شەڕ لە ئاشتەوایی باشترە!

ليست هناك تعليقات


نوسەر
هادی حمەڕەشید
-
1
ئەفلۆتێن(کە بە شێخی یۆنانیی ناوزەد کراوە و یەکێك لە باشترین خوێندکارەکانی قوتابخانەی فەلسەفەی ئەفلاتۆنییە) ئەڵێ: کۆمەڵگای چاك، کۆمەڵگای ئازایەتییە.
لەو باوەڕەدایە کە مرۆڤە خراپەکان حوکم ئەکەن، لە ڕێگای ترسنۆکیی مەحکومەکانەوە.
ئەوانەی کە کەسابەتیان لە شەڕ و ئاژاوەدایە کە یەکێتیی و پارتیین، هەر ئەوەندەی ئەوانە سوودمەند بوون کە وەك«لیژنەی ئاشتەوایی» لە نەوەدەکاندا پێنج ساڵ زیاتر هاتوچۆی نێوان سەری ڕەش و قەڵاچوالانیان کرد، بەڵام بۆ ڕۆژێك دەمیان هەڵنەهێنا و نەیانوێرا بڵێن: بە هەزارویەک بەڵگە ئێوە تاوانبارن!
ڕژانى خوێنى دەیان هەزار ڕۆڵەى کورد لە ئەستۆى ئێوەدایە!

پێنج ساڵ زیاتر لیژنەیەکى ١٩حیزبیی، دوایی کەم بوونەوە بۆ ١٧، دواتر بۆ ٧حیزب، پاشان بۆ ٥ ، پاشتر بۆ دەسپێشخەریی کاک فڵان و هاوڕێ فیسار و مامۆستا هین و دکتۆر ئەوەکە، توانییان بستێک پرۆسەکە ببەنە پێشەوە؟!
چونکە بوێرییان نەبوو، بوون بە بەشێک لە یاداوەریی شەڕى ناوخۆ، ڕۆژێک لەسەر خوانى ڕازاوەیی پارتیی قسەى بۆشیان فڕێ ئەدا و سکیان تێر ئەکرد، ڕۆژێک لاى یەکێتیى؟!
هەر ئەو ڕۆژانە و دەمەتەقێى سەر سفرەى چەور زانییان کە ئەوانە بەشێکن لە پڕۆژە و دنیابینیی خۆیان وهیچ لەباردا نەبوون! بۆیە تا ئاغاى حوشتریی نەهات و گوێى ڕانەکێشان، تا قارداش قۆنەرە نەهات و کلکی نەگرتن، لەبەردەم ئەوانەدا ئاشت بوونەوە؟!

فوتێکراوێکى فەیسبووکەوان هەیە، کە بە لێشاوى لایک و پیاهەڵدانى خەڵکى سادەدڵ و گەمژەکراو خۆی لێگۆڕاوە، سنوورى بەزاندووە هەڕەشە ئەکات گوایە هەرکەسێک دنەى شەڕی نێوان پارتیی و یەکێتیی بدات، ئەنفرێندى ئەکات!
جا ئەم فوتێکراوە ساڵانێکە سەرقاڵى بڵاوکردنەوەى "کەلتورى ئاشتەوایی"ـیە، ئاشتەواییەک کە مەبەستى خەساندنى خەڵکییە بۆ دەسەڵات نەک ئەوەى کە دەسەڵات ئاشتییخواز و مرۆڤدۆست بێت و لەژێر باری عەسکەرتارییەتدا بیر لە بێدەنگ کردنى سەدان هەزار "هێمن مامەند" نەکاتەوە!

نازانێت کە ئەو دوو خێزانە سیاسییە حسابی پوشێک بۆ ئەو ئەنجوومەنەى ناوى "سەرکردایەتیی و م.س"ـیە ناکەن، چ بگات بە تۆ و خەڵکى ڕەش و ڕووت!
ئەخوازم هەر کەسێک کە چێتە ناو شەڕى ئەم دوو حیزبەوە هەر لە ڕۆژی یەکەمدا گۆڕبزر بێت، ئەوەشى ئەڵێت: بۆ بژێوى ناچارن بجەنگن، ئەڵڵام ئەکرد لەبرسان ئەمردن!
2
هەموو نەتەوەیەک پێویستى بە چیرۆکە، تا بتوانێت درێژە بە ژیان بدات، کورد نزیک بە شەست ساڵە خاوەنى حەکایەتى ململانێى دوو خێزانە، کەواتە بۆ ئەبێت چاوەڕێی ئەنجامێکى لەمە باشتربین؟!
شەست ساڵە بەشێوەیەکى ستوونیی کوردیان دابەشکردووە؛ جیۆگرافیا و سنووری قەڵەمڕەوییان بە خوێن نەخشاند، شاخ و گرد و کەپک و زین، بازاڕ و بیزنس، ژن و ئافرەت، قوتابیی و خوێندکار، فەلەک و فەرماندەیی، زێڕەڤانیی و بەرگریی و فریاکەوتن، بەناو ڕۆشنبیر و ڕووناکبیر، تۆڕى میدیایی و دەزگاى ڕاگەیاندن، تەکیە و تەریقەت، خەت و خوتوتى سەلەفیەت...تاد، لەبری خەساندنى خەڵک دژ بەم دابەشکارییە سەخیفە، بۆچى باس لە هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بەم چیرۆکە نەکەین؟!

کورد کە گەورەترین نەتەوەى دەرەوەى سیستمە، هێشتا دارای ئەوەى هەیە بە ئازایەتیی و جوامێرییەوە بژى، کەمتر دەرگیری سیستم و دەرهاویشتە قیزەونەکانیەتى.
"کوردبوون" پڕیەتى لە هەزاران چیرۆکى لێوان لێو لە جوامێریی، لەڕووی مەیدانییەوە بڕۆن لە ڕۆڵەکانتان بپرسن کە لە تەراوگەن، بزانن لەو جەنجاڵییەى بازاڕى سەرمایەداریی و لیبراڵییەتدا ئەوان چەندە بە شکۆ و بە ویقارن؟!
بزانە تا ناوى سیاسەتى بۆگەنى ئەم حیزبە بچووکانە نابەن و لە تەنیشت سەنگینیی و بەرزی بەهاى خۆیاندا ژیان ئەگوزەرێنن چەندە ڕێزلێگیراون؟!

لەڕووى توێرییشەوە بچن لە یوتیوبدا، ناونیشانى "کوردبوون" نەک کوردایەتیی داڕزیو لێبدەن، د.عیرفان مستەفا دەیان سەعات قسەى لەسەر ئەم بابەتە هەیە، ئەو کە خاوەنى بڕوانامەى دکتۆرا بوو، مامۆستا بوو لە زانکۆى سەلاحەددین، هەر زوو دەستبەرداری ناو نازناوی زانستیی و موچەى چەور بوو و لە خورماڵدا سەرقاڵى توێژینەوەیە لەسەر "کوردبوون" و کۆمەڵێک چەمکیتر، یان ئەگەر تواناى خوێندنەوەت هەیە کتێبەکانى بخوێنەرەوە کە بە فلسە فلسەى خۆى و هاوڕێکانى لەچاپ دراون!

یان بچن گوێ لە پیاوێکى ڕەنجدیدە و ماندووى وەک "پەیمانى حەیدەریی"بگرن، سەدان سەعات قسەى هەیە لەسەر زیندووکردنەوەى ڕۆحى یاخیی کورد لە نادادیی و ستەم، کورد ئێستا پێویستى بە جەنگاوەرە تا بجەنگێت دژ بە ستەم، نەک لە "زینى وەرتێ"، هاوشانی پارتیی و یەکێتیی!
3
  جیهانی لیبرالیزم بە کۆیلە نوێیەکان کۆنترۆڵ کراون و کۆمەڵگاکان لە جوامێریی خراون، لەسەرەوە بۆ خوارەوە زنجیرەیەك کۆیلە دەسەڵاتیان لە کۆمەڵگادا هەیە.
ئێمە سەردەمانێک خۆمانمان خەڵەتاند کە گوایە دەسەڵاتى بەهەژموونى جیهانیی، بەخۆیان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیانەوە چاودێرێکى باشن بەسەر ڕەوشى مافى مرۆڤ و ئازادیی تاک و دیموکراسییەوە لە وڵاتانیتر، یان لایەنى کەم لە وڵاتێکى وەک عێراق کە بەفەرمیی مافى دەستێوەردانیان هەیە، بەڵام دەرکەوت کە ئەوان بۆ خۆیان بەشێکن لەیارییەکە و ئەیانەوێت بەناوى ئاشتەوایی و هەڵبژاردن و چالاکیی مەدەنییەوە سادان ساڵیتر تەمەنمان بەفیڕۆ بدەن!
کۆمپانیاکان دیسان بەرخورد لەگەڵ کۆمەڵێك کۆیلەدا ئەکەن، حیزبەکان کارخانەى بەهەمهێنانى کۆیلەن، خاوەن کار و بەرپرسی حیزبیی بۆ خۆیان لە یەک کاتدا ڕۆڵى کۆیلە بۆ سەروو خۆیان وازیی ئەکەن و کرێکار و ئەندامانى حیزبیشیان پێ کۆیلەیە!
هەمووان ناڕازیین و پێیانوایە ئەم ژیانە شیاوى مرۆڤ نیە، ئەوەیان بیرچووە کە شیاوى مرۆڤە "ئازاکان" نیە، نەک ئەوانەى سەرشۆڕیی و خۆش ژیانیان ئەوێت!
ئازاکان بۆ ئەوەی بژین و ژیانێکی شکۆمەندانە بە دەست بهێنن، دوو دڵ نین لەوەی بمرن.
ئۆگستین ئەڵێ: مەزنترین خواستی ڕۆمانەکان، ئەوە بوو کە بمرن بە ئازایەتیی یاخود بژین سەربەستانە.
کە ئێمە ناڕازیین لەم دۆخە، لێمەگەڕێن یەکێتیی و پارتیی دنیامان نابودتر بکەن، ئازاترین و جوامێرانەترین هەڵوێست؛ کۆتاییهێنانە بە چێرۆکى سواوى مەلایی و جەلالیی، نەك بە ئاشتیی بە ئاشتیی!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif