كوردپلات - هەواڵ
وەزارەتى دەرەوەى توركيا دەربارەى راگەیێندراوەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكى ئەمريكا، سەبارەت بە رووداوەكانى ساڵى 1915 کە بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان ناسراوە، رایگهیاند "ئەو راگەیێندراوە به لهبهرچاوگرتنی تێبینییه سياسييە ناوخۆييەكان بڵاوكراوهتهوه، لەلاى ئێمە هيچ بەهايەكى نييە. هەموو ئەو دەنگۆيانە رەتدەكەينەوە كە لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە".
وەزارەتى دەرەوەى توركيا راشیگەیاند، ئەو روونكردنەوەكەى دۆناڵد ترەمپ دەربارەى دەربارەی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان "لەسەر ئەو چيرۆكە بنيادنراوە كە ئەرمەنييەكان هەوڵدەدەن بيكەن بە راستى".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووە "پێشنيازى توركيا بۆ پێکهێنانى ليژنەى هاوبەشى مێژوويى بۆ بەدواداچوون لە رووداوەكانى ساڵى 1915 هێشتا بەردەستە و لەو بڕوايەداين كە ئەو رۆژەى ئەو ليژنەيە پێكدەهێندرێت هەموو راستييەكان ئاشكرادەبن".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، ئەرمەنەکان دەیانەوێت بەرپرسیارێتییان بەرامبەر رووداوەکانی ساڵی 1915 لەبیربکەن، " دەبێت ئيدارەى ئەمريكا ئەو راستييە بزانێت و بەگوێرەى ئەوە بجوڵێتەوە".
دۆناڵد ترەمپ لهبارهی رۆژی 24ى نيسان كە لەلايەن ئەرمەنييەكانەوە وەك ساڵيادى رووداوەكانى کۆمەڵکوژی پەسەندكراوە، له راگهیهنراوێكدا بە زمانى ئەرمەنى دەستەواژەى "Meds Yeghern"ـی بهكارهێنا كە به ماناى "كارەسانى گەورە" دێت.
لە راگهیێندراوهكهی دۆناڵد ترەمپدا هاتبوو: "ئەمڕۆ يادى ئەوانە دەكەينەوە كە ئازارى گەورەترين قڕكردنى بەكۆمەڵيان لە سەدەى بيستەم كه 'Meds Yeghern'یان، چهشتووە".
تاوەکو ئێستا 21 وڵات کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانیان وەک جینۆساید ناساندووە کە لەنێویاندا رووسیا، یۆنان، بەلجیکا، فەرەنسا، هۆڵەندا، نەمسا، ئەڵمانیا هەن. ئەو وڵاتانە رووداوی ئەرمەنییەکان بە جینۆساید وەسفدەکەن.
پرۆسەی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە ساڵی 1915 تاوەکو 1923 لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەنجامدرا و تێیدا یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی کوژران.
سەرەڕای ئەوەی بە هەزاران ئەرمەنی لەدوای کۆمەڵکوژییەکەی 1915 لەترسی ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستگیربکرێن، ناسنامەی خۆیان دەشاردەوە یاخود خۆیان بە تورک یان کورد لە قەڵەمدەدا، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا، بەشێک لە نەوەی نوێی ئەرمەنەکان لە باکووری کوردستان هەوڵیان داوە پارێزگاری لە ناسنامەی ئەرمەنی بوونی خۆیان بکەن.
تاوەکو ئێستاش 39 حکومەت و پەرلەمان کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان "بەجینۆساید" ناساندووە و "گرنگترین" ناساندنیش لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە بوو. ئەو هەنگاوە کێشەیەکی دیپلۆماسی گەورەی لەنێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا دروستکرد.
کۆمەڵێک رێکخراوی جیهانییش کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان وەک "جینۆساید" ناساندووە وەک: نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجوومەنی ئەوروپا، ئەنجوومەنی کەنیسەی جیهانی و رێکخراوی مافی مرۆڤ.
لەسەر ئاستی کەسایەتییەکانیش، لە ساڵی 2007 دا 35 کەسایەتی براوەی خەڵاتی نۆبڵ، پێکەوە یاداشتێکیان واژۆکرد و کۆمەڵکوژییەکەیان بە "جینۆساید" ناساند.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق