هەولێر و بەغدا پێویستیان بە رێککەوتنی دیکە هەیە؟

ليست هناك تعليقات


عارف قوربانی
-
کاتێکی زۆری بەسەردا تێنەپەڕیووە و هەموو لەبیر و لەبەرچاومانە کە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019 ئامادەکراو نێردرا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەریەک لە فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمان و وەزیری دارایی عێراق و سەرۆککۆمار، بە شانازییەوە باسیان لە رۆڵی خۆیان دەکرد کە توانیویانە رێگەچارەی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەو جۆرە لە یاساکە جێبکەنەوە کە بەغدا مانگانە ئەو بڕە پارەیەی لە تەواوی ساڵی رابردوو ناردوویەتی، لە دەرەوەی پابەندێتی هەرێم بە رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ، بنێرێت. لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدا، ئەوا بەغداش مولزەم دەبێت بەپێدانی نزیک بە 13%ـی بودجەی عێراق بە کوردستان. 

ساڵی رابردوو هەرێم بڕگەی دووەمی جێبەجێنەکرد، سەرەڕای گوشاری جۆراوجۆری سیاسی و جەماوەری لەسەر حکومەتی بەغدا، بەڵام بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بودجەی 2019 ئەو بڕە پارەیەی لە یاساکە دیاریکرابوو بۆ هەرێم، ناردوویەتی.

بەهۆی خۆپێشاندانەکانی خوارووی عێراق و ئەو کێشە سیاسییانەی دروستبوون، بەتایبەتیش لەبەر دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیی سەرۆکوەزیران، حکومەتی عێراق نەیتوانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020 بنێرێتە پەرلەمان، بەو هۆیەوە وا نزیکدەبینەوە لە نیوەی ساڵەکە و عێراق بۆ ئەمساڵ یاسای میزانییەی نییە. 

بەپێی رێکارە دەستوورییەکان و یاسا کارپێکراوەکان، حکومەت مولزەمە بەوەی کار بە یاسای بودجەی ساڵی پێشوو بکات و حکومەت دەسەڵاتی یاسایی ئەوەی هەیە مانگانە یەک لە دوانزەی میزانییەی ساڵی رابردوو خەرج بکات. لە دەرەوەی ئەم رێکارە بەغدا هەر هەنگاوێکی دیکە بگرێتەبەر، نایاسایی و نادەستوورییە.

ساڵی پار ئەوکاتانەی لەلایەن هەندێ پەرلەمانتاری عەرەبی عێراق و میدیا و کووتلە و هێزە سیاسییەکانەوە گوشار دەخرایە سەر حکومەت و بەتایبەتیش وەزارەتی دارایی کە لە بەرانبەر پابەندنەبونی هەرێمی کوردستان بە بڕگەی دووەمی یاساکەوە ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچە رەوانەی هەولێر دەکرا، رابگیرێت، یاساناس و شارەزایانی دەستوور و لەسەرووی ئەوانیشەوە فراکسیۆنە کوردییەکان داکۆکییان لە رەوایەتی و پابەندێتی حکومەت دەکرد کە دەبێ ئەو پارەیە هەر بداتە هەرێمی کوردستان. زۆر بوون ئەمەیان وەک دەستکەوت بۆ خۆیان باس دەکرد کە توانیویانە مووچەی فەرمانبەران لە کێشمەکێشی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر نەوت جیابکەنەوە. کە لە واقیعیشدا و لە یاسای بودجەی 2019 جیاکرابووەوە.

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسیبکەم و ئەو بیرخستنەوانەم بۆ ئەوەیە کە تێبگەین لەوەی ئایا تایبەت بەم پرسە ئایە هەرێمی کوردستان پێویستی بە رێککەوتنی دیکە هەیە لەگەڵ بەغدا؟ یا لە بنەڕەتدا عێراق دەرفەتی ئەوەی هەیە بۆ ساڵی 2020 پرۆژەیاسای بودجە ئامادەبکات و بینێرێتە پەرلەمان، تا ئێمە پێویستمان بە گفتوگۆی دیکە هەبێ لەم بارەیەوە؟

یان پێویستە کوردستان دەست بەو رێککەوتنەی پێشووەوە بگرێت و داکۆکی لەو مافانە بکات کە تایبەتن بە پشکی هەرێم تێیدا.

عێراق جارێ کێشەی پێکهێنانی حکومەتی تازەی هەیە و شەش مانگ بەسەر دەستلەکارکێشانی سەرۆکوەزیران تێپەڕیوە، هێشتا نەتوانراوە حکومەتێکی تازە دروستبکەن، لە ئەگەری دروستکردنی کابینەی تازەشدا دەرفەتی ئەوەیان لەبەردەستنەماوە پرۆژەیاسای تازە بۆ ئەم ساڵ ئامادەبکەن، بۆیە ئەگەری هەرە بەهێز ئەوەیە کە عێراق بەناچاری کار بە یاسای ساڵی رابردوو دەکات. 

لە یاسای ساڵی پێشووشدا ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چەسپێندراوە جگە لە دەرکردنی یاسایەکی دیکە بە بڕیار ناتوانرێت رابگیرێت. بۆیە ئەگەر ئێستا هەر گوشارێکی سیاسی بخرێتە سەر حکومەت بۆ راگرتنی ئەو پشکەی هەرێمی کوردستان، نا دستوریی و نایاساییە. ئەرکی سەرۆککۆمارە و خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەیان لێی هەیە لەگەڵ تیمی کورد لەناو حکومەت و فراکسیۆنە کوردییەکان وەک یەک تیم رێگە لەهەر پێشێلکارییەکی یاسایی و دەستووری بگرن کە پەیوەندی بە قوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە هەبێ.

ئەو کێشانەی ئێستا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەریانهەڵداوە، بە نەوت چارەسەر نابن. بەغدا لەچوارچێوەی پابەندبوونی بە بڕیارەکانی ئۆپێکەوە زۆر زیاتر لە نەوتی هەرێمی کوردستان، رێژەی هەناردەی نەوتی خۆی کەمدەکاتەوە. لەم حاڵەتەدا هەرێمی کوردستان نەوت بدات بە بەغدا یان نەیدات، هیچ لە دۆخی عێراق ناگۆڕێ. ئەوەی لە بەغدا بەرانبەر هەرێم دەگوزەرێ، نەوت بیانووەکەیە، ئەگینا شەڕە سیاسییەکە پەیوەندی بە دانانی سیستەمی مووشەکی و بنکەی سەربازیی ئەمریکاوە هەیە لە کوردستان.

بەغدا دەیەوێ بۆ لە پەلوپۆخستنی کوردستان وەک سزایەک جگە لە نەوت کە ئێستا بایەخێکی ئەوتۆی نییە و رەنگە تا ماوەیەکی زیاتریش بەردەوامبێ، گوشاربکات بۆ تەسلیمکردنی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان بە بەغدا. گریمان هەرێم چووە ژێر باری ئەو پابەندێتییەوە، ئایا بەغدا لە بەرانبەر ئەوەدا دەتوانێ پشکی هەرێمی کوردستان بدات وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە؟ بەهۆی پارەی یەدەگی عێراقەوە رەنگە بەغدا چەند مانگێک بەرگەی قەیرانەکە بگرێت، بەڵام ئەگەر نزمی نرخی نەوت زۆر بکێشێت عێراق بەداهاتی ناوخۆ و گومرگ ناتوانێ کورتهێنانی بودجە پڕبکاتەوە و تووشی قەیرانی زۆر مەترسیدار دەبێت. بێگومان ئەوکات کاریگەرییەکەی بۆ کوردستان زیاترە و هەرێمی کوردستان بەرگە ناگرێت.

ئەوەی ئێستا پێویستە بکرێ گوشارکردن و بەکاربردنی کارتە بۆ ئەوەی بەغدا پابەندی یاسای بودجەی 2019 بێ و هەرێمی کوردستان هەوڵدات زامنی بەدەستهێنانی ئەو مافەی خۆی بکات لەلایەن بەغداوە، لە ناوخۆش دەستبکات بە چاکسازی راستەقینە، سەرچاوەکانی دزی و گەندەڵی لە کەرتەکانی نەوت و خاڵە سنوورییەکان و داهاتە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆ کوێرکاتەوە، پلان و بەرنامەی هەبێ بۆ کورتمەودا چی بکات و ستراتیژی ئابووری هەبێ، عیبرەت لە قەیرانەکان وەرگرێت، دەتوانێ بچێتە قۆناغی دڵنییاییەوە، بەڵام بەم دۆخەی ئێستاوە ئاوا دەستەپاچە لەبەردەم رەحمی رۆژگاربێ، ئەوە رۆژگاری رەش چاوەڕێمانە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif