: عیرفانی ڕاستەقینە بوارێکی فراوانە بۆچەسپاندنی فرەیی و پلۆڕالیزم، چونکە لەعیرفاندا هەموو مرۆڤەکان بەرەو یەک ئامانجی گشتی و ڕەها دەبزوون کەئەویش خودا خۆیەتی، لەساییە نوری خوادا هەموویان بەیەک دەگەن، عیرفان لێوانلێون لە محەببەت و مەعریفەت، بۆیە کاتیان نیە بۆ ڕق و کینە و خۆ خلافاندن، عیبارەتێکی مەشهوور هەیە لای عاریفان کەڕێگاکانی چوون بۆلای خودا بەئەندازەی هەناسەی مەخلوقات فرەچەشن و زۆرو زەبەندن، لەعیرفاندا باسی مالیك و شافیعی و ئەحمەد ناکات هەموو باسێک هەرباسی خودایە.

‎دیبلۆماتیک: بۆچی حیزبە ئیسلامیەکان و بانگخوازەکان کەمتر کاردەکەن لە بواری عیرفاندا، هۆکارەی بۆچی دەگێریتەوە؟

‎د. سەباح بەرزنجی: کاری حیزبی ئیسلامی بەپلەی یەکەم کارێکی سیاسییە، سیاسەتیش واتە تێکەڵبوون لەگەڵ دنیاو دەرهاویشتەکانی، کە ئەمە لەگەڵ فەلسەفەی عیرفان و ئەرکی عیرفان تەبانییە، عاریف سیاسەت ناکاتە پیشەو نایکاتە مەبەستێکی سەرەکی بۆخۆی. بەڵام بەنیسبەت بانگخوازانەوە بەوشێوەیە نییە کەلەپرسیارەکەدا هاتووە، واتە ناتوانین بەگشتی باس لەبانگخوازان بکەین، گوایە گرنگی بەعیرفان نادەن، بەڵێ خەڵکێک هەیە لەسنورێکی دیاری کراوی بچوکدا عیرفانێکی سەرەتایی قبوڵەو قوڵبوونەوەی عیرفانی فەلسەفی و توراسی عیرفانی ئیشراقی قبوڵ نییە،جگە لەوەی ماوەیەکی زۆر دابڕانێک دروستبوو لەنێوان تەوژمی ئیسلامی و تەوژمی عیرفانی کەزەمەنێکی دەوێ بۆنزیکبوونەوەو ڕاستکردنەوەی چەمکەکان، ناکرێ باس لەوەش نەکەین کە هەندێک تەوژمی عیرفانیش جاروبار لەگرێژنە دەرچوون و شەتەحاتیان هێناوەتە میانەوە، کەشەڕع و عورفی گشتی مسوڵمانان بەڕەوای نازانن.

‎دیبلۆماتیک: بۆچوونێک هەیە دەڵێن هۆکاری ئەم هەمو پەڕگیرییە دورکەوتنەوەیە لە چەمکی عیرفان، ئایە تاچەند ئەم قسەیە راستە؟

‎د. سەباح بەرزنجی: دەتوانین بڵێن یەکێک لەهۆکارەکانی پەڕگیری و توندو تیژیی ئاینی بریتییە لە دوورکەتنەوە لەعیرفان، بەڵام ئەمە تاکە هۆکارنییەو هۆکاری دیکەش زۆرن، بۆنمونە پەروەردەی ڕۆژئاوایی بیری شۆفینیزم و دەمارگیریی نەتەوەیی و مەزهەبی و چەقبەستویی فکری و ستەمی سیاسی، کەسەدان ساڵە کۆمەڵگاکانی دنیای گرتۆتەوە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif